
سەلام عەبدوڵڵا
ئەمڕۆ یادی شەست و چوار ساڵەی دەرچوونی رۆژنامەی “خەبات” كە لە 4/4/1959دا، لە بەغدا، یەكەمین ژمارەی پەخش و بڵاوكراوەتەوە، لە كوردستان گەلێك ڕەوت و كۆمەڵە و حزب و ڕێكخستنی جۆراو جۆر هاتۆتە كایەوە و نامیلكە و گۆڤار و ڕۆژنامەیان بڵاوكردۆتەوە، بەڵام لە كۆتاییدا، بە هەر هۆیەكەوە بووبێت، نەیانتوانیوە بەردەوام بن و لەسەر پێی خۆیان ڕاوەستن و نەماون. بەڵام “خەبات” وا بۆ ماوەی (64) ساڵە دڕێژە بە خەباتی رۆژنامەگەری خۆی دەدات و شان بە شانی حزبەكەی، پارتی دیموكراتی كوردستان چ لە خەباتی چەكداریدا و چ لە ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی كوردستاندا بە بەردەوامی لە خزمەت گەلەكەمان و دۆزە ڕەواكەیدا بووە، هەر وەك لە پرۆسەی بیناسازیی كۆمەڵگەدا، هەمیشە لایەنگری پەخشی هەستی نەتەوایەتی و دڵسۆزی بۆ خاك و نیشتمان و نەتەوەكەیدا بووە و پارێزگاری لە دەستكەوتەكانی خەباتی پێشمەرگە قارەمانەكان و لەم ڕۆژگارەشدا، هەمیشە پشتیوان و داكۆكیكەرێكی چوست و چالاك بووە لە قەوارەی هەرێم و دام و دەستگاكانیدا و هەردەم بە تێبینی و سەرنجەوە بارودۆخەكەی هەڵسەنگاندووە و كاری بۆ یەكڕیزی و خەباتی هاوبەش و پێكەوە كاركردن لەگەڵ دڵسۆزانی گەلەكەمان و یەكهەڵوێستی بەرامبەر (بەغدا)و دەوروبەرمان كردووەو ئەمەش بە دروشمی سەرەكی خۆی، بەكردار، بەرجەستەكردووە.
لەلایەكی ترەوە “خەبات” سەرچاوەیەكی گرنگ و پڕ بایەخە بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێ لە مێژووی نوێی گەلەكەمان لێكۆڵینەوە و توێژینەوە بكەن بەتایبەتی لەم پەنجا و شەست ساڵەی سەدی پێشوودا چونكە “خەبات” هەموو ئەو ڕووداو بەسەرهاتەنەی كە ڕوویانداوە لە دوو توێی لاپەڕەكانیدا بە ئەمانەتەوە بڵاوكردۆتەوە چ لە كاتی شۆڕش و خەباتی چەكداریدا و چ لە كاتی ئاشتی و ئارامیدا هەر بۆیە ئەم ئەرشیفە بە نرخ و دەوڵەمەندە دەبێت وەك سامانێكی نەتەوەیی مامەڵەی لەگەڵ بكرێ هەر بۆیەش ئەمڕۆ ئێمە خەریكی بە ئەلكترۆنیكردنی ئەو سەرچاوە گرنگەین و لەو بوارەشدا هەنگاوی گەڵێك باشمان بڕیوەو لەسەر بەردەوامین.
لێرەدا پیرۆزبایی ئەم یادە پیرۆزە لە سەرۆك بارزانی و هاوكارانمان و خوێنەرانی رۆژنامەكەمان هەموو ئەوانەی بەردەوامن لەم كاروانەدا و ئەوانەی بە جێیان هێشتووین، ڕێز و قەدرزانین و پێزانینی خۆمانیان، لەگەڵ چەپكەگوڵی وەفا، بۆ دەنێرین.
تا ژیان مابێت “خەبات”یش هەر بەردەوام دەبێت.
بەرزو پیرۆزبێت یادی شەست و چوار ساڵەی رۆژنامەی “خەبات”
