
لە راگەیەندراوێكدا ئاسایشی هەولێر، ئاشكرای دەكات كە تۆمەتبارێكی دیكەی ئەو كەیسەیان دەستگیر كردووە كە لە چەند رۆژی رابردوو ڤیدیۆیەك بڵاو بووەوە تیایدا دەردەكەوێت بە چەند كەسێك هێرش دەكەنە سەر هاووڵاتییەك لە شاری هەولێر و ئازاری دەدەن.
ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەندراوێكی ئاسایشی هەولێرە:-
دوبەدوای ئەوەی رۆژی شەممە 15ی نیسانی 2023 هاووڵاتییەک لە شاری هەولێر لە پرێسکۆنفڕانسێکدا ئاشکرایکرد، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لە لایەن چەند کەسێکەوە هێرش کراوەتە سەری و لێیان داوە و هەڕەشەی کوشتنیان لێ کردووە، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەو بارەوە کرد ئەمڕۆ یەکشەممە تیمەکانمان توانییان تۆمەتباری دووەم بەناوی (ك) دەستگیر بکەن و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زیاتریش لەو بارەوە بەردەوامیی دەبێت.
هاووڵاتییانی بەڕێز و هاوشارییانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە، پاراستنی سەروماڵی هاوشارییان و ئاسایش و ئارامیی شاری هەولێر ئەرکێکە و بەزاندنیان لە لایەن هەرکەس و گرووپێکەوە بێت هێڵی سوورە و تۆمەتباران و تاوانباران لە هەر شوێنێک بن دەستگیر دەکرێن و ڕاپێچی بەردەم دادگایان دەکەین.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر
16ی نیسانی 2023