خەبات : حەمە ئەحمەد جاف:- کاتژمێر(3:00)ی سەرلە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی 2023/3/2 لە هۆڵی پێشەوالەناو وەزارەتی ڕۆشنبیری، ڕێکخراوی کوردستان دیالۆک، دووەمین دیداری شێخی شاعیران(حەسیب قەرەداخی) لەشاری هەولێر سازدەکات بەوشێوەیە:
ــ سەرەتا ناساندن و بڵاوکردنەوەو پێشکەشکردنی فەرهەنگی( خەمی ناخ ) بەسێ توێژینەوەی ئەدەبیەوە.
ــ ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە پۆلێک نووسەرو هونەرمەندو کەسایەتی دیاری شاری هەولێر.
ــ بەهەماهەنگی هونەرمەندان( دیاری قەرەداخی و سەعدون کاکەیی و هەرێم محەمەد ) و چەندین ژەنیاری بەتوانا لەگەڵ خوێندنەوەی شیعرەکانی شێخ حەسیب.

(ژیاننامەی شێخ حەسیب)
ناوی حەسیب کوڕی شێخ عەلی کوڕی شێخ عەبدولڕەحمان قەرەداخی یە ناسراو بە (شێخی شاعیران)
لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ساڵی ١٩٢٩، لە گوندی (سۆڵەی چرچە قەڵا) ناوچەی قەرەداخی سەر بە شاری سلێمانی و لە ناو خێزانێکی خوێندەواری بنەماڵەی شێخانی مەردۆخی دا، ھاتووەتە ژیانەوە.
لە ساڵی ١٩٤٧ لە ئاوەدانی مەحاویل لە ناوچەی حیللە بووە بەقوتابیی خانەی مامۆستایانی ھەرێمە کشتوکاڵییەکان.
بەھۆی ڕووداوە سیاسییەکانی عێراق لە ساڵی ١٩٤٨ کە لە دواییدا بە وەسبە «وثبة» (ڕاپەڕین) ناوی دەرکرد زۆر چالاکانە بەشداری کرد لە ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکەی ئەوساڵەدا و بۆ یەکەمجار تێکەڵ بە کاروانی تێکۆشانی نیشتمانی و نەتەوەیی بووە. پاشان لەو خانەیە دەرکرا و گەڕایەوە سلێمانی.
ساڵی ١٩٤٩ بوو بەقوتابی قوتابخانەی ناوەندی لە سلێمانی بەھۆی کاری سیاسییەوە بۆی نەکرا تەواوی بکات و ناچار گەڕایەوە گوندی سۆڵە تا ساڵی ١٩٥٤ لەوێ ژیانی بردە سەرو لە ساڵی ١٩٥٥دا، ژنی ھێناوە .
شاعیر لەماوەیەکی کەمدا بۆتە یەکێ لە ناودارترین شاعیرە داھێنەرەکانی ناو کەسانی کوردستان، ھەربۆیە لەگەڵ کودەتای بەعەسییەکاندا لە ساڵی ١٩٦٣دا، دەستبەجێ دەگیرێ و نزیکەی ٣ ساڵ لەگەڵ سەدان لاوی شۆڕشگێڕ و دەیان ڕۆشنبیر و شاعیر و نووسەر و ڕامیاری گەورەی کورد و عەرەبدا، لە زیندانی نوگرەسەلمان دەمێنێتەوە تا ساڵی ١٩٦٥.
لە کۆتایی ساڵی ١٩٦٥ تا ١٩٦٩، لەگەڵ خانەوادەکەی بۆ شاری بەغدا دوور دەخرێتەوە؛ بەڵام بە سەربەرزی ژیان دەگوزەرێنن.
لە سەرەتای ساڵی ١٩٦٩دا، لێبوردنێکی گشتی لە دەسەڵاتی بەغداوە دەرچوو لە بابەت ھەموو ئەو کەسانەی بەھۆی سیاسییەوە لە مووچەخۆری میری دوور خرابوونەوە. حەسیب پاش ٧ ساڵ زیندانی و دورخستنەوە، بەر ئەو لێبوردنە کەوت و بەمووچەخۆریەکی بچووک لە کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار لە سلێمانی دامەزرا.
مەخابن شێخ حەسیب لە ٥ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٧ بۆ دواجار دڵی لە لێدان کەوت و دوا ماڵئاوایی لە دنیای ئەدەب و شیعری کوردی کردو جێیهێشتین، لەگردی سەیوان بەخاک سپێردرا.
شاعیری نەمر، خاوەنی سێ کوڕو کچێکە بەناوەکانی (خەبات و بەھات و ئازا و نیگار)
کە هەر هەموویان شاعیرو نووسەرو هونەرمەندن