كاروان کەریمخان
لە یادی خەمناکی کیمیاباران کردنی ناوچەکانی بالیسان و شێخ وەسان لە بەر خاک و خۆڵی گۆڕی ئەو شەهیدانەی کە بە گۆشت و خوێن بوونە چەپەر و سەنگەری پێشمەرگە سەری تەعزیم دادەنەوێنین. لە ڕووی شەرعییەتەوە، شەهیدبوونی خەڵکی بێ چەک لە پێناو سەربەستی و ژیانی ئازادانەدا مانای ئەوەیە کە خەڵک بە خوێن پەیمانی هاوسەنگەری و هاوئامانجی لەگەڵ پێشمەرگە واژۆ کرد، کەواتا حکوومەتی کوردستان و هێزی پێشمەرگە مەشرووعییەتی خۆیان لە ناو دڵی هاووڵاتیان وەرگرتووە.
لە ڕووی یاساییەوە، ئێمە بینیمان کە عێراق بیانووی بەوە دەهێناوە کە هەڵەبجە وەک شارێکی سنووری لە دەرئەنجامی شەڕی دەرەکی تووشی کیمیاباران بووە بەڵام ئەمە بیانوویەک بوو بۆ جێبەجێ کردنی دڕەندەترین قۆناغی ئەنفالی کورد لە هەڵەبجە و شکاندنی کورد. لە هەمان کاتدا بادینان، بالیسان و شێخ وەسان بێ ئەوەی لە سنووری شەڕ نزیک بن و هیچ هێزێکی بیانی لێبێ کەچی ئەو ناوچانەش کیمیاباران و ئەنفال کران. ئەمە باشترین بەڵگەیە کە هەڵەبجەش هەر بە مەبەستی پاکتاوکردنی نەژادی کورد کیمیاباران کراوە.
لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە، ئەو شەهیدانەی کە، بێ ئەوەی پێشمەرگە بن و چەکیان پێبێت، بە خوێنی خۆیان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەڵێن جینۆسایدی کورد مافی قەرەبووئاسای گەرەکە. لە ڕاستیدا لە داهاتوودا مافی جیابوونەوەی چارەساز و مافی دیاری کردنی چارەنووس لە سەر خوێنی ئەوان بە شێوەی دەرەکیی دەبێتە پرسێکی ڕەوا. ڕاستە کورد بە هەموو شێوە و پێناسەیەک بە نەتەوە دادەنرێت و دەستووری عێراق کوردی بە نەتەوە داناوە و کۆماری کوردستان لە مەهاباد و هەبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وای کردووە کورد وەک نەتەوە لە قەڵەم بدرێت، بەڵام شان بەشانی ئەو مافە سروشتی و عەقڵانییە خوێنی ئەو شەهیدانەش لە چوارچێوەی جینۆسایدی کورد ئەو مافی نەتەوە بوونی کورد ڕەواتر دەکات.
لە ڕووی کەلتوورییەوە، وێڕای ئەوەی کورد بە چەکی کیماوی بۆمبەباران کرا بەڵام کورد وەک نەتەوەیەکی ئاشتیخواز جگە لە مافی مرۆیی و سروشتی خۆی هیچ داوایەکی دیکەی نییە و بە توندی چەکی قەدەغەکراو و کۆکوژانە ئیدانە دەکات. لە مێژووی کۆنیشدا ئەوە نەبینراوە کە کورد ڕم و تیری خۆی ژەهراوی کردبێت. لە کاتی خەباتی چەکدارانەش لە دژی دەوڵەتی داگیرکەری عێراقدا تووشی تاوانی جەنگی و مرۆیی نەبووە. لە شەڕی تیرۆریشدا هاوڕا لەگەڵ جیهانی پێشکەوتوو دژی تیرۆر قوربانی داوە. ئیستاش هیچ هەڕەشەیەکی بۆ سەر هیچ لایەن و وڵاتێک نییە و کەلتووری پێکەوەژیانی کردۆتە کەلتووری سیاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. بۆ نموونە شارێکی وەک شەقڵاوە، لە نزیک بالیسان و شێخ وەسان، بۆتە ناوچەی تەفریح و گەشتی خەڵکی عێراق و وڵاتانی دیکەی عەڕەبی.
لەم یادە سامناکەدا ئەو تاوان و تەوەحوشە وەبیر ئەوانە دێنینەوە کە دەڵێن کوردی ڕاپەڕیو مەیلی چوونە ناو باوەشی ئۆختاپووسی داگیرکەری هەیە. ئەوانەی پێیان وایە کە کورد دەیەوێ بگەڕێتەوە سەر عێراقێکی دەستکردی خاوەن نزمەکەلتووری تۆقاندن و تیرۆری دەوڵەتی و عێراقێک کە پارەی نەفتی کوردستانی بۆ کڕینی چەکی کیمیاوی لە دژی گەلی کورد بەکار دەهێنا، ئەوە نازانن کە کوردی خاوەن عێزەت و زانا نانی ڕەقی لە ئازادیدا پێ باشترە لە پڵاوی ناو زیندانی ژێردەستەیی. کورد دەیەوێ لە ئەتمۆسفێری سەربەخۆییدا بە مەبەستی گەشەسەندن زانستی کیمیایی و بیۆلۆژیکی بۆ خزمەت بە پێشکەوتنی کشتوکاڵ بەکار بێنێت نەک بچێتە ناو باوەشی کەلتووری داگیرکەرێک کە چەقووشی بۆ سەربڕین گەرەکە نەک بۆ میوە خواردن.
لە ساڵوەگەڕی کیمیاباران کردنی کوردستان پێشنیار دەکەین:
– ڕۆژی 16ی ئازار لە کوردستان بکرێتە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ چەکی کۆمەڵکۆژی کیمیایی و چەکی میکڕۆبی و بیۆلۆژیکی.
– گرینگە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووی یاساییەوە بە هەموو توانایەک هەوڵی ئەوە بدات جینۆسایدی کورد بکاتە شتێکی دان پێدانراو لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
– پێویستە لەسەر لێکەوتە جەستەیی و دەروونییەکانی چەکی کیمیایی لە سەر هاوڵاتیان و پاشەوەرانی قوربانیانی کیمیایی کاری جدی بکرێت.
– بە مەبەستی چەند ئامانجێکی فرەڕەهەندی پێویستە لە پڕۆژەیەکدا گشت ئاخاوتنەکانی پاشەوەرانی قوربانیانی کیمیا و ئەنفال دیکیۆمێنت بکرێت.
– پێویستە لە واری زانستی یاسای نێودەوڵەتی کاری زیاتر لە سەر کیمیاباران و ئەنفالی کوردستان بکرێت.
– پێویستە مۆزەخانەییەکی یادەوەری کیمیاباران و ئەنفالی ناوچەکانی بالیسان و شێخ وەسان دروست بکرێت.
– پێویستە لە ڕووی هونەرییەوە ئەم تاوانە پتر بخرێتە بەر چاوی جیهانیان.
– پێویستە ئەم ناوچانە، بە شێوەی تایبەتی خزمەتگوزارییان، بەپێی توانای حکوومەت، بۆ دیاری بکرێت.
* تایتڵی ئەم وتارە دروشمی پەنابەرە خۆپیشاندەرەکانی کورد بوو لە ورمێ لە ساڵی 1989.