ئەحمەد کانی

دوای ماندیبوونێکی زۆر و شەونخونیێکی دوور و درێژ بەسەبر و تەحەمولێکی زۆر وە بەنەفەسێکی فراوان و دانایێکی زۆرەوە حکومەتی ھەرێمی کوردستان توانی بەشێکی گرنگی کێشەکانی نەوت لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی عێراقی سەرکەوتوانە چارەسەر بکات.

سالانێکە کێشەی نەوت و ھەناردەکردنی و ئاڵۆزییەکانی ئەو بابەتە لەنێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق ڕاستەوخۆ کاریگەری کردبووە سەر پەیوەندی نێوان ھەرێم و ناوەند بەجۆرێك ڕەنگدانەوەیێکی نەرێنی ھەبوو لەسەر پڕۆسەی سیاسی و چۆنیێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ، باری دارایی و ژێرخانی ئابووری عێراق بەگشتی پاشەکشەی پێوە دیاربوو ، تەنانەت ھەبوونی ئەم کێشەییە ببوە بەشێك لەکێشە نەرێنیەکانی خودی ھەموو ماڵێکی عێراقی بەھەرێمی کوردستانیشەوە.

لەم لێکتێکگەیشتنە تازەیە لەسەر بابەتێکی وائاڵۆز و کەڵەکەبووەوە لێکتێکگەیشتنی نوێ سەرھەڵدەدات بۆ جێبەجێکردنی مادەکانی تری دەستوری عێراقی و تایبەت بەمافەڕەواکانی گەلی کوردستان کە گرینگترینیان جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ ە .

ھەر ئەم ڕێککەوتنە گورزێکی گەورەیە بۆ لەناوبردنی زۆرێك لەپیلانە داڕێژراوەکانی ناوخۆیی ھەرێم و عێراق و ھەرێمایەتیەکان کە لەئارادان بۆ لاواز کردن و لەباربردنی ئەزمون و قەوارەی ھەرێمی کوردستان.

بەڕاستی جێگای خۆیەتی دەستخۆشی و سوپاسی ھەموو ئەو بەڕێزانە لەشاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکرێت کەڕۆڵیان ھەبوو لەسەرخستنی میکانیزمی لێکتێگەیشتن و گەیاندنی پرۆسەکە بەم ڕێککەوتنە.

سوپاسی سەرۆكوەزیرانی عێراق بەڕێز محمد شیاع سودانی و ھەموو ئەوکەسانە لەلایەنی عێراقی بکرێت کەبۆ یێکەم جارە ئامادەبون لەداخوازیە ڕەواکانی ھەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی دەستوری عێراقیدا تێبگەن.

دەبێت گەلی کوردستان وێڕای سوپاس و پێزانین پشتگیری لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان و خودی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکات کەھەمیشە واقیعیانەو بەعەقلیەتی دەوڵەت دوور لە سیاسەتی موجامەلەو ئیدارەدان و قەناعەت پێکردنی کورت مەودا شەفافانە ئەوەی گوزەراوە بەگەلی کوردستانی ڕاگەیاندووە.

بەکورتی و بەکوردی ئەم ڕێککەوتنە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ گەلی کوردستان و سەرەتای ڕێگایێکی چارەنوسسازە بۆ گەیشتن بەمافە ڕەواکانی گەلی کوردستان.