رۆشنا عەلی
لە هەرێمی كوردستان وەك هەر شوێنێكی ئەم جیهانە هەندێك ڕووداو لێرەولەوێ ڕوودەدەن، هەموو ئەو ڕووداوانەش ڕەهەندی یاسایی و هەندێجار و كۆمەڵایەتی و دەشێ پاشخانێكی سیاسییان هەبێت، بەڵام ئەوەی دواجار ئەم ڕووداوانە یەكلادەكاتەوە، یاسایە، ناشكرێت كەس لەسەرووی یاساوە بێت و هیچ كەسێكیش لە لێپرسینەوە و لێكۆڵینەوەی یاساییدا بەدەر نییە، بەڵام كاتێك مامەڵەی بەشێكی میدیای كوردی لەگەڵ ڕووداوەكان دەبینیت، یەكسەر ئەو پرسیارەت لەلا دروست دەبێت، كە بڵێیت ئەرێ میدیای كوردی بە دوای چییەوەیە؟!
بەر لەو كرانەوە خێرایەی جیهان و هاتنەئارای تەكنۆلۆژیای نوێ و دروستبوونی سۆشیال میدیا، كورد تەنیا تەلەفزیۆن و رادیۆ و رۆژنامە و گۆڤاری هەبوو، نە سایت و نە پەیجی ئەموئەوی نەبوو، هەرچەند هەندێك لەو گۆڤارو رۆژنامانەش كەسانێك لە پشتییانەوە بوون، كە تەنیا بە وردبین دەبینران، لەگەڵ ئەوەشدا مامەڵەكردنیان لەگەڵ واقیعدا زۆر لەوەی ئێستا باشتر بوو، زۆریش زیاتر هەستیان بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و پیشەیی و كۆمەڵایەتی دەكرد، بەڵام هەر دوای ئەم كرانەوە لەناكاو و نالەبارە، كە ئێمە هێشتا ئامادەسازیمان نەبوو، میدیا بە جۆرێك مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەكان دەكات هەم وتەبێژە و هەم تاوانبارە و هەم تاوانلێكراوە و هەم دادوەریشە.
بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوو لە چەندین دەزگای میدیایی جۆراوجۆر كارم كردووە، وەك تەلەفزیۆن و گۆڤارو رۆژنامەی هەفتانە، هەمیشە ئیتیك و بنەمای كاركردنمان ئەوەبووە، كە نابێت بۆچوونی تایبەتی ئامادەكاری راپۆرت و بەدواداچوونەكان تێكەڵاوی بابەتەكە بكرێت و هەرگیز نەبووین بە بەشێك لە ڕووداوەكان یاخود لایەنگیری لە تاوانلێكراو و تاوانبار، چونكە پێمانوابووە ئەركی ئێمە تەنیا گواستنەوەی ڕوواوەكانە، نەك دادوەریكردن و بڕیاردان، بەڵام بەداخەوە لەم سەردەمەی ئێستادا كە میدیای جۆراوجۆری نابەرپرس و میدیاكاری بێئاگا و سەیروسەمەرە ئەوەندە زۆر بووە، پیشەكە بەجۆرێك ناشیرین و لەكەدار بووە، كە دەكرێت ناوی تری لێ بنرێت، چونكە ئەركی میدیا پیشاندان و گواستنەوەی هەواڵ و ڕووداوە وەك ئەوەی كە هەیە، نەك ناشرینكردن یان جوانكردنی ڕووداوەكان و هاندان و لایەنگیریكردن، پێشموانییە هەموو ئەو ڕووداوانەی ئێستا لە كوردستان ڕوودەدەن هەموویان شایانی گواستنەوەبن، چونكە بەداخەوە ڕووداوگەلێك ڕوودەدەن كە ناكرێت میدیا بیكاتە ئاوێنەی شكاو و هەوێنی زیادكردنی هاووێنەكانی لە كۆمەڵگادا.
جگە لە هەموو ئەمانە لە ئێستای بەشێكی میدیای كوردیدا، زۆر دیاردەی خراپتریش دەبینین كە جێگای هەڵوەستە لەسەركردنە، بۆ نموونە هەواڵێك بە دەیان مانشێتی جیاواز و لە دەیان سایت و پەیجی فەیك بڵاودەكرێتەوە، كە تەنیا ئامانجی لایك و كۆمێنتە و شرۆڤەی جۆراوجۆری بۆ دەكرێت، پێش ئەوەی نە پۆلیس و نە دەزگا ئەمنییەكان و نە حكوومەت هیچ زانیارییەكی دابێت یان هیچ لێدوانێك لەبارەیەوە بڵاو كرابێتەوە.
دەستگیركردنی كەسێكی چالاكوان و ڕۆژنامەنووس بە تۆمەتی داڵدەدانی بكوژێك، هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ دەستگیركردنی شوفێرێك، كرێكارێك، فەرمانبەرێك و دوكاندارێك بە هەمان تۆمەت و تاوان، جیاوازی سەرپێچییەكی یاسای هاتوچۆ چییە ئەگەر ڕۆژنامەنووسێك یان بازرگانێك یاخود خودی ئەفسەرێكی هاتوچۆ ئەنجامی بدات.؟! تاوان و سەرپێچی هەركەسێك ئەنجامی بدات دەبێ باجەكەیشی بدات، ئیدی لە هەر پێگە و پلە و پۆستێكی فەرمی یان نافەرمی بێت، لە چەند ڕۆژی رابردوو نموونەی ئەو حاڵتە لە هەولێر بەدی كرا، ڕۆژنامەنووس و چالاكوانێكی مەدەنی، بە تۆمەتی داڵدەدانی تۆمەتبارێك و بە فەرمانی دادوەر لەناو ماڵەكەی خۆی دەستگیر كرا، ڕووداوێكی تەواو یاسایییە و ئاساییە لە هەر كات و شوێنێك ڕووبدات، بەڵام زۆرینەی میدیای كوردی كەوتنە تۆمەتبەخشینەوە و دەتوانم بڵێم كوفرێكی ئیعلامییش، هەمووان پێش ڕووداوەكان كەوتن، لە كاتێكدا هیچ ڕوونكردنەوەیەك نەدرابوو، سایت و پەیج و ئەكاونتەكانی سۆشیال میدیا بە دەیانجۆر كەیسەكەیان تاوتوێ دەكرد و هەریەكەیان لە ئاوازێك دەیخوێند، یەكێك دەیگوت ڕفێندرا، یەك دەیگوت كوژرا، تەنانەت كەسانی یاسایی هەبوون دەستیان بە لێدوانی سەیروسەمەرە كرد، دواتریش زۆری نەبرد و ئاسایشی هەولێر تەواوی چیرۆكی دەستگیركردنەكەی بە دەنگ و ڕەنگ بۆ ڕای گشتی بڵاو كردەوە، كە پێچەوانەی هەموو بۆچوون لێكدانەوە نادروستەكان بوو.
ئەمە و دەیان نموونەی لەم جۆرەمان هەیە، كە بەراستی وایكردووە بڵێین میدیای كوردی لە ئاژاوە و بێ سەروبەری و بەلاڕێدابردنی كەیسەكان و تەواوی كۆمەڵگاش دەگەڕێت، خۆ ئەگەر ئەم بێ سەروبەرییەی كە هەیە بەردەوام بێت، دەبێت چاوەڕێی لەمەش خراپتر بین، لایك و كۆمێنت و فۆڵۆی ئەم پەیج و ئەو سایت، خەریكە وردە وردە هەم ئەخلاقی كۆمەڵایەتی و هەم ئاسایشی نیشتمانی بە جۆرێكی خراپ دەخاتە مەترسییەوە.