نازم رەشید ستونی ٭
لە بارودۆخی ئێستای جیهاندا خەریكە گۆڕانكاری گەورە روودەدەن لە هندێ‌ شوێن و چەند وڵاتێك بەرەو جەنگ و لە هەندێ‌ وڵاتی تریش بەرەو ئاشتی هەنگاو دەنێن، جەنگ و ئاشتی لە نێوان وڵاتەكان بۆ بەرژەوەندی و بەدەستهێنانی دەستكەوتەكانە، وەك: شەڕی نێوان روسیا و ئۆكرانیا كە خەریكە بەرەو ساڵی دووەم هەنگاو دەنێت، ئەم شەڕە كاولكارییە بووەتە هۆی ئاوارەبوون و كاولكارییەكی زۆر و زیانی ئابووری و وزەیی بە خۆیان و وڵاتانی تری جیهان گەیاندووە.
هەروەها جموجۆڵی سەربازی لە نێوان وڵاتی چین و وڵاتی تایوان و هێنان و بردنی كەشتییە جەنگییەكان بۆ ناو دەریاكان و سەر سنووری یەكتری و(تەهدید) كردنی یەكتری.
لەلایەكی ترەوە موشەك باران كردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران لە سوریا لە لایەن ئیسرائیلەوە یان بەپێچەوانەوە هەناردنی موشەك بۆ ناو خاكی ئیسرائیل لە لایەن ئێرانەوە.
هەڵبژاردنەكانی كۆماری توركیا و ئەو گۆڕانكارییەی كە چاوەرێ‌ دەكرێت لەم وڵاتە رووبدەن لەدوای هەڵبژاردن.
ئەو گۆڕانكارییانەی کە لە ناو وڵاتە عەرەبییەكان روودەدەن وەك نزیك بوونەوە و بەرەو ئاشتی و پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان، ئاشتبوونەوەی هەندێ‌ لە وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ وڵاتی سوریا و دیسانەوە نزیك بوونەوە و بەرەو ئاشتبوونەوەی ئێران وعەرەبستانی سعودی كە ماوەی دە ساڵ زیاتردەبێت هەموو پەیوەندییەكانیان راگرتبوو و هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ یەكتری نەمابوو، ئێستا خەریكە بەناوبژیوانی وڵاتی چین بە چەندین كۆبوونەوە دەبنە دۆست و بەرژەوەندیی یەكتری دەپارێزن.
لەو گۆڕانكارییانەش كۆبوونەوەی ئەمنی وڵاتی عێراق و ئێران و بەستنی پەیماننامە بۆ پاراستنی سنوورەكانیان وهاتنی وەڤدێكی ئەمنی پایەبەرزی توركیا بۆ عێراق وگفتوگۆ كردن بۆ چارەسەری كێشەكانیان.
هەروەها دیدار و كۆبوونەوەكانی وەزیرانی دەرەوەی روسیا – توركیا – ئێران – سوریا لە مۆسكۆ و دانیشتن و دانوستاندن لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانیان و پاراستنی بەرژەوەندییان.
لە هەمووی گرنگتر سەبارەت بە گەلی كورد كۆتایی هاتنی پەیماننامەی لۆزان لە 24/7/2023 و بەپێی یاسای نێونەتەوەیی نابێت هیچ پەیماننامەیەك لە سەد 100ساڵ زیاتر بێت و پێویستە پەیماننامەیەكی تر لە جیاتی ببەسترێت، ئەوە خەریكە تەمەنی ئەم پەیماننامە شومەی دژی گەلی كورد رۆژە كۆتاییەكانی بەسەر دەچن و كۆتایی پێ‌ دێت.
كۆبوونەوەی مۆسكو، رێكکەوتنی دووبەدووی وڵاتانی دەوروبەرمان بۆپاراستنی سنورە دەستكردەكان و نەهێشتنی جموجۆڵی سەربازیی پارتە شورشگێرەكان، ئەمانە و زۆر شتی تری شاراوە و نهێنی نیشانەن بۆ جموجۆڵی نەیارەكانمان و بەستنی پەیماننامەیەكی تری شوم بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان و سنوورە دەستكردەكان.
لە بەرانبەر ئەم جموجۆڵانە ئێمەی گەلی كورد چیمان كردووە، بەرنامە و پڕۆگراممان چییە بۆ بەرپەرچدانەوە و پێكهاتن لەسەر بەرنامەیەكی هاوبەش بۆ پاراستنی ئەم كیانە و حكومەتی هەرێمی كوردستان. لە جیاتی یەكگرتن و دەست لە ناو دەست دانان واخەریكە چەپڵە بۆ نەیارەكانمان لێدەدەین و دژی بەرژەوەندیی ئەم قەوارەیە( حكومەتی هەرێمی كوردستان) كە بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهیدە دەوەستین، دەمانەوێت مێژووی خیانەت كردن دووبارە بكەینەوە لە جیاتی ئەوەی بە پشتگیری كردن هەموو هێزمان پاراستنی بێت، بەداخەوە دەچین لەدەرگای نەیارەكانمان دەدەین بۆ ئەوەی كێشە بۆ ئەم هەرێمە دروست بكەین و خۆمان و ئەم هەرێمە لە پێش چاوی دۆستەكانمان ناشیرین بكەین. پێویستە پێداچوونەوە لەهەڵسوكەوت و رابردوو و ئێستامان بكەینەوە و هەموو هێزمان بخەینەگەڕ بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانمان و خۆمان لە چوارچێوەی حكومەتێكی بەهێزی یەكگرتوو رێك بخەینەوە و ئامادەكاری بكەین بۆ گۆڕانكارییە هەرێمییەكان و دەست لە ناو دەست دابنێین ودژی هەموو پیلانەكانی نەیارەكانمان بوەستین .
تەنها چارەسەر و گەیشتن بە ئامانج و پاراستنی ئەم هەرێمە، یەكگرتنی هەموو هێزە سیاسییەكانە، ئەگەرنا دەبێت خۆمان ئامادە بكەین بۆ پەیماننامەیەكی تری شومی هاوشێوەی(لۆزان) كە لە لایەن دوژمنەكانمانەوە خەریكە نەخشەی بۆ دەكێشرێت و لەسەر مێزی گفتوگۆ بڕیاری لەسەر دەدەن. ئێمەی گەلی كوردیش خەریكی دووبەرەكی و پاراستنی بەرژەوەندیی تاكەكەسی و تاكە حزبین، لە جیاتی ئەوەی لە دەرگای یەكتر بدەین و بە گفتوگۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانمان بكەین دەچین دەرگای نەیارەكانمان دەدەین و كێشە بۆ ئەم هەرێمە دروستدەكەین بێ ئەوەی بزانین كە لەناوچوونی ئەم هەرێمە لەناوچوونی هەموومانە و كەس قازانجی لێ‌ ناكەت .
٭پارێزەری راوێژكار.