بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر پلانێکی هەشت خاڵی راگەیاند بۆ رێکخستنی هاتووچۆ لە هەولێر رۆژانی جەژنی نەورۆزدا، بەپێی پلانەکەش هیچ رێگایەک داناخرێت و نابێت بەتەنیا بکرێتە رێگای هاتن یان چوون و بۆ رێگریش لە تیژڕۆیی، کامێرای چاودێریی تیژڕۆیی زیاد دەکرێت.

دەقی راگەیەندراوەکە:    

بەمەبەستی رێکخستنی هاتووچۆ و کەمکردنەوەی ئەگەری خنکانی رێگای سەیرانگاکان، هەروەها کەمکردنەوەی ئەگەری کەوتنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ بۆ رۆژانی نەورۆز، شێوازی کارکردن بەو شێوەیە دەبێت:

1- سەرجەم ئەو رێگایانەی بۆ سەیرانگەکانی: هەنارە، شێخ توراب، دەربەند، کەسنەزان، بیستانە، زورگەکانی مەخموور و خەبات دەچن، کراوە دەبن بۆ هاتن و چوون و هیچ رێگایەک داناخرێت و ناکرێت بە تەنیا هاتن یان چوون.

2- بەدرێژایی ئەو ڕێگایانەی بۆ سەیرانگەکان دەچن، ئەفسەر و کارمەندانی هاتووچۆ بڵاوەیان پێدەکرێت بۆ رێکخستنی هاتووچۆ و رێگاگرتن لە هەر سەرپێچییەک کە ببێتە هۆی خنکانی رێگەکان.

3- هاتووچۆکردنی هەر بارهەڵگرێک کە کێشی هەڵگرتنی سەرووی هەشت تۆن بێت، قەدەخە دەکرێت لە کاتژمێر 06:00ـی  بەیانییەوە، تاوەکو درەنگانی شەو و ئاسایی بوونەوەی (هاتووچۆ) لە رێگەکان.

4- بۆ دابینکردنی کەشێکی ئارام لە سەیرانگەکان بە هەموو شێوەیەک هاتووچۆکردنی ماتۆرسکیلی دوو تایە بۆ سەیرانگەکان قەدەخە دەکرێت و، تەنها رێگە دەدرێت بە ماتۆرسکیلی سێ تایە بۆ هاتووچۆکردن.

5- بەمەبەستی رێگریکردن لە دیاردەی مەینۆشی و لێخوڕین لەژێر کاریگەریی مادە سەرخۆشکەرەکان، لە سەرجەم رێگەکان، بەتایبەتی لەکاتی گەڕانەوە لە سەیرانگەکان، مەفرەزە بۆ پشکنینی مەینۆشی دادەنرێت و، هەر شوفێرێک گومانی مەینۆشی لێبکرێت، پشکنینی بۆ دەکرێت.

6- بۆ ڕێگریکردن لە تیژڕۆییکردن و پێشبڕکێکردن، لە هەر شوێنێک ئەگەری تیژڕۆیی لێبکرێت، کامیرای چاودێریی تیژڕۆیی دادەنرێت.

7- هێڵی گەرمی هاتووچۆ (440) بەدرێژایی کات کراوە دەبێت و لەخزمەتی هاووڵاتیاندا دەبێت بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.

8- لەڕێگەی رادیۆی هاتووچۆی هەولێر، بە بەردەوامی زانیاری لەسەر دۆخی رێگەکان لەگەڵ رێنمایی بڵاودەکرێتەوە.

بەهیوای پابەندبوون و سەلامەتی

و نەورۆزتان پیرۆز دوبارە.

 ب. هاتووچۆی هەولێر

2023/3/20