حکومەتی عێراق رایگەیاند، رەشنووسی یاسای بودجەی دارایی بۆ ماوەی سێ ساڵ رادەستی پەرلەمان کردووە، هاوکات پەرلەمانیش دەستپێکردنی گفتوگۆی پێویستی وەک ئامادەکاری بۆ پەسەندکردنی پشتڕاستکردەوە.
باسم ئەلعەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، “ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، رەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵی کۆماری عێراق بۆ ساڵانی دارایی 2023-2024-2025 بە فەرمی رادەستی ئەنجومەنی نوێنەران کرا”.
ئەلعەوادی ئاماژه ی به وه شدا، رەشنووسی یاسای بودجه بۆ یەکەمجار به مادده و بڕگه ی نوێوه پەسەندکراون، کە توانای ئاسانکاری بۆ جێەجێکردنی پڕۆژه و پلان و بەرنامەی کارگێڕی و گەشەپێدانی هەیه، هەروەها دابینکردنی ژێرخان و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان.
لەلایەکی دیکەوە شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان، رایگەیاند، “دامەزراوەی یاسادانان ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە رەشنووسی یاساکە بەپێی یاسایی جێبەجێ دەکات”.
عەلی تەمیمی شارەزای بواری یاسایی بە شەرقولئوسەتی راگەیاند، “پرۆسەی یەکخستنی بودجە بۆ سێ ساڵی داهاتوو لە رووی دەستووری و یاساییەوە رێگە پێدراوە، وەک لە مادەی 78ی دەستوور و مادەی 4 بڕگەی 2ی ئیدارەی دارایی یاسای قەرزی گشتی ژمارە 6ی ساڵی 2019”.