خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- کاتژمێر (4:30) ی سەرلەئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 2023/3/15 لقی هەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد لە هۆڵی شەهید مەهدی خۆشناو ئێوارەکۆڕێکی شیعر خوێندنەوە بۆ خاتونی شاعیر ( سۆزە بەرزنجی ) ساز دەکات، خاتونی شاعیر سۆزە بەرزنجی ، لەدایکبووی سلێمانی و دەرچووی کولێژی ئەندازیاری زانکۆی سەلاحەدینە، ئیستا دانیشووی وڵاتی نەرویجە ، خاوەنی سێ کچە.
لەساڵی ٢٠١٦ دەستیکردوە بە نووسینی شیعر و تا ئێستاش بەردەوامە، بۆ یەکەمینجار ساڵی ٢٠٢٢ دا لەچوارەمین دیداری شیعری کوردی لە شاری یوتوبۆری وڵاتی سوید بەشداریکردووە، لە ساڵی ٢٠٢١ لە بەرنامەی (ڕۆژی نوێ لە کەناڵی ئاسمانی کوردسات) بەشداربووە، وە هەروەها بەشداریکردووە لە بەرنامەی (کاتژمێر ٧) لە کەناڵی پەروەردەیی بۆ قسە لەسەرکردنی ئەزموونی شیعریی و تاراوگە.
لەساڵی ٢٠٢٢ شدا لە بەرنامەی (ئەمڕۆ) ی کەناڵی گەلی کوردستان بەشداریکردووە، یەکەمین بەرهەمی شیعریی لە کتێبێکا بەناوی( پیاسەیەک لە کەنارەکانی زەردەپەڕدا) بە چاپگەیشتوە و مەراسیمی ناساندنی بە هاوکاری ڕێکخراوی cdo بۆ کراوە، هاوکات لە مانگی ئابی 2022 دا لە کتێبخانەی گشتیی کەلار یش مەراسیمێکی تری ناساندنی بۆکراوە.
دواتر لە شاری هەولێری خۆشەویست ناساندنی بۆ کراو لە شارۆچکەی دەربەندیخان و ناوچەی سۆرانیش بەهەمان شێوە ناساندنی بۆ کردوە، شایانی باسە، داهاتی فرۆشتنی ئەم کتێبە هەندێک پێداویستیی پزیشکیی و داوودەرمانی پێ کڕدراوەو بە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی بەخشراوە.