فارس قادر فەقێ عەبدوڵڵا *
لە بەرواری 3/2/2023 رۆژی هەینی پێش نیوەرۆكەی بەرەو بازاری شێخەڵا دەچووم وەك خویێك و حەزێك لە منداڵییەوە حەزم لە بازارە شەعبییەكان بووە و ئێستاش وازم لێیان نەهێناوە و بەردەوامم كە گەیشتمە ناو قەڵیەباڵغیەكەی لای مزگەوتی شێخ مستەفا بەرەو سەرەوە بۆ لای سینەمای (حەمرا) لەو قەڵەباڵغییە رێگای رۆیشتن زۆر بە زەحمەت بوو، سەدان جۆر شت لەسەر شەقام دانرابوو لە کۆنە و لە نوێ بۆ فرۆشتنی رووبەرووی عارەبانەیەك بوومەوە پاقلاوەی دەفرۆشت، لە ناوەندی رێگا راوەستا بوو، كورێكی گەنجی كوردەواری خۆمان بەناوی كاكە (محمد) خاوەن عارەبانەكە بوو، خەریكی موشتەری بە رێكردن بوو، لەولاوە یەكێكی تر لەنزیك عارەبانەكە بوو، دیار بوو زۆر هیلاك و بێ تاقەت بوو، لەوانەبوو كە خاوەن پێداویستی تایبەتن. كە لێی نزیكبوومەوە ناسیم و زۆر سەیر بوو لام، وەك بەبیرهێنانەوەی فلیمێكی زیاتر لە (40) ساڵ بەر لە ئێستا كۆمەڵێك یادگاری خۆمم هاتەوە بەرچاو، چوومە ناو دونیای بیركردنەوە و خەیاڵ، گەرانەوە بۆ ساڵانی سەرەتای هەشتاكان و ئەو كورەم ناسی و زانیم ئەوە ناوی (كاكە پوشۆیە) خەڵكی هەولێرە، لە ساڵی 1980 كە بووم بە قوتابی لە ئامادەیی كوردستان ئەو كاكە پوشۆیە مێرمنداڵێكی زۆر قەڵەو بوو، لەبەر دەرگای نەقلیاتی هەولێری ئەوكات كاسبی دەكرد و پاقلاوەی دەفرۆشت بە زستان و بە هاوین ئەو كوڕە لەو شوێنە بوو بە بەردەوامی دەبینرا كاسبكارێكی زیاتر لە چل ساڵی ئەو شارەیە، هاتەوە یادم برایەكی هەبوو بە ناوی (كوردۆ سدیق) لە بەرانبەر پەروەردەی گشتی هەولێر دوكانی هەبوو خۆشنوسێكی لێهاتوو بوو، مرۆڤێكی بێ دەنگ و لەسەرخۆ بوو، هونەرمەندێكی بە توانا بوو، لەگەڵ خۆم قوتابی بوو ئەوكات، بەر لە چەند ساڵێك پێش ئێستا چووە بەر دلۆڤانی یەزدانی مەزن, بە بیرم هاتەوە ئەو خانەوادە باش دەناسم، چەند برایەكی تریشی هەیە، ئەو كاكە پوشۆیە مرۆڤێكی تایبەتە، هەردەم بە تەنیا دەگەرێ و ئێستاش زۆر هیلاكە و كاری پێ ناكرێ، لە پەل و پۆ كەوتووە، بە عارەبانەیەكی كەمئەندامان بۆخۆی دێتە ناو بازار، ئومێدی بە ژیانە و كۆڵ نادات.
پاش ئەوەی بەرانبەری راوەستام ماوەیێك فكرم لێ كردەوە دیتم پوشۆ كە لە لای ئەو عارەبانەیە راوەستاوە هیچ پەیوەندییەكی بەو پاقلاوە فرۆشەوە نییە، دیارە بۆ خۆشی خۆی لەوێ راوەستاوە و دڵی بەو عارەبانە پاقلاوەیە خۆشە! جار جار لە جیاتی خاوەن پاقلاوەكە خۆی هاواری دەكرد و دەیگوت (پاقلاوە پاقلاوە بە یەك هەزار)، زۆر چاوەڕوانم كرد تا فرسەتێكم بۆ دروستبوو داوام لە (پاقلاوە فرۆشەكە) كرد بۆ ئەوەی رەسمێكم بگرێ لەگەڵ كاكە پوشۆ كە لە دیار عارەبانەكە راوەستاوە و چاوی لەسەر عارەبانەكەیە و یەكێك نەیناسێ رەنگە بڵێت لەگەڵ ئەو عارەبانەچییە بێت، خاوەن پاقلاوەكە بێت و ئەو گەنجەش شاگردی بێت؟ لە كاتی رەسم گرتنەكە دیاربوو پوشۆ هاتەدەنگ بەو گەنجەی عارەبانەچییەكەی گووت ئاگاداری خۆت بە ئەوە (مۆزەفی دائیرەی سەحەیە) دیارە وایزانی من یەكێكم لەوانەی لە بازار دەگەرێن بە ناوی لیژنەی تەندروستی بۆیە وایگووت، پێدەچوو ئەویش منی هاتبێتە خەیاڵ كە پێشووتر زۆر منی دیتییە لە ساڵانی نێوان هەشتاكان تا ناوەڕاستی نەوەتەكان، بەڵام چۆن و لە كوێ؟ دیاربوو منی نەناسی، كەچی منیشی لا غەریب نەبوو، ئەو بابەتە منی بردە ناو كۆمەڵێك لێكدانەوە لەسەری كاكە پوشۆ و كۆمەڵێك پرسیاری لە لا دروستكردم، دیارە پوشۆ بەبێ هەولێر و بازار و نەقلیات و شێخەڵا ناتوانێ بژیت و هەفتە نییە 2 بۆ 3 جار كاكە پوشۆ لە سەر جادەكانی هەولێر نەبینم لە گەرمای هاوین و لەو زستانە ساردەی كە ئێستا باسی دەكەم كە پلەی سەرما خەریكە بچێتە خوارەوەی سفر، كەواتە سەبوریی و خۆشیی ژیان لە لای پوشۆ لە هەولێرە، بۆیە پوشۆش هەردەم لەسەر جادەكانی هەولێرە و لە بازارە میللییەكانە. پوشۆ هۆڵە (vip)یەكان پێ نازانێ، ناوی هۆتێلە (5) ئەستێرەكانیش نازانێ، پێموانییە بزانێ هەولێر مۆڵی گەورە و بازاری تایبەتی هەیە، بەڵام دڵی خۆشە بەو بازارە كۆن و قوڕ و چڵپاوەی شێخەڵا و تەیراوە و سێتاقان، كاكە پوشۆ ماسی ئەو دەریایەیە، بۆیە حەزی لە مەلەی ئەو ئاوەشە و ناتوانێ لەو ئاوەش دەرچێ، ئەوە لە لایەك لە لایەكی تر پوشۆ دڵی بە پیشەكەی و رابردووی خۆی خۆشە، شەرم ناكات كە دەڵێت (یاڵڵا پاقلاوە پاقلاوەی بەتام) و، شەرم ناكات بەرانبەر بەو عارەبانە پاقلاوەیە راوەستێ، چونكە شەرم لە رابردووی خۆی ناكات و راوەستانی بەرانبەر بەو عارەبانە پاقلاوەیە بەخۆشی لەسەر عارەبانەیەكی كەمئەندامان و بەو وەزعە و بەو سەرمایە ئەوە خۆشەویستییە بۆ مێژووی خۆی. بەڵێ پوشۆ دەڵێ مێژووی خۆم خۆش دەوێ! هاتووە ئامۆژگاری گەنجێك بكا و هاوكاری بكات كاتێك بینی من رەسمی دەگرم وایزانی رەسمی عارەبانەكە دەگرم بە مەبەستێكی تایبەت. دیارە بەزەیی بەو گەنجە هات وایزانی من كاربەدەستم و هاتووم ئەو كوڕە لە كاسبی بكەم، لەوەش زیاتر دیارە رۆژانی ژیانی خۆی هاتەوە خەیاڵ، گووتی ئەوە لە (سەحە هاتییە) ئاگات لە خۆت بێ، كەواتە وەك كاسبكارێك و هەژارێك رۆژانێك بە ناوی سەحە و بە ناوی تر ئەزیەت دراوە، كەواتە ویستی تەجروبەی خۆی بەو گەنجە بڵێت، پیشانیدا لە كارمەندانی سەحەش ترساوە.
خوێنەری بەرێز پوشۆ پەرێزی پاكە و رابردووی جوانە، دێتە ناو بازار كەچی ناتوانی كاسبی بكات و بژێوی ژیانی خۆی پەیدا بكات و، ناتوانێ لە واقعی خۆی دوركەوێتەوە، شەرم ناكات بڵێت من پاقلاوە فرۆش بوومە، دێتە ناو بازار و ناو خەڵك و داوا لە خەڵكی خۆی دەكات هاوكاری بن، خۆی ناشارێتەوە، چونكە هەڵەی نەكردووە. گەرانی پوشۆ بە سەرما و بە گەرما لەناو بازار پر مانایە و پێمان دەڵێت من هەمە و تا ماویشم هەر لە دەرەوە دەبم، لەبەر چاوان دەبم، رابردووی خۆمم بە دڵە، بۆیە شەرم لە عارەبانە و لە پاقلاوە فرۆشی ئەو سەردەمە نوێیەش ناكەم، پوشۆ شانازی بە مێژووی خۆی دەكات، بە شەرەفمەندییەوە لە بەرانبەری دەوەستێت وە دەڵێت ئاگاداربە ئەوە لە “صحە” هاتووە؛ كەواتە ئەوە پیاوێكی خراپ بوو! لە سەردەمی كاركردنی من ئەزیەتی داوم، من چەوساوە بووم و ئەوە زۆردار بووە. پوشۆ رابردووی خۆی بە دڵە، بەڵام منی بە دڵ نییە! و نازانێ بۆچی رەسمی لەگەڵ دەگرم، منیش دەڵێم كاكە پوشۆ بروا ناكەم خەڵكی ئێستای شارەكەم هەموویان تۆ بناسن، بەڵام ئەو تاك و تریكەی كە دێنە بازار و دانەبراون لە رابردووی خۆیان دڵنیابە خۆشیان دەوێی، منیش برام پێت دەڵێم چبكەم كە تۆ لەگەڵ ئەوانە تێكەڵت كردم! كە رۆژێك لە رۆژان لێیان ترساوی و نامناسییەوە، تۆ هیلاكی، منیش بێ شەنس بووم لە لای تۆ. خۆشەویستی پیشەكەت و هاوكاری ئەو گەنجەش كە تۆ دەیكەی زۆر شتێكی پیرۆزە كە دانەبراوی و شانازی بە رابردووت دەكەی، سەربەرزیە بۆت، بۆیە پێت دەڵێم پوشۆ گیان من خۆشم دەوێی، چونكە رابردووی خۆت خۆش دەوێ، تۆ جیای لەگەڵ ئەوانەی ناوێرن بێنە ناو بازاڕ لەو سەردەمە، رابردووت جوانە، بۆیە دەستت لێ بەرنابێ، مایەی شانازیت برای ئازیزم، منیش تۆم بە دڵە، چونكە تۆ رابردووی خۆت بە دڵە و لەسەر یەك ئاواز خوێندووتە و لەسەر یەك پەت گەمەت كرد، ئەویش ئەوەیە كە راستگۆیت! دەست خۆش كە مێژووی خۆت ناشرین نەكرد، گەر رابردووت جوان نەبا بێ شك نەتدەتوانی بگەرێیەوە ناو هاوپیشەكانت، ئەوكات ئەو وێنەیەشت دەست من نەدەكەوت، منیش پێت سەرسام نەدەبووم.
*ماموستای زانكۆی صلاح الدین/ كولیژی ئاداب