جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێی گوتووە، بەدوای چوارچێوەیەکەدا دەگەڕێن کە لە کۆبوونەوەی سێشەممەی داهاتوودا باسی بکەن بۆ ناردنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو دەستیپێکردنەوەی هەناردەی نەوت؛ دەشڵێت، سوودانی گوتوویەتی، لە دوو رۆژی داهاتوودا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، به‌ تۆڕی میدیایی رووداوی راگه‌یاندووه‌ ، ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە دەکەن و ئەگەر تاوەکو پاشیڤ رێکنەکەوتن، سبەی دووشەممە بەردەوامی بە کۆبوونەوەکە دەدەن.

شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، حکومەتی عێراق گوتوویەتی چاوەڕوانی وەڵامی تورکیا بوون بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئێستا تورکیا وەڵامی داوەتەوە و سوودانی گوتوویەتی: “تێگەیشتن دروستبووە و لەماوەی ئەم دوو رۆژەدا نەوتەکە هەناردە دەکرێتەوە”.