خەبات: عادل قادری:- کلیل وشەکان: خوێنەر، دەق، نووسەر، هێزی پیرۆز )قودسی)، راڤەرلەم یادداشتەدا هەوڵ دەدرێت سەربوردەی شکڵگیریی و دروستبوونی خوێنەری کورد بەشێوەی گشتی ئاوڕی لێبدرێتەوە و ئاماژە بەو هێز و ڕەهەندانە بدرێت کە لەمپەرن لەبەردەم خوێندنەوە و ڕاڤەی دەق و خوێنەر لە ئاستێکی نزم و ناداهێنەرانەدا دەهێڵنەوە.

باسکردن لە خوێنەری کورد بەدەر نییە لە لێکدانەوە و شەنوکەوکردنی ئەو بەستێن و بوارە مێژوویی، کۆمەڵایەتی، کەلتووریی و ڕامیارییەش کە هەل و مەودای دەرکەوتنی خوێنەر و فەزای ململانێی دروستبوونی چییەتی(ماهییەت) خوێنەرمان بۆ ڕوون دەکەنەوە. پێگە و واتای خوێنەر لە پێوەندی لەگەڵ دوو کۆڵەکە و ڕەهەندیتر واتە “دەق” و “نووسەر”دا دیاری دەکرێت. واتە هەر جۆرە باسکردن لە خوێنەری کورد (بەتایبەتی لە پانتای دەقە نوێ و مۆدێڕنەکان) بەبێ باسکردن لە نووسەر و چییەتی نووسین و گەڕان و پشکنین بۆ دەق و واتا و ڕەهەند و چییەتی، نەکردە و لاواز و هەڵەیە. بەمانایەکی تر باسکردنی هەر کام لەم لایەن و “بوون”انە بەشێوەی ناڤرەیی١ و جوداواز و لێکبڕاو دروست نییە چونکوو مێژوو و زەمەن و تەنانەت ڕەنگە چرکەساتی دەرکەوتنی هەر کام لەم سێ کوچکەیە لەڕووی تیۆرییەوە بەبێ وێناکردنیان بەشێوەی کۆیی دەچێتە خانەی ئەستێرە لەئاودا ژماردن٢ کە تەنها لایەن و ڕەهەندێکمان زیاتر بۆ زەق دەکاتەوە. بۆ نەکەوتن لە وەها هەڵە و داوێکی تیۆریکییەوە دەشێت مێژووی سەرهەڵدان و باڵاکردن و ماهییەت وەرگرتنی خوێنەر لە پێوەندی لەگەڵ دوو کۆڵەکەی تر واتە “دەق” و “نووسەر” دا بخەینە بەر باس.

کەواتە هێڵی گێڕانه‌وه‌ی ئەم نووسینە بەناو سێ کوچکە و بنەمادا کە هاوکێشەیەکی سێ گۆشەیی پێک دێنن تێدەپەڕێت و لە دواجاردا بارودۆخ و ئاست و ماهییەتی خوێنەر لە پێوەندی ئەم سێ بنەمایە واتە دەق، نووسەر و خوێنەر هەڵدەهێنجرێت. خوێنەر لەناو کۆمەڵگای کوردیدا چارەنووس و شوناسی بەند بووە بە دەقێکی گەورەی ئاسمانی واتە قورئانی “پیرۆز”! هەبوونی لەمێژینەی ئاوەها دەقێک لەکۆمەڵگایەکدا کە تا سەر ئێسقان نەخوێندەوار و نەریتپەرەست و تابۆتەوەر ((بووە))، بواری وەهای بە دەرکەوتن و سەرهەڵدانی ئیرادە و توانستێکی بکەرانە (فاعلانە) چ لە قەوارەی نووسەردا بێت کە ئەنجام و بەرهەمەکەی دەق بێت یان چ لە قەوارەی خوێنەردا بێت کە هەمدیس ئەنجام و بەرهەمەکەی دەشێت دەق یان شرۆڤەی دەق بێت، نه‌داوه‌ بۆیه‌ باشتر وایە بڵێم کە لێرەدا بوونی خوێنەر لە گەشەپێدان و کەڵەگەتکردنی جیهانی دەقدا ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕێت. هەر وەک دەبینرێت بوونی ئەم سێ کوچکەیە بەناو و لەناو چەق و هەناوی یەکدیدا چەکەرە دەکەن و دەبزوێن و دەکرێ بەگشتی و لەژێر ناوی دەستەواژەی “هاوبوون” کۆیان کەمەوە، چون بوونیان بەبێ یه‌کدی ناپۆڕێت یان مانا و ڕۆڵێکی ناتەواو و نیوەچڵی هەیە.

دەسەڵات و هەیمەنەی ئاوەها دەقێکی پیرۆز تەنها خوێنەران و ڕاڤەکارانێکی قودسی و پیرۆزی دەویست لە جنس و توخمی دەق! بن! وردەوردە بەتێپەڕینی کات خوێنەرانی ئەم دەقە پێگە و جێگەیەکیان بۆ خۆیان پێناسە و دەستەبەر کرد کە هەڵوێست و ئاخافتن و لێدوانیان شەبەنگی پیرۆزایی دەقی گەورەی پیرۆزی، تێدا دەبریسکایەوە و لە ژێر ناوی مەلا، سۆفی، و موجتەهید هەوڵیان دا هەموو ئەگەرەکان و شیمانەکانی بوون و ئامادەیی خوێنەر بۆ خۆیان قۆرخ بکەنەوە و هەبوون بە خوێنەر و ئەنجامدانی کردەی “خوێندنەوە” و “ڕاڤە” و بەگوێرەی ئەوەش بەرهەمئانینی چەشنێک لە مانایان یاسامەند و پڕمەرج کرد و دواتر بانگەواز و خوتبەدانیان لەژێر تیشک و بەئاراستەی شەبەنگی کتێبی پیرۆز بە کارێکی تایبەت بە خۆیان و ئەرکێکی پیرۆز جێ خست.

هەموومان لەیادەوەری نە فرە دوور و نە فرە نێزیکمان دەسەڵاتی مەلا و شێخەکانمان لە بیرە کە بەهۆی هەبوونی “ئەو شەبەنگە پیرۆزە”وەکوو (خوێنەران/ ڕاڤەکارانی دەقی پیرۆز) هەرێمی مانایی شێخانە و مەلایانەیان لە دێکان و گوندەکان و قەوارە نەخوێندەوار و نەریتپەرەستە بچووک و گەورەکان مسۆگەر دەکرد. هەبوونی ئاوەها هاوکێشەیەک تاک و گرووپەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی لە بارودۆخێکدا ڕاهێنا کە لانیکەم تا قۆناغێک قبووڵی ئەمە بکەن کە خوێندن و راڤەکردن و ئەنجامی ئەرکی خوێنەرایەتی لە چوارچێوەی بوون و کردەوەی ئەوان وەکوو ئینسانی ئاسایی و ناپیرۆزدا نییە و تەنها تاقمێکی تایبەتی پیرۆز کە پێوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەو سەرچاوە قودسییەدا هەیە بۆیان هەیە بڵێن دەق چی وتووە و چی دەڵێت! تا ئێرە هاوکێشەیەک درووست بووە کە خوێنەر بە دوو بەش و لایەنی پیرۆز و ناپیرۆز پۆلین بەندی کراوە. واتە لە ڕەوتێکی مێژوویی تایبەت و لە هەڵوێستێکی تایبەت لەسەر ئاوەها دەقێکدا تەنها یەک دەستە خوێنەری ڕاستەقینە بوونی هەبووە و ئەویش خوێنەری پیرۆزە کە ڕاڤەی پیرۆز لە دەقی پیرۆز بەرهەمدێنێت و بە شێوازێک هەوڵدەدات لەڕێگەی پیرۆزڕاگرتن و بە پیرۆزکردنی دەقی سەرچاوە و قودسی بنووسێت و بخوێنێته‌وه‌! لێرەدا ئەم خوێنەرە تەنها و تەنها خۆی بە خاوەنی ڕه‌وایی و مەشرووعییەت بۆ پێوەندی لەگەڵ ئاوەها دەقێکدا دەبینێت، و پردی پێوەندی نێوان ئەم دەقە پیرۆزە و ئاپۆرەیەک لە “بەردەنگان (خوێنەری هێزەکی، خوێنەری ئاسایی (ناپیرۆز)، خوێنەری شاراوە، ناخوێنەر و…)” ئەم خوێنەرە پیرۆزەیە کە بەحوکمی جەوهەری واتای “پیرۆز” و چەمکی”موقەدەس” هیچ شتێکی نوێ و تازە و داهێنراو لە دەقدا نابینێت و بواری بینین و دەرکەوتنیشی نادات.

بەشێک لەمەی کە ئەوان وەک خوێنەری پیرۆز پاسەوانانی واتا نەگۆڕەکانی دەقی پیرۆزن بۆ ئەوەیە کە تاقەمانایی و تاکەواتایی دەق خەوشی لێ نەکەوێت و ترس و دڵەڕاوکێی ئەوەی کە خوێنەرانێکی تازە بێنە سەر میحرابی دەق و مانای نوێی پێوە بلکێنن بەرەو ڕەهابوون و سەرپەڕپەرەستی دەیانجمێنێت؛ بۆیە تەنها بەرگری لە بوونی یەک تاقم خوێنەر کە پاسەوانی پیرۆزییە دەکات و باقی هەوڵ و ئیرادە ڕاڤەخواز و خوێندنه‌وه‌ تەوەرانەکانی تر بە ناپیرۆز و نابەجێ و “نەوزوهوور”دەزانێت. لێرەدایە کە تریبۆنی ڕاڤە و مانابینیی دەق تەنها بە مافی خۆی دەزانێ و تا ئەو شوێنەش لەتواناییاندا هەیە مەبەستیانە بوار نەدەن ڕاڤە و خوێندنەوە و مانادۆزیی لە ژێردەست و کۆنترۆڵیان بێتە دەرەوە. ئەم چیرۆکەی پیرۆزیی و دیکتاتۆرییەت و ڕەهاخوازی (موتڵەق گەرایی) و…ە دوور و درێژە و من ویستم بەشێک لەو ئەتومێسفرەی کە خوێنەر (تاک)ی کوردی تێدا هەڵخێزراوە نیگار بکەم و شوناس و ماهییەتی خوێنەر بە سانایی و ساکاریی ئامادە و لەبەردەست نەبینین و ئاگاداری چەند خاڵی زێڕین و پرسیاری بنەمایی بین:
١-خوێنەر بەگشتی و بەگوێرەی ئەوەش خوێنەری کورد خاوەن مێژوو و تەمەنە…مێژوویەک لە ناو ململانێی میحرابی قودسییەت و ناقودسییەت
٢-خوێنەری کورد لە دەمکوتگە و پیرۆزستانێک سەری وەدەر هێناوە کە دەشێت کاری زۆر لەسەر خۆی بکات بۆ گەیشتن بە ئازادی دال و هه‌ڵکۆڵینی مانا و لەوێشەوە ئەزموونێکی مۆدێڕن و جیهانگیر لە خوێندنه‌وه‌.
٣-خوێنەری کورد لە ڕووبەری ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبیدا کێشەدارترین و قەیرانمەندترین”بوون” و دەرکەوتەی بوونی کوردە
٤-وشیاریی خوێنەر ئەرکی چی یان کێیە؟ ئەرکی دەق یان نووسەرە؟ دەبێت لەسەر ئەم پرسیارانە کاری تیۆریک و کردەی تێڕامان بێتە ئەنجام
٥-خوێنەری کورد هەنووکە لە بارودۆخێکدا هەناسە هەڵدەکێشێت کە پۆست مۆدێڕنیزم و ترانس مۆدێڕنیزم دێتە بەرچاو و دەستی واتە لە دۆخێکی پڕقەرەباڵغ و حەشامات لە جیهانێک دەژی کە بە هۆی ڕووداوی جیهانگیرییەوە بە گوندی جیهانی ناوزڕاو بووگە
٦-خوێنەری کورد لە چ بارودۆخێکی مەعریفی و زانیاریانەدا دەژی؟
و…
ژێدەر و سەرچاوەکان:
1-ناڤرە:دوورگە
2-واتە کارێک کە بە نیوەچڵی و ناتەواوی ئەنجام دەخوات.