ڕەوەند محەمەد جەمیل

لە هەنگاوێکى بوێرانەدا هەردوو سەرۆک وەزیرانى عێراق و هەرێمى کوردستان ڕۆژى سێشەممە ٤/٤/٢٠٢٣ ڕێککەوتنێکییان لەسەر پرسى نەفت و داهاتى ناوەخۆ مۆرکرد، کە پێموایە ئەم رێککەوتنە ئەوپەڕى جدییەت و بوێرى تێدایە و دەبێتە مایەى خێر و بوژانەوەى زیاترى تەواوى عێراق، لەهەمووشى گرنگتر تەواوى وڵات بەرەو ئاراستەى سەقامگیرى و متمانە دەچێت، دەکرێت ئەم متمانەیە ڕێککەوتنى دیکەشى لەدواوە بێت لەسەر کێشەى کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرە کوردییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، کە بەمەش ڕەنگە خەڵک و دانیشتوانى ناوچە کێشە لەسەرەکان بحەسێنەوە و چیتر تووشى گێچەڵى بەتاڵان بردنى خاکى کوردان نەبنەوە.

ئەگەر ئاوڕێکیش لە مێژووى ڕێککەوتنەکانى سەرکردایەتى سیاسى کوردستان و حکوومەتەکانى عێراق بدەینەوە ئەوا پێموایە کورد هەمیشە بەدڵسۆزییەوە ویستوویانە ڕۆڵیان هەبێت لە بنیادنانى عێراقێکى دیموکرات و پێشکەوتوو و دوور لە جەنگ و ئاشووب، بەڵام غڕووڕى دەسەڵات لە عێراق و خواستى تاکلایەنەى دەسەڵات وایکردووە زۆرجاران کورد ڕەشبینبن بەو شەراکەتەى کە پێشتر لەسەرى ڕیککەوتوونە.

ئەوەى ڕۆژی ٤ی نیسان دڵخۆشى کردم ئەوەبوو کە عێراقى ئێستا بەرەو دامەزراوەیى دەچێت و بەم شێوەیەش ڕەنگە لە داهاتوودا وڵاتانى درواسێى عێراق ڕەنگە چیتر لەمە زیاتر نەتوانن بەم شێوە ڕەهایە دەست بخەنە نێو کاروبارى عێراق. بۆیە دیسان دەیڵێمەوە ئەم ڕێککەوتنە ئەوپەڕى بوێرى بوو لەنێوان هەردوو سەرۆک وەزیرانى عێراقى فیدڕاڵ و هەرێمى کوردستان، بەپێچەوانەى ئەو دەنگانەى کە ڕەخنە دەگرن و دەڵێن دەسەڵاتى کوردى پەشیمان بۆوە لەم گفت و قسانەى پێشترى کە کردبووى، لەبەرئەوەى هەنگاوەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و دەرهێنانى نەفت و هەتا ڕیفڕاندۆمیش هەمووى پەرچەکرداربوو دژى ئەو پیلانانەى وڵاتانى درواسێ و ئەو فەرمانڕەوایانەى عێراق کە ئەجێنداى ئەم وڵاتانەیان دژ بە هەرێمى کوردستان پەیڕەو دەکرد، بەڵام خۆشبەختانە هەرێمى کوردستان توانی تائاستێکى باش تواناى ئەوەى هەبێت کە ڕووبەڕووى هەموو ئەم گێرەشێوێنیانە ببێتەوە وەک بڕینى بوودجە و جەنگى داعش و پەتاى کڕۆنا و.. بێگومان ئەم ڕەخنانەشى کە ئێستا لە سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەگیرێت بەگەڕانەوەى بۆ بەغدا، هەمان جۆر ڕەخنەش لە سەرۆک وەزیرانى عێراق دەگیرێت لەلایەن کەسایەتییە سیاسییە بەرهەڵستکارەکانى بەوەى ئەو پارەى کە بەهەرێم دەدرێت زۆر زیاترە لەم نەفت و داهاتەى کە لەهەرێمى کوردستانى وەردەگرێت! بەڵام ئیتر ئەمە وڵاتى دیموکراتى و شەراکەتە و عێراقیش وڵاتێکى دەوڵەمەندە و پشکى هەرێمیش ئەوەندەیە کە دەستوور بۆى داناوە.

لە ڕابردوو و لە ئێستاش بەتایبەتى کەس ناتوانێت ناسنامەى کوردبوون و کوردستانیبوون لە خەڵکى هەرێمى کوردستان بسێنێ، بۆیە پاش ئەم ڕێککەوتنە کوردستان زیاتر بەهێز دەبێت کە ئەمە خواستى خەڵکى هەرێمى کوردستانە، عێراقیش زیاتر بەهێز دەبێت بەوەى لە داهاتوودا وڵاتە بەرژەوەندخوازەکانى درواسێى عێراق چیتر نەتوانن سامانى عێراق بۆ بەرژەوەندى خۆیان بەکاربێنن و دەست بخەنە کاروبارى ناوەخۆى عێراق، بۆیە هەرێمى کوردستان بەم ڕێککەوتنە کە هەرێمێکە لە چوارچێوەى عێراقێکى یەکگرتوودا بەهێزتر دەبێت و زیاتر دەبوژیتەوە.