
خەبات- بەرهەم شێخ عزەدین
عەلی حوسێن ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی سلێمانی- هەڵەبجە – ڕاپەڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ڕەوشی سلێمانی و چەند دەنگۆیەك قسەی بۆ خەبات كرد و لە وەڵامی ئهو پرسیارهی كه ئایا پارتی دوای كۆنگرەی 14 دەیەوێت چی بكات بۆ سلێمانی، گوتی: دوای كۆنگرەی 14، ئێمە سەردانی لایەنەكانمان كردووە و دەمانەوێت بەرنامەیەكی گشتگیر و هەمەلایەنە و هاوبەش دابنێین و بە هەمووان خزمەتی كوردستان و سلێمانی بەتایبەتی بكەین، ههروهها دەمانەوێت بە هەموومان حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەهێز بكەین و لەڕێی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە پارتی خزمەتی زیاتر بە ئیدارەی سلێمانی بكەین. عەلی حوسێن گوتیشی: پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت پردێك بێت لەنێوان جەماوەر و حكوومەت بۆ ئهوهی ئەو كەموكوڕییانەی لەم سنوورە هەیە لەڕێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەری بكەین.
ههروهها لە وەڵامی ئەو پرسیارهی كه دەگوترێت پارتی گەمارۆی خستۆتە سەر سلێمانی و نایەوێت سلێمانی ئاوەدان بێت و بەرەوپێش بچێت، ئێوە وەك بەرپرسی یەكەمی پارتی لەم سنوورە چی دەڵێن؟ لە وەڵامدا عەلی حوسێن گوتی: پارتی دیموكراتی كوردستان پارتی هەموو كوردستانە و سلێمانی و هەموو شارەكانی دیكهی كوردستانیش لای پارتی خۆشەویستن و خەڵكی ئەم سنوورە (هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان و سلێمانی) كەمیان نەكردووە، بۆیە شایستەن خزمەتی زیاتر و باشتر بكرێن، دیارە لەم سنوورە كێ ئیدارەی بەدەستەوەیە و چی كراوە و چی كردووە! وە دیاریشە پارتی ئیدارەی هەولێر و دهۆكی لایە چی كردووە و چی دەكات، بێگومان ئەو جۆرە قسانە قسەی كۆمەڵێك كەس و لایەنن كە ئیدارەی ئەم سنوورە ئەدەن و شكستیان هێناوە و دەیانەوێت بەم جۆرە قسانە شكستی خۆیان بشارنەوە.
له كۆتاییدا عەلی حوسێن بۆ خهبات گوتی: ئێمە داواكارین خەڵكی ئەم سنوورە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگی خۆیان بدەن بە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوكات بۆیان دەردەكەوێت پارتی خزمەتیان دەكات یان گەمارۆیان ئەدات؟! ئەو قسەیەی ئەوانە پێچەوانەكەی ڕاستە، جەنابی سەرۆكی حكوومەت كاك مەسرور بارزانی زۆر بەجدی و خەمخۆرییەوە دەیەوێت خزمەتێكی زیاتری سنووری ئیدارەی سلێمانی بكرێت، بەڵام بەداخەوه ئەوانەی ئیدارەی ئەم سنوورەیان لایە لە ئاست بەرپرسیارێتیدا نین.