
کـریـستین کـارۆخ
هەرێمی کوردستان (وەک دیفاکتۆ) دوای راپەڕینی ساڵی (1991) و کۆڕە و بڕیاری (688) دروست بوو، بەڵام لە رووی یاسایی و دەستووریەوە (وەک هەرێمێکی فیدراڵ) دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی (2003) و دواتر نووسینەوەی دەستووری عێراق لە ساڵی (2005) بە فەرمی دانی پێدانرا، لە دوای بە دەستووریبوونی هەرێم سەرکردایەتی سیاسی کوردستان توانی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە وەبەرهێنان لە سێکتەری دیپلۆماسیدا ئەنجام بدات، ئەنجامی ئەم وەبەرهێنانەش گواستنەوەی پرسی کورد بوو لە پرسێکی لۆکاڵی و ناوچەییەوە بۆ پرسێکی نێودەوڵەتی و جیهانی، بۆیە دەبینین لە کۆشکی سپی و کۆشکی ئەلیزێ و کۆشکی شاهانە و کۆشکی کۆماری وڵاتانی جیهان پێشوازی لە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان دەکرێت، واتە ئەگەر لە خەباتی شاخدا کورد پشتی بەستبێت بە هێزی ڕەق ئەوا لە خەباتی شارد لە پاڵ پشتبەستن بە هێزی ڕەق (هێزی سەربازی) پشتی بەستووە بە هێزی نەرمیش، کە مەبەستمان لە هێزی دیبلۆماسییە، بەڵام هەردووکیان تەواوکەری یەکترن و ئەم دوو هێزە هاوشێوەی دوو باڵی باڵندەیەک گرنگن بۆ فڕین بە ئاسمانی نێودەوڵەتیدا. لە دەرەنجامی وەبەرهێنان لە هەردوو سێکتەری رەق و نەرم دەبینین هەرێمی کوردستان (وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی) بووەتە ژمارەیەکی خوێندراوە لە هاوکێشەکانی ئەم ناوچەیە، بۆیە دەکرێت بڵێین:
وەبەرهێنانی دیپلۆماسی بنەمای سەرەکی وەبەرهێنانی هەموو سیکتەرەکانە (سیاسی، ئابووری، ئەمنی، تەندروستی وهتد)، کەواتە وەبەرهێنانی دیپلۆماسی گرنگترین وەبەرهێنانە و پێویستی بە لێهاتوویی دیپلۆماسی و ژینگەی سیاسی هەیە، بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و بونیاتنانی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ وڵاتی بەرامبەر، ئەویش لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، واتە بونیاتنانی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای پرهنسیپی براوەی دوولایەنە (Win win game) ئەمەش لە رێگای پیادەکردنی دیپلۆماسیەتی هاوسەنگ دەکرێت.
لێرەدا دەکرێت بڵێین کەوا لەئێستادا کوردستان هەموو هێلکەکانی ناخاتە یەک سەبەتەوە، مەبەست لێرەدا (دیبلۆماسیەتی هاوسەنگ)ە، کە بریتییە لە ستراتیژیەتی باڵانس راگرتن لە نێوان کۆمەڵێک وڵات و لایەنی یار و نەیاردا، ئەم ستراتیژیەتە لەلایەن بەشێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان لەسەر بنەمای (بەرژەوەندی هاوبەش) پیادە دەکرێت، هەرێمی کوردستانیش لە ئێستادا هەوڵدەدات هەمان ستراتیژیەت جێبەجێ بکات، بەو مانایەی کورد هەوڵدەدات هەموو هێلکەکانی نەخاتە یەک سەبەتەوە، بەڵکو دەیەوێت دابەشیان بکات بە سەر چەند سەبەتەیەک، ئەمەش رێگا راستەکەیە، چونکە لە رابردوودا کورد چەند جارێک هەموو هێلکەکانی خستۆتە یەک سەبەتەوە، بەم هۆیەوە رووبەڕووی شکستی گەورە بووهتەوە، بۆیە گرتنەبەری ستراتیژی (دیبلۆماسیەتی هاوسەنگ) لەسەر بنەمای (بەرژەوەندی هاوبەش) لە قۆناغەکانی ئێستا و داهاتووشدا باشترین ستراتیژیەتە بۆ پاراستن و بەرەوپێشچوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین لێپرسراوێتیە سەرەکییەکانی کاری دیبلۆماسی لە چوار خاڵدا کورت بکەینەوە:
یەکەم: پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت و بەرگریکردن لە مافەکانی هاوڵاتیان لە دەرەوە، بۆ نموونە وەک نوێنەرایەتی کوردستان لە دەرەوە کە بەرگریی لە مافەکانی هاوڵاتییان دەکات لە دەرەوەی کوردستان.
دووەم: نوێنەرایەتیکردینی دەوڵەت و گەیاندنی دید و بۆچوونەکان ڕوونکردنەوەی هەڵوێستەکانی دەرەوە، واتە نوێنەری دیبلۆماسی دەوڵەت لە هەر وڵاتێکی بێگانەدا بریتتیە لەسەرچاوەی ڕسمی بۆ زانیارییەکان و گەیاندنی هەڵوێستەکانی دەوڵەتەکە و ڕوونکردنەوەیان بۆ لایەنی پەیوەندیدارەکان.
سێیەم: بەواداچوونی بەردەوام ئامادەکردنی ڕاپۆرتی پێویست، یەکێک لە مەرجەکانی سەرکەوتنی سیاسەتی دەرەکی هەردەوڵەتێک بریتییە لە ئاگاداری و هەبوونی زانیاری پێویست سەبارەت بە هەر دەوڵەتێک لەو دەوڵەتانەی کە سیاسەتەکانیان ئاڕاستە دەکرێت.
چوارەم: دانووستان، واتە گفتوگۆ کە لە هەمووکاتێکدا لایەنێکی سەرەکی و دانەبڕاوە لە ئەرکی کەسی دیبلۆمات و پیشەی دیبلۆماسیەت، بەشێوەیەکی گشتیش ئەو ئامانجەی کە دەوڵەتێک ئاشکرای دەکات وەک مەبەستی پڕۆسەی دانوستان بریتییە لە ئارەزوومەندی دەوڵەت بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن نامەیەک سەبارەت بە بابەتێک یان کێشەیەکی دیاریکراودا.
لێرەدا دەکرێت ڕێگاکانی دیبلۆماسیەتی گشتی بە چەند خاڵانە دیاری بکەین:
یەکەم: ئاڵوگۆری کلتووری و پەروەردەیی و میدیایی نێودەوڵەتی (ڕۆژنامە، میدیایی ئەلیکترۆ، تەلفزێۆنی) لە گرینگترین ئامرازەکانی جێبەجێکردنی دیبلۆماسیەتی گشتیین.
دووەم: گوێگرتن لە بەرامبەرو درستکردنی کەشی گفتووگۆ بانگێشتکردن و میواندارییەکان.
سێییەم: هەموو ئەو ڕێگایانەی کە وڵاتان دەتوانن لێیانەوە کاریگەری لەسەر ڕای هاوڵاتیانی وڵاتانی تر دروستبکەن ئەوانە ڕێگاکانی بە هێزکردنی دیبلۆماسییەتی گشتین، بەڵام دیارترین ڕێگاکانی تر بریتین لە کارە مرۆییەکانی وەکو چالاکییەکانی بوژاندنەوە و هاوکاریکرنی وڵاتانی تر لە کاتی قەیران و کارەساتە مرۆییەکاندا، هەروەکو ئەو بومەلەرزەیی کە لە تورکیا ڕوویدا، کە کارەساتێکی گەورەی سروشتی بوو، لەم چوارچێوەیەدا جەنابی سەرۆکی هەرێم وەک سەرکردەیەکی کاریگەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی تورکیایی کرد و هاوخەمی خۆی بۆ لێقەوماوان دەربڕی، هەروەها دەزگای خێرخوازی بارزانی کە یەکەم ڕێکخراو بوو بە هانای لێقەوماوان چوو، ئەمەش ئەرکێکی مرۆییە کە هەمیشە دەزگای خێرخوازی بارزانی پێشەنگە لە بەجێگەیاندنی.