گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت كە، بە هۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەردوو كێڵگەی نەوت لە گەرمیان و خۆرمەڵە بەرهەمهێنانی كارەبا بە بڕی 330 مێگاوات كارەبا كەمی كرد.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا رایگەیاند: “بڕیارەكەی دادگای پاریس بووە هۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە چەند كێڵگەیەكی كوردستان و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی كارەبا كەمی كرد، ئێستا لە وێستگەی كارەبا لە گەرمیان كە بەغازی كێڵگەی نەوتی حەسیرە كارەبا بەرهەم دەهێنێت 80 مێگاوات کارەبا كەمی كردووە و لە وێستگەی خۆرمەڵەش لەهەولێر بەبڕی 250 مێگاوات كارەبا كەمی كردووە، بەمەش 330 مێگاوات لەتۆڕی کارەبای نیشتمانی كەمی كردووە.”
گوتیشی: “وەزارەتی كارەبا لە هەوڵدایە بەپشت بەستن بە كارەبای هایدرۆپاوەری هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان و وێستگەكانی غازی سلێمانی و هەولێر قەرەبووی ئەو كەمبوونەوەیە بكاتەوە.”