خەبات: هاژە بەرزنجی – سلێمانی:- سەرگوڵ نەجمەدین ناسراو بە (سەرگوڵ خانمی بابان) شاعیرو ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنكار، لەشاری سلێمانی لەگەڕەكی كانێسكان لە باوەشی خێزانێكی هونەریی پڕ پەروەردەو كوردپەروەرچاوی بەو ژیانە پڕكارەسات و وەیشوومە هەڵێناوە، (خوشكی شاعیری ناسراو محەمەد كەساسە)، هەموو قۆناغەكانی خوێندنی هەرلەوشارەدا تەواوكردووە، شاعیر ماوەی چەندساڵێك لەسكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بەرپرسی ڕاگەیاندن و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤارو ڕۆژنامەی مامۆستایان بووە، هەروەها ئەندامی بزاڤی ئاشتی سلێمانی یە و لەچەندین گۆڤارو ڕۆژنامە وەك ئەندامی دەستەی نووسەران، كاریكردووە، جگە لە چەندەها كاری خێرخوازی بەشداریكردووە، بۆچەند ساڵێكیش دەچێت، ئامادەكارو پێشكەشكاری بەرنامەیەكەی تەلەفزیۆنیە بەناوی ( ساتێك بۆ مامۆستا) ماوەی چەندساڵێكیش پێشكەشكاری ڕادیۆی گەلی كوردستان بووە، ئێستاش خۆبەخشانە ئامادەكارو پێشكەشكاری ڕادیۆی سلێمانی یە لەزوربەری زۆری كۆڕو ڤیستڤاڵە ئەدەبی و هونەریەكان لە شارەكانی بەغداو هەولێرو سلێمانی بە شیعرو نمایشی شانۆ بەشداریكردووەو خاوەنی بەرهەمێكی چاپكراوی شیعرییە بەناوی(بگەڕێ بۆم )
خانمی بابان ، لەدیدارێكی تایبەتی رۆژنامەی (خەبات) دا ئاوا وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە:

*پێناسەیەك بۆ شیعرو شیعریش لای تۆ چی دەگەیەنێت؟
شیعر بەشێكە لە جوانییەكانی ژیان و هەڵقوڵاوی ناخ و دەروونی مرۆڤە،
*ئێستای شیعری كوردی چۆن دەبینی؟
شیعری كوردی لە ئاستێكی باشدا ئەبینم ، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی بوونی سایتە ئەلەكتڕۆنیەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ، خوێنەری شیعرو چیرۆك زۆر كەم بۆتەوە، هاوكات ئەمەش بۆتە هۆی ڕەخنە گرتن لێی.
*ئاشنایەتیت لەگەڵ كتێب و خوێندنەوە دا چۆنە ؟
هەمیشە و بەردەوام هاوڕێی كتێب و خوێندنەوەم
*كێ هاوكارو هاندەرت بووە لە نووسیندا؟
كەس هاوكارو هاندەرم نەبووە
*قەڵەمی ژن ، لە نووسین و شیعردا چۆن دەبینی و تاچەند ئەوقەڵەمە بۆتە چەكی داكۆكیكار لە مافەكانیان و چارەسەری كێشەكانیان؟
ئێستا ژنان و ئافرەتانێكی زۆرباش لەومەیدانەدا قەڵەمیان خستۆتە كارو داكۆكی لە بوون ومافەكانیان دەكەن ، كە جێگای شانازین
*شیعرت بۆ پیاو نووسیوە؟
بەڵێ نووسیوومە ، هاوكات ناونیشانی دیوانەكەم بەناوی (بگەڕێ بۆم )
گەواهی ئەدا، كە بۆ پیاوم نووسیوە….
*لەژیانی هونەری و ئەدەبیتا لەچی نیگەرانی؟
لەخۆم ، چونكە زۆر غەدرم لە خۆم كردووە
*چی ئەڵێی بۆ سلێمانی؟
سلێمانی جوانترین شیعرو .. زێدی شیرینی مناڵی و هەناسەی ژیان و زیندەگیمە
*بوونی فەیسبوك و ئەنتەرنێت نەبۆتە ڕێگر لەبەردەمی خوێندنەوە و پیرۆزیی كتێبدا؟
بەڵێ …سۆشیال میدیا كاریگەری زۆرە و زۆریش ڕێگرە لەبەردەمی گەورەیی جارانی كتێب و خوێندنەوەدا
*چی تازەتان لەبەردەستایە؟
كتێبێكی تری شیعریم لەبەردەستایە و ئامادەیە بۆ چاپ لەگەڵ نامیلكەیەكی شیعریی منداڵان كە مامۆستا (ئەمین محەمەد ) لەو كتێبەدا زۆر هاوكارو هاندەرمە، سوپاسی ئەكەم.