خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- مامۆستا ئازاد بابان شاعیرو نووسەرو ڕۆشنبیریو کەسایەتی دیاری کۆمەڵایەتیی ناوچەی پشدەرو هۆزی بابان، ناوی تەواوی ( ئازاد حەمەسوور ئەمین ) لە بەگزادەکانی فەقێ ئەحمەدی دارەشمانەی پشدەرە و بە ڕەچەڵەک دەچێتەوەسەر بنەماڵەی بابانیەکانی سلێمانی، مامۆستا لە ساڵی 1949 لەشاری قەڵادزێ لانکەی شۆڕش و بەرخودان (قەڵادزێی دووجار شەهید ) چاوی بۆ ژیان هەڵێناوە ، ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و ئەندامی دەستەی باڵای سەنتەری ڕۆشنبیریی ئاسۆس و ئەندامی بەشی دیراسات و پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کورستانە و خاوەنی چەندین بابەت و وتاری سیاسی و ڕۆشنبیرییە، هاوکات یەکەم خامەو یەکەم شاعیر بوو کە شیعرەکانی لە بەرنامەی (هەوارگەی دڵان)ی ئێزگەی کوردی ئێران بەدەنگی شوکروڵڵای بابان دەخوێندرایەوە.

هەروەها خاوەنی دوودیوانی شیعریی بەناونیشانی ( چڵە نێرگز ) و (نێرگزو بیرەوەری) و کتێبێکی تر بەناونیشانی (نامەکانم)جگەلە لە چەندین کتێبی وەرگێڕدراو و چاپکراوی تری سیاسی و ڕۆشنبیری، مامۆستا ئازاد بابان لە لوتکەی سەوزی ژیان وسروشتی جوانی کوردستانەوە بەرو کوختی قوتابخانەی شیعرو نووسین کاروانی خامەی وەڕێخست و ماوەیەکی زۆر لە شەوانی دیوەخانی بابانیەکانی پشدەرو و ڕۆژانی قوتابخانەکانی( بەری مەرگە و پشدەرو بیتوێن) لە خزمەت پێگەیاندن و تێگەیاندنی قوتابیانی کورد ماوەتەوەو لەو نێوانەشدا چەندین پۆستەرە شیعری جوانی مقاوەتی بۆ کوردو کوردستان وڕاپەڕین و نەورۆزو شۆڕش و بارزانیی نەمر نووسیوە و بەسەر شاخی شەختەو بەفرو کڕێوەدا هەنگاوی ناو لەگەڵ هەنگاوی ڕێگای ئازادی و ڕزگاری نەتەوەکەیدا کەوتۆتە ڕێ و لە ژێر سایەی پیرە داربەڕووی تەمەندا ڕووەو ئامێزی خاکی دایک و ئاواتی لەمێژینەی کوردستان و خەونە ئەرخەوانیەکانی شەهیدانی سەربەرزی نیشتیمان ، ڕێگای هەورازو نشێوی بڕی و چەند نامەیەکی شاخ و شاروڕێکخستنەکانی پێشمەرگەی دایە دەست لوتکەی سەرفرازی گەل و خاکی شیرینی کوردستان و ئازادی.

مامۆستا ئازاد لە قەڵادزێ و پشدەرو ڕۆحی بابانەکانی دارەشمانەوە هات و شیعری جوانی نەتەوەیی و کوردانەی کردە دیاری هەوادارانی شیعرو سروشتی جوانی کوردستانیشی کردە سروش و ئیلهامی ڕازانەوەی وشەکانی مامۆستا ئازاد وەک قەڵەمێکی شیعریی هەستناسکی نەتەوەیی و ئاشتیخواز خۆی بەئێمە ئاشناکرد ، لێوانلێو لە زەردەپەڕی پاییزان و جوانتر لە(نەورۆز) و (چڵە نێرگز)ی بەهاری کوردەواری، شاعیرێک تژی لە خەم و ژانی لە دایکبوونی شیعری کوردانە ، قەڵەمێک لەدەریای خەم و کارەسات و نەهامەتی و ئازارەکانی کوردستاندا نقومبوو، بەسەربردنی تەمەنێکی زۆر لە شاخی شیعر و نووسین، ژیانێک تاڵ و شیرین لەناو ڕیزەکانی پێشمەرگەو پێشمەرگایەتیدا، ژیانێک لە غوربەت و ئاوارەیی و دوورە وڵاتیی.

مەخابن مامۆستا لەشەوی نۆ لەسەر دەی ئاداری2023 بەململانێ لەگەڵ نەخۆشییەکەیدا کۆچی دوایی کردو دواماڵئاوایی لە دنیای جوانیی شیعرو نووسین و هاوڕێیان و هەوادارانی شیعرو هەڤاڵانی ڕێبازە پیرۆزەکەی پارتیی و بارزانیی نەمر کردو جێیهێشتین، سڵاو بۆ گیانیی پاک و بەرزە فڕی مامۆستا ئازاد و سەرجەم قەڵەمە کۆچکردووەکان و شەهیدانی ڕێگای ئازادیی و سەرفرازیی کوردستان.

ئەوەش نمونەیەک لە شیعرەکانی
کە بۆ( نەورۆزو نێرگز) نووسیویەتی:

نەورۆز و نێرگز

هەرساڵە نەورۆزو ناوێک
هەرساتە نەورۆزو باوێک
نەورۆز جەژنی میللەتێکە…..
نەوەک بیرەوەری ، پیاوێک
**
ویستم شتتێ کەمە دیاری
بۆنەورۆزی کوردەواری
چەپکێ نێرگزو گوڵی جوان
بۆ گۆنای سووری گوڵناری
**
مێزێ نێرگزو گوڵی جوان
لە گوڵاڵەی خوێنی لاوان
دادەنێم لە سەر مەزاری
کاوەی ئاسنگەری، داستان
**
بەڵام چەند ساڵە واباوە
نەورۆز سەری لە سوێ ناوە
مژدانەی فیداکارییە….
ئەو خوێنەی کەوا ڕژاوە
**
نەورۆز ، جەژن و ناونیشانە
گڕو بڵێسەو گڕدانە
چەکوشی نێو گۆلمی هەقبێژە
هەگبەی خاڵۆی تێکۆشانە
**
نەورۆزمان وا لەبەر چاوە
خەڵاتی گەورەی هێناوە
لە ئاهەنگی مەرگی سەرما
ئەڵقەی لە پەنجە کراوە
**
ئەوەی نەورۆزی خۆشبوێ
دەبێ هەروەکو کاوە بێ
دژی زۆردار لە گەڕدابێ و…..
لەگەڵ چینی چەوساوە بێ !
**
نابێ مێشکی ڕۆڵەی داکێ
بدرێ بە هیچ ئەژدەهاکێ
بەڵکە دەبێ کەللەی هەموو…
زووحاکێ بکرێ بە خاکێ !
**
تێی گەیەنن کاوە کوردە
ئاگر دروشمی نەبەردە
نیشانەی سەرکەوتنمانە
تاقە جەژنی کۆنی کوردە
**

هەرساڵە نەورۆزو ناوێک
هەرساتە نەورۆزو باوێک
نەورۆز جەژنی میللەتێکە…..
نەوەک بیرەوەری ، پیاوێک
ئەو تۆوە هەرگیز شین نابێ …
بە هیچ خاک و خۆڵ و ئاوێک
ئاڵاو ئەی ڕەقیب و نەورۆز
قەت ناگۆڕین بەهیچ ناوێک
**

خوالێخۆشبوو مامۆستا ئازاد بابان