حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پاڵپشتیی پرۆسەی هەڵبژاردن دەكات و گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئاماژە بەوە دەكات، لەلایەن حكوومەتەوە هەموو ئامادەكارییەك بۆ هەڵبژاردن كراوە، دوای دەستنیشانكردنی ڕۆژی هەڵبژاردنیش ڕێوشوێنەكان دەگرنەبەر.
ئەمڕۆ دووشەم 13ـی ئادار، جووتیار عادل گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی بابەتی ئامادەكارییەكانی حكوومەت بۆ هەڵبژاردن، بە پێگەی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی راگەیاند، هەموو ئامادەكارییەك بۆ هەڵبژاردن كراوە، وەك پێداویستییەكانی بودجە و ڕەخساندنی كەشێكی ئەرێنی و ئاسایشی پارێزراو.
لەبارەی پشتگیریی دارایی حكوومەت بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە، جووتیار عادل گوتی، حكوومەت ئامادەیە پاڵپشتی ئەو پرۆسەیە بكات و هەر پێویستییەك هەبێت لەڕووی لۆجستی و داراییەوە، پشتگیریی دەكات.
ئاماژەشی بەوەش كرد، دوای دەستنیشانكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن، ڕێوشوێنەكانی تر دەگرنەبەر.
ئەو قسانەی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدایە، ئێستە حزبەكان بەشێوەیەك لەبارەی هەڵبژاردنەكان رێككەوتنیان كردووە، چاوەڕوان دەكرێت لە پەرلەمانی كوردستان كۆمسیۆن كار بكرێتەوە و مەرسوومی سەرۆكایەتی دەربچێت.