عەباس غەزالی
وەک لە لای خۆیی و بیانیان بە ڕوونی دیارە کوردستان خاوەنی کەلتوورێکی ڕیشەداری مێژوویی پێکەوەژیانە. ئەم کەلتوورە بەهێزە لە شار و گوندەکانی کوردستان بە جوانی دەبینرێت. بۆ نموونە، لە گوندەکی کوردستان مزگەوت و کنێسە جیرانن و هەروەها یەهوودی لەگەڵ کوردی موسڵمان ساڵەهای ساڵ بە تەبایی ژیاوە و تەنانەت بازەرگانییان پێکەوە کردووە. لە سەر بناغەی ئەم کەلتوورە، هەموو پێکهاتە و نەتەوەیەک خاکی کوردستان بە ماڵی ئەهوەنی خۆی دەزانێت. ئەوەی لێرەدا گرینگە ئەوەیە کە ئەم کەلتوورە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهێزتریش کراوە و بەپێی یاسای ژمارە (5)ی ساڵی 2014 لە پەرلەمانی کوردستان ئەم کەلتوورە بە یاسا بەهێز کراوە. بەم ئەزموون و کردەوەیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هەموو مافێکی پێکهاتەکانی کوردستان هەوڵی جدی بە بێ جیاکاریی بدات.

ئەوەی لێردا شایانی باسە ئەوەیە کە حکوومەتە بیانی و داگیرکەرەکان لە کوردستان بۆ ئەوەی بەسەر ئەم خاکەدا زاڵ بن هەمیشە ویستوویانە بە ناوی ئایین و مەزهەب کێشە لە نێوان ئەو پێکهاتانەدا دروست بکەن، بەڵام جگە لەوەی کەلتووری ڕەسەنی کوردی بەسەر سیاسەتی نامرۆڤانی ئەواندا سەرکەوت، بە پێچەوانەی ئەو دەسەڵاتە داگیرکەرانە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە حکوومەتی خەڵکە نەک هەر درزێک لە نێوان پێکهاتەکاندا دروست ناکات بەڵکوو دەبێتە پردێکی پەیوەندی لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کوردستان و تەنانەت ناوچەکەش. بە جۆرێک کە لە شەڕی داعشدا کورد پەرستگاکانی ئێزیدیانی دەپاراست و بە دەستی پێشمەرگەی کورد خاچی مەسیحییەکان لە سەر کەنیسە دانرایەوە. ئەمەش ڕیشەی لە ناو فەرهەنگی ڕەسەنی کوردەواری دایە. لە بەرانبەردا پێکهاتەکانی کوردستانیش جگە لەوەی باوەڕیان بە مافی ڕەوای کورد هەیە تەنانەت لە پێناو خەباتی ڕەوای گەلی کورد بوونەتە هاوسەنگەری پێشمەرگە و لەو ڕێبازەدا قوربانییان داوە.

ئەم کەلتوورە بۆ کوردستان و ناوچکە بە گشتی دەبێتە سەرمایەیەکی مەزنی مرۆڤایەتی. لە ناو ئەم کەلتوورە بەرزەدا ئاشتی و ئازادی و دێموکراسی و دادپەروەری و پێشکەوتن دێتە دی. تەنانەت ئەم کەلتوورە دەبێتە تابلۆیەکی درەوشاوەی دێموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هیوادارین بە چاولێکردن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەموو وڵاتانی فرەپێکهاتەی ناوچەکەدا پێکەوەژیانی ئاشتییانە و مافی پێکهاتەکان و مافی خەڵکی خۆجێیی ببێتە یاسایەکی بەهێز بۆ ئەوەی لە هەموو ناوچەکەدا زەمینەی پێشکەوتن هەمواربێت.

ئەم بابەتە ئەم ساڵ جیاوازترە لەچاو ساڵانی ڕابردوو و زەمەن وێنەیەکی جوانی کێشاوە کە جێی سەرنجە؛ ئەمساڵ ڕێککەوتی ڕۆژ و کات بە جۆرێک سەرنج ڕاکێش بووە کە دوو جەژنی نەتەوەیی وەک جەژنی نەورۆز و بۆنەکانی بەهارە و جەژنی ئایینی وەک جەژنی ڕەمەزان، لە ماوەیەکی کەمدا دەگەنەوە یەکتر، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە کورد نە ڕیشەی ڕەسەنی خۆی لە بیر کردووە نە ئایینیش بە مەترسی دەزانێت. بەڵکوو هەردووکیانی بۆ وەدیهێنانی شادی و تەبایی لە قەڵەم داوە. لەوەش جوانتر جەژنی نەتەوەیی کوردان جگە لە جەژنی موسڵمانان لەگەڵ جەژنی ئایینەکانی دیکەشدا گەیشتوونەتەوە یەک.

جەژنی پێسەح (عید الفصح)ی ڕزگاریی یەهوودیان لە دەست فیرعەونەکان و جەژنی هەستانەوەی مەسیح و جەژنی ڕەمەزانی موسڵمانان و جەژنی چوارشەمە سوورە هەمووی لە ماوەیەکی کەم گەیشتۆتەوە یەکتر، لێرەدا وێڕای پێرۆزبایی لە هەموو ئایین و پێکهاتەکانی کوردستان، هیوادارین ئەم جەژنانە ببنە جەژنی شادی بەکۆمەڵ و بەرزبوونەوەی هەستی مرۆڤایەتی بە بێ جیاوازی، ئەم هەست و وشیارییە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ئاشتی و سەقامگیری، سەقامگیریش لە بەرژەوەندی هەموو لایەکە و هۆیەکە بۆ پێشکەوتنی بەردەوام، بۆیە پێویستە بڵێین جەژنی دڵخۆشکەر جەژنی ئاشتی و پێکەوەژیانی ئەو پێکهاتانەیە لە کوردستان، لێرەدا گرینگە ڕۆژێک لە کوردستان بە ناوی جەژنی پێکەوەژیان دیاری بکرێت بۆ ئەوەی کوردستان ببێتە هەوارێکی هاوبەش بۆ هەموو پێکهاتەکان.