خەبات: رۆشنا عەلی:- ڕژێمی دیكتاتۆری پێشووی عیراق تاوانی زۆری بەرامبەر بە گەلی كورد كردووە، كە زۆربەی تاوانەكانیش بەپێی پێوەرە یاسایی و نێودەوڵەتییەكان دەچنە چوارچێوەی كۆمەڵكوژیی و جینۆساید، ئەگەرچی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تەواوی ئاگاداری ئەم كۆمەڵكوژییەی گەلی كوردە، بەڵام بۆ بە جینۆسایدناساندنی هەموو ئەم كەیسانە تا ئێستا بێدەنگی هەڵبژاردووە. رۆژنامەی خەبات دیمانەیەكی تایبەتی لەگەڵ گریگۆری ستانتن دامەزرێنەرو سەرۆكی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی جینۆساید وۆچ ساز كردووە و لەم دیمانەیەدا ناوبراو وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگ دەداتەوە:
سەرەتا دەربارەی ئەوەی كە ئایا لەو كەیسانەی تا ئێستا بۆ ئەوان وەك رێكخراوی جینۆساید وۆچ و وەك نەتەوە یەكگرتووەكانیش یەكلا بوونەتەوە كە جینۆسایدە، كامانەن ؟ گریگۆری گوتی: یەكێك لە كەیسەكان كەیسی كەمبۆدیا بوو، كە دوو ملیۆن كەسی تێدا كوژراوە، ئەوە یەكێكە لەو كەیسانەی كە تەواو ناسراوە بەوەی جینۆسایدە، من وەك خۆم لەوێ دەژیام كاتێك كە گەڕامەوە ئەمریكا لەگەڵ هاوسەرەكەم بڕیارماندا كار لەسەر جینۆساید بكەین، دەستمان بەكار كرد و چەند ساڵێكی پێچوو تا توانرا دەست بە دادگاییكردن لەسەر كەیسەكە بكرێت. دووەمیش كەیسی جینۆساید لە ڕواندا بوو لە ئەفریقیا لە ساڵی 1988 -1989، من ئەوكات لە ڕواندا بووم و لە بواری یاسا كارم دەكرد، هەستم كرد كە جینۆساید ڕوودەدات، چونكە هەموو ئاماژەكان ئەوەی نیشانم دەدا كە جینۆساید ڕوودەدات، بۆیە چوومە لای سەرۆكی وڵات و پێمگوت ئەگەر ئاگادار نەبیت و كاری لەسەر نەكەیت لە پێنچ ساڵی داهاتوو جینۆساید ڕوودەدات، بەڵام پێیخۆش نەبوو گوێی لەم قسەیەی من بێت، چونكە خۆی دەیزانی ئەوە ڕوودەدات، بۆیە لەساڵی 1994 كە گەڕامەوە ئەمریكا پێیانگوتم كە دەبێت بە تایبەت لەسەر ئەو كەیسە كار بكەم، لەبەر ئەوە بڕیارماندا بگەرێینەوە بۆ ڕواندا لەگەڵ بەشی جینۆساید لە ئەمریكا و ڕێكخراوێك دروست بكەین و كارمان كرد، من خۆم ڕاپۆرتەكەم بۆ یوئێن نووسی و ئەنجامەكەی یەكلا كرایەوە، كە جینۆسایدە، لەم كەیسە یەك ملیۆن كەس كوژرابوون.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، كە لە ساڵی 2009 كاتێك هاتی بۆ كوردستان و ئاگاداری هەموو ئەو كەیسانەی كە لە كوردستان ڕوویانداوە ئایا هەموویان دەچنە چوارچێوەی جینۆسایدەوە؟ گریگۆری لەمبارەیەوە گوتی: بەڵێ بە دڵنیاییەوە، من لەو باوەڕەدام لە كوردستان شەش كەیسی جینۆساید هەیە.
كەواتە بۆچی هیچ كام لەمانە یەكلانەبوونەتەوە و هۆكار چییە؟ ئایا سەركردایەتی كورد بە هەڵە كاری لەسەر كردووە یان كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نایەوێت بڵێت ئەمە جینۆسایدە؟ گریگۆری ستانتن دەڵێت: لە ساڵی 1988 لە ڕواندا بووم و لە كۆنفڕانسێكی گەورەدا باسم لەوە كردووە، كە ئەنفال جینۆسایدە و دەبێت كەسانی پشت ئەم كارەساتە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێت.
گریگۆری ستاتن گوتیشی: زۆرێك لەوانەی وەك من كاردەكەن و پڕۆفیسۆرن لەم بوارەدا، هاوڕان لەگەڵ من، جگە لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە ئەوانیش گوتوویانە ئەنفال جینۆسایدە، بەڵام ئێمە دەڵێین كە جینۆسایدە و بە فەرمیش گوتراوە، زۆربەی پەلەمانتارانی جیهانیش لەسەر ئەوە هاوڕان، بەڵام نەتەوە یەكگرتووەكان دانیان بەهیچ كەیسێكدا نەناوە، جگە لە هۆڵۆكۆست و كەیسی ڕواندا لەساڵی 1994، جگە لەوە زۆربەی كەیسەكانی تر بە جینۆساید نەناسێنراون، بۆیە ئەركی ئێمە ئەوەیە كاری زۆر بكەین بۆ ئەوەی بە جینۆساید بناسێنرێن، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بە ئاسانی بە كەیسێك ناڵین جینۆساید، چونكە ئەمە بابەتێكی زۆر گەورەیە و دەبێت لە هەموو ڕوویەكەوە تەواو بێت و هەموو لایەنەكانی جینۆساید بێت و بەڵگەكانی سەلمێنەری كردەی جینۆساید بێـت، بۆ نموونە بابەتی داعش یوئێن نەیدەویست دانی پێدا بنێت، كە جینۆسایدە، هەتا ئێمە و چەند هاوكارێكم گرووپێكمان دروستكرد بەناوی ئیشكەرەكانی بواری جینۆساید، ڕاپۆرتێكمان نووسی لە ساڵی 2016 جەختمان كردەوە، كە دەبێت ئەمە جینۆساید بێت، ئەمە گوشاری لە جۆن كیری كرد، كە ئەوە رابگەیەنێت و دان بەوەدا بنێت كە بابەتی داعش جینۆسایدە، یەكێكە لەو كەیسانەی لە كوردستان و عێراق روویداوە بەرامبەر هەموو پێكهاتەكانی وەك ئێزدی و كریستیان و شیعە یەكلابۆتەوە كە جینۆسایدە، بەڵام دوای كاری زۆر و گوشارێكی زۆر ئەم بڕیارە درا.
گوتت شەش كەیس لە كوردستان جینۆسایدە، بەڵام لەمێژووی كورد زۆر زیاتر لەم كەیسانە هەیە، بە بۆچوونی ئێوە كامانەن كاریگەرترینی ئەو كەیسانە ؟ گریگۆری ستاتن دەڵێت: بەڵێ ڕاستە، یەكێك لەوانە كەیسی بارزانییەكان جینۆسایدە كە 8000 پیاوی بارزانی لە ساڵی 1983 براون و كوژراون، هەروەها كەیسی فەیلییەكان، كە لە نێوان شەڕی عێراق و ئێران ڕوویدا و بە جینۆساید ناسراوە، كەیسی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و ئەنفال، بابەتی مەسیحییەكان كە سەد هەزار مەسیحی بوون ئەوەش هەر دەچێتە چوارچێوەی جینۆساید و من باوەڕم وایە هەتا ئێستاش جینۆساید دەكرێن، چونكە ناتوانن بچنەوە شوێنەكانی خۆیان لەبەر ئەوەی حەشدی شەعبی لێیە و سەقامگیری نییە، ئەمە پێیدەگوترێت ڕاگواستنی بەزۆر، خەڵك شوێنەكانی خۆیان بە جێبهێڵن لەبەر ئەوەی سەقامگیری تێدا نییە .ئێمە لە ڕێكخراوی جینۆساید وۆچ زۆر كۆبوونەوە لەسەر ئەوە دەكەین و لەو باوەڕەداین جینۆسایدێكی تر لە عیراق ڕوودەدات، بۆ نموونە ئەگەر شەڕێك لە نێوان شیعە و سوننە رووبدات ئەمەش كەیسی جینۆسایدە.
دەربارەی ئەوەی ئێمە وەك كورد ئەگەر بمانەوێت هەموو كەیسەكانمان لەژێر ناوی كەیسی جینۆسایدی كورد كۆبكەینەوە و وەك ئەوەی ڕواندا بە جینۆساید بناسێنرێت، دەبێت چی بكەین و چۆن كاری بۆ بكەین ؟ گریگۆری لەمبارەیەوە گوتی: ئێمە راپۆرتەكەمان بە ناوی (جینۆسایدی كورد) نووسیووە، كە خۆم سەرپەرشتی ئەو راپۆرتە دەكەم.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەیش كە ئایا ئێوە تێبینی دەكەن هێشتا مەترسی لە عیراق هەیە و توركیا لەلایەك و ئێرانیش ناڕاستەوخۆ عیراق بەڕێوە دەبات، بە بۆچوونی ئێوە بۆچی ئەمریكا هەڵوێستێكی ڕوونی نییە؟ گریگۆری ستانتن گوتی: ئەوەی ئێمە زۆر لێی دوودڵین توركیایە، كە هێرش دەكاتە سەر سوریا و عیراق و لە عەفرین خەڵك ڕادەگوازێت، ئەمە جینۆسایدە، ئێمە كەمپەینێك دەكەین بۆ ئەوەی گوشار لە حكوومەتی خۆمان بكەین، كە توركیا بوەستێنن. لە سەردەمی سەرۆكایەتی ترەمپ ئەمریكا ویستی هەموو هێزەكانی لە سوریا بێنێتە دەرەوە، بەڵام سوپاس بۆ خوا كە نەیتوانی و ئەمە ڕووی نەدا، لەبەر ئەوەی ئێمە بەردەوام ئاگادارمان دەكردنەوە، ئەگەر ئەمریكا لەوێ نەمێنێت، وڵاتەكە وێران دەبێت.
دەربارەی ئەوەی ئەگەر ئەم كەیسانەی كورد بە جینۆساید یەكلابێتەوە، كاردانەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چی دەبێـت و ئەو ئیمتیازە چییە كە كورد لە بەرامبەردا بەدەستی دەهێنێت؟ گریگۆری لەمبارەیەوە گوتی: ئەوان زۆر بە قورسی ناوی بابەتێك یان كەیسێك دەنێن جینۆساید، یوئێنیش وا بیر ناكاتەوە، كە دەبێت ئەم بڕیارە بدرێت، لەبەرئەوەش بوو ئێمە زۆر گوشارمان كرد كە ئۆفیسێك لە یوئێن دروست بكرێت، ئەوەبوو لە ساڵی 2004 بە گوشاری ئێمە دامەزرا، بەڵام ناتوانن بڕیار بدەن و هیچ كەیسێك یەكلابكەنەوە، ئەوەی دەتوانێ سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكانە، بەڵام ئەمەش كارێكی باشە كە ئۆفیسێكمان هەیە، ئەگەرچی كارەكانی بە تەواوی ناكات و بڕیار بەدەست نییە، بۆیە بەردەوام پێویستیمان بە گرووپی زیاترە بۆ كاری جینۆساید.
سەبارەت بەوەی بەپێی ئەوەی ئەوان باسی دەكەن، ئێمە وەك كورد دەبێت ئیش نەكەین و چاوەرێی بڕیاربین، بۆ ئەوەی ئەو بڕیارەش بدرێت ئەگەر كارێك لەسەر ئێمە بێت بیكەین چییە؟ ئەو لەمبارەیەوە گوتی: ئێمە وەك رێكخراوێكی جیهانیی هەموو شتێك دەكەین، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە كوردەوە هەیە، یەكەم شت دەبێت چەند كۆنفرانسێكی گەورە بكەن و ئەو خەڵكانەی میوانن خەڵكانی نێودەوڵەتی بن، دووەم دەبێـت لە پایتەخت یان شارەكانی تر مۆزەخانەیەكی گەورە هەبێت بۆ ئەم كەیسانە، ئەمە وا لە خەڵكانی بیانی دەكات پێی كاریگەربن، هۆڵۆكۆست لە واشنتۆن مۆزەخانەیەكی زۆر گەورەیان هەیە، كە منداڵ لە قوتابخانەوە دەبرێن و هەموو كەسێك دەزانێت هۆڵۆكۆست چییە و هەرگیز لەبیریان ناچێتەوە، بۆ نموونە لە هەولێر ناتوانیت مۆزەخانەیەكی وا ببینیت كە خەڵك بێتە سەردانی، هەروەهاش دەبێت رۆژێك هەبێت تایبەت بە جینۆسایدی كورد.
دەربارەی ئەوەی ساڵی 2009 هاتووی بۆ كوردستان و ئێستا جارێكی دیكە سەردانت كردووە، تا چەند هەست بە گۆڕانكاری دەكەیت لە رووی ئاوەدانی و كرانەوەی كۆمەڵگە؟ گریگۆری ستانتین دەڵێت: بەڵێ، زۆر سەرنجڕاكێشە، ئێستا زۆر خۆشە و زۆر زیاتر لەو كاتە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، پێموایە زۆر خزمەت بە شارەكە دەكرێـت، زۆر دیار و بەرچاوە كە ئێرە وەك وڵاتێكی نەوتیی ئاوەدانە و پارەی نەوت خزمەتی شارەكەی پێكراوە، ئەوە سەرنجی راكێشاوم، ئەگەر زۆر راستگۆیانە قسە بكەم لەو باوەڕەدام كوردستان دەبێت سەربەخۆ بێت، بەڵام مادام سەربەخۆ بوون شەڕی لێ دەكەوێتەوە باشتروایە تەنیا كار بۆ ئەوە بكەن بە ئاسانی و بەبێ شەڕ پێی بگەن، چونكە كوردستان دەبێت بە وڵاتێكی جیاواز زۆریش حەز دەكەم هەولێر پایتەختی ئەو وڵاتە سەربەخۆیە بێت. یەكێك لەو شتانەی زۆر لام گرنگەو جێگای سەرنجە پێكەوە ژیانی فرە نەتەوە و فرە ئایینەكانە، ئێرە نموونەی ئەمریكایە ئێمەش لە ئەمریكا قۆناغی زۆر خراپمان تێپەڕاندووە.
پرۆفیسۆر گریگۆری ستانتن بۆ خەبات دەدوێ