سەردار حوسێن
لەگەڵ هاوكارانم ڕۆشنا عەلی و هاوار مورتكەیی لە خوولێكی تایبەت بە مافی مرۆڤ و چۆنییەتی مامەڵەكردنی هێزە ئەمنییەكان لەگەڵ رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی مەدەنی، بەشدار بووین، كە چەند دادوەرێكی بەڕێز و لێكۆڵەرەوەی دادی و ژمارەیەك لە ئەفسەرانی پۆلیس و ئاسایش حزووریان هەبوو. لەوێ گوتم: میدیای كوردی ئەگەر نەبووبێتە میدیایەكی فەوزەوی، بە دڵنیاییەوە بەرەو فەوزەویبوون دەچێت و لە نزیكترین دەرفەتیش هەوڵی دروستكردنی فەوزا دەدات، نەك ئاراستەكردن و دروستكرنی ڕای گشتی.

ئەو قسەیەی من جێگەی سەرنجی ئامادەبووان و راهێنەرە نێودەوڵەتییەكەش بوو، ئاخر خۆشیش نەبوو، منێك كە زیاتر لە نیوەی تەمەنم لەنێو كاری رۆژنامەوانی بەڕێكردووە، وەها وەسفی پیشەكەی خۆم بكەم، بەڵام حەقیقەت ئەگەرچی تاڵیش بێت، ناكرێ نكۆڵی لێ بكرێت و بەڵێ میدیای كوردی لە فەوزایەكی خراپدایە، ئەگەریش ڕێگری لێ نەكرێت، بەرەو خراپ و خراپتریش دەچێت و دواجاریش ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە.

ئەمڕۆ عەلی سیاسی لە هەولێر بە تۆمەتی داڵدەدانی بكوژێك دەستگیر كراوە، “ئەو بەڕێزە پێشتر كاری رۆژنامەوانی كردووە و هەندێجاریش وەك چالاكوانی مەدەنی خۆی ناساندووە”، بەڵام میدیای كوردی و هەندێك پارێزەر و پیاوی یاسا، هەر زوو كەوتنە تۆمەتبەخشینەوە و دەستگیركردنی ناوبراویان بە (ڕفێندراو) ناویانبرد، كەچی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، ئەم ئێوارەیە دانپیانان و كات و شوێنی دەستگیركردنی بكوژەكە و داڵدەدەرەكەی بە دەنگ و ڕەنگ بڵاوكردەوە.

لایەنە یاساییەكەی ئەم ڕووداوە، پیشەی من نییە و بۆم نییە قسەشی لەسەر بكەم، بەڵام ئەوەی بەلای منەوە جێگەی ئەسەفە، هاوپیشەكانی خۆمن، كە نازانم كێ پێیگوتوون بڕۆن ببنە میدیاكار و بە چ پێوەرێكیش كاری رۆژنامەوانی دەكەن.؟! گوتمان پێشبڕكێ لەسەر دەستكەوتنی زانیاری و بڵاوكردنەوەی هەواڵ كارێكی مەشروعە، بەڵام تۆمەتبەخشینەوە و تەشهیر و ناوزڕاندن بە دامەزراوەیەكی یاسایی و فەرمی، لە كوێی یاسای كاری رۆژنامەگەریی و بە كام عورف و ئیتیكی رۆژنامەوانی هەژمار دەكرێ..؟!

ئەها بیرم كەوتەوە، هەر لەم خوولەی باسمكرد، ئەوەشمگوت: ئەگەر بەدواداچوون و لێپرسینەوەیی یاسایی بەرانبەر رۆژنامەنووسان بگیرێتەبەر، هیچ دادگایەك بەرگەی ئەو هەموو سەرپێچییەی رۆژنامەنووس و میدیاكاران ناگرێت و ئەو حەفت هەشت هەزار كەسەی ئابوونە دەدەنە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، زیاتر لە نیوەیان لە زیندان دەبوون.!