خەبات- هاوار مورتکەیی:
لە رکابەرییەکانی خولی پلە دووی تۆپی پێ تورکیا، یانەی ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی یانەی بورساسپۆر ، بەر لە یارییەکە و کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکەش گرژی و پیکدادان درووست بوو، هەروەها لەلایەن هاندەرانی بورساسپۆرەوە بەبەرچاوی هێزە ئەمنییەکانەوە هێرشکرایە سەر یاریزانانی یانەی ئامەدسپۆر و دروشمی رەگەزپەرستیان لە دژی یاریزانانی یانەی ئامەد سپۆر کە نوێنەرایەتی شاری ئامەد دەکات، دەگوتەوە و یاریگاکە ببوە مەیدانی پێکدادان و تووند و تیژی.
پۆلیس رۆلی خۆی نەبینی
رۆژی یەکشەممەی رابردوو پەیجی فەرمی یانەی وەرزشی ئامەدسپۆر راستەوخۆ ڤیدیۆی یارییەکەی دەگوستەوە کە چۆن یاریزانانی تیپی بەرامبەر هەڵدەکوتنە سەر یاریگا و هێرش دەکەنە سەر یاریزانانی یانەی ئامەدسپۆر، سەیر لەوەدابوو سەرباری ئەو گرژی و شەڕە، کەچی یارییەکە لەکاتی خۆیدا ئەنجامدرا و نەوەستا! تەنانەت بەپێی گوتەی چەند یاریزانێک، لەکاتی چوونەدەرەوە پۆلیسیش لە یاریزانانی یانەی ئامەدسپۆریان داوە.
ناوبژیوان نەیتوانی یارییەکە رابگرێت
بەپێی گووتەی ئەندامانی یانەی ئامەدسپۆر، ئەم شەڕ و ئاژاوەیە پێشتر بەرنامەی بۆ داندرابوو، چوونکە بەر لەدەستپێکدا تووندوو تیژی دەستیپێکرد و ئەمە چاوەروانکراو بوو، لەگەڵ فیکەی ناوبژیوانیش، هاندەرانی بۆرساسپۆر بوتلە ئاوو و بەردیان دەگرتە یاریزانان و ناو گۆڕەپانی یاریگا پڕ ببوو لە بەرد و دەبەی ئاو، ناوبژیوانیش هیچ بریارێکی نەدا بۆ وەستاندنی یارییەکە.
پێشوازییەکی گەرم لە ئامەدسپۆر
بۆ بەیانیەکەی یانەی ئامەدسپۆر گەڕایەوە شاری ئامەد و لەلایەن هەزاران هاندەری یانەکەوە بەدرووشمی (کوردین ئەم) پێشوازییان لێکرا و پاڵپشتیی خۆیان بۆ تیپەکە دووپاتکردەوە، سەڵاحەدین یەڵدرم سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر لەبارەی ئەو هێرشەی کرایە سەریان و هەروەها ئەو پێشوازییە گەرمەی لێانکرا گووتی: هەر ئەوکات فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیامان لە رووداوەکان ئاگادارکردەوە، بەڵام بەداخەوەهیچیان پێنەکراو و نەیانتوانی بەر گرژی و هاندەران بگرن کە بەبەرچاوی هەمووان هێرشیان دەکردە سەرمان، تەنانەت نەیانتووانی یارییەکەش راگرن.
لەکەس ناترسیین
هەروەها سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر زیاتر گوتی: ئەم پێشوازییە گەورەیەی هاندەرانی ئامەدسپۆر دەرخەری پاڵپشتیی ئەوانە و ئەوان یانەکە بە یانەی خۆیان دەزانن، ئەوەی روویداوە خزمەتی ئاشتی و برایەتی و هیچ شتێک ناکات، ئێمە لەگەڵ رووداوی لەو شێوەیەدا نین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رایدەگەیەنین کە ئێمە دیاربەکرین و لە کەس ناترسین، لێرەدا ناوستین و هەموو رێکارێکی یاسایی دەگرینەبەر.