معروف حسن عمر
چەند سەد ساڵێک بەرلە لەدایکبوونی (بارزانی نەمر)، کورد خاوەنی جۆرێک لە دەسەڵات، کۆشک و سواری چاک بووە، بە جۆرێک کە سنوری دەسەڵاتی هەندێک گرووپی کۆمەڵایەتی یەکجار بەرفراوان بووە، هەڵبەتە لە چوارچێوەیەکی دانپێدانراو و دیاریکراودا، ئەمە سەرباری ئەوەی کە تەکنەلۆجیای سەربازی لە ئاستێکی یەکجار سەرەتاییدا بووە بەتایبەت لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدە دا، بەڵام لەمڕۆدا ئەوەی بۆمان مابێتەوە، بەرهەمی ڕەشماڵە بچوکەکەی (مەلا مستەفا)یە لەناو دۆڵ و نێوانی شاخەکانی کوردستاندا. ئەمە ڕاستییەکی مێژووییە و سەردەمەکان خۆیان ئەزموونەکەیان بەرجەستەکردووە و پێویست ناکات بیخەینە فۆڕمێکی ئەکادیمییەوە و بەدوای فاکتدا بگەڕێین بۆیان، لەبەرئەوەی خۆیان فاکتن و لەبەرچاون.

سەردەمی (بارزانی نەمر) و سەردەمی (میرایەتی و خانایەتی)، دوو سەردەمن کە بە دوو جۆری جیاواز کورد تێیاندا ئامادە بووە و بە دوو شێوازی جیاوازیش، لە سەردەمەکەیان گەیشتوون و خەیاڵدانیشیان بۆ ئایندە بەکارهێناوە. لە یەکەمیاندا کورد تا ئاستێکی وا دەسەڵات و ئامێری هەیە کە دەتوانێت شاری پێ دروستبکات، ئەمە جگە لەوەی کە دوژمنانی کورد لەو سەردەمەدا، توانای سەربازییان سنورداربووە و چەکی بەردەست بۆ هەموو گرووپێکی کۆمەڵایەتی و بزووتنەوەیەکی سیاسی، بریتیی بووە لە ئەسپ و شمشێر، وەیان لە باشترین دۆخدا، بریتیی بووە لە جۆرێکی سادە، سەرەتایی و دیاریکراو لە تفەنگ و باڕووت. واتە لەو سەردەمە دێرینانەدا کەس فڕۆکەی شەڕکەر، بۆمبی کیمیایی، تانک و زرێپۆشی سەربازی نەبووە.

بەڵام لە دووەمیاندا، ئەو ڕۆژگارەی کە (بارزانی نەمر) تێیدا ڕابەرایەتی خەباتێکی مەزن دەکات لە پێناو هەندێک دەستکەوتی سیاسی بۆ گەلی کورد، ڕۆژگاری فڕۆکەی جەنگی و چەکی ناوکییە لە لایەک، لە لایەکەیتریش ڕۆژگاری هەرچی زیاتری چەوسانەوەی گەلی کوردە لە لایەن داگیرکەرانییەوە کە توانیویانە سوود لە تەکنەلۆجیای سەربازی و هەموو ئەو ئاسانکارییانە وەربگرن، کە هەر دەوڵەتێک بە شێوەیەکی یاسایی دەتوانێت بەدەستی بێنێت. لێرەوەیە کە (شاخەکان) دەبن بە دۆست و دۆڵەکانیش دەبن بە پەناگا و بارەگا.

(بارزانی نەمر) وەک چەقی مێژووی سیاسی ئێمە
دەکرێ سەدەی بیستەم بە سەدەیەکی غەمگین و سەختی خەباتی سیاسی بناسێنین بۆ ئەو نەوەیەی، کە لەو ڕۆژگارەی ئامادەگی ئێمە لەم ناوچەیە دا خەباتی کردووە. لەسەر بنەمای گەڕانەوە بۆ نەبوونی هزرێکی سیاسی قووڵ لە لایەن ئەزموونی میرنشینی ئێمەوە لە سەدەکانی ڕابردوو دا، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە فەلسەفەی سیاسی ئێمە لەو ئەزموونانەدا، تا بڵێی هەژار بووە و تا ئاستی ئەوەی هەندێکیان، توانای ڕازاندنەوەی کۆشکەکانیشیان نەبووە کە لەو سەردەمەدا، کۆشکی بەرز و مۆنیۆمێنتەڵ، سیمبوڵی ئیرادە، شکۆ و هێزی گرووپە کۆمەڵایەتیی، دەسەڵاتە باڵاکان و چینە ئەرستۆکراتەکان بووە، ئەمە جگەلەوەی بەشێکی زۆریان هەوڵیانداوە مێژووی خۆیان و بنەماڵەکەیان، ببەستنەوە بە پیاوە مەزنەکانی ناو مێژووی ئایینی باڵادەستی ناوچەکە، لەبڕی ئەوەی شوناس و فۆڕمێکی دیاریکراوی تایبەت بە خۆیان بەرهەمبێنن و ئەدەبیاتی سیاسی ئێمە لەوبارەیەوە دەوڵەمەند بکەن. فەلسەفەیەکی سیاسی هەژاریان هەبووە لەسەر ئەو بنەمایەی کە، پسیاری سیاسی قووڵ و جەوهەرییان لەسەردەمەکەیان نەکردووە.

پشت بەستن بەم ڕاستییە، (بارزانی نەمر) بەرجەستەکەری هاواری نەتەوەیی ئێمە بووە لە ئاست ئەو (کەمتەرخەمییە مێژووییە- سیاسییە) دا سەبارەت بە مافە سیاسییەکانی ئێمە لەم ناوچەیە. بارزانی نوێنەری جیهانبینییەکی ڕەخنەگرانەی ڕادیکاڵ و قووڵ بووە لە مێژووی سیاسی ئێمە و بەرجەستەکەری ئیرادەی ئێمە بووە بۆ خەباتکردن لە پێناوی ئازادیدا. بارزانی سیمبوڵی کۆمەڵگای ئێمە بووە بۆ چاکسازی سیاسی لە سیستەمی حوکمڕانی ناوچەکە و خواستی هەموومانی، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاری لە خۆیدا جێکردبووەوە، بەمەش ڕێگای نەدا سەدەی بیستەم سەدەیەکی بێدەنگی سیاسییانەی ئێمە بێت لە ناوچەکەدا. بە پێچەوانەوە، بارزانی نەمر سەدەی بیستەمی کرد بە یەکێك لە وێستگە هەرە چاڵاکەکانی مێژووی سیاسی ئێمە بە ئاستێک، ئەگەر ئەو لەو مێژووە بێنینە دەرەوە، ئەوا ڕووبەری خەباتی سیاسی ئێمە لەو سەدەیەدا، زۆر تەسک و بچوک دەبێتەوە.

بۆیەشە دەرئەنجامی ئەو کۆششە سیاسییە ڕێککەوتننامەی ١١ ی ئازاری ١٩٧٠ بوو، وەک تاکە ڕێککەوتنێک لە ناوەندە سیاسییەکانی دنیا دا پەیوەست بە کورد و مافە سیاسی و کەلتوورییەکانی، کە خودی ئەو ڕێککەوتنە بەرجەستەکەری ئەو فشارە سیاسییە زۆرەیە کە بارزانی خستویەتییە سەر ڕژێمەکانی عێراق. واتە (بارزانی نەمر) نەیهێشتووە توانای بەرگریکردن لە مرۆڤی ئێمەدا لاواز ببێت، بەپێچەوانەوە، بەردەوام ختووکەی هۆشیاری دوژمنی داوە بەوەی کە دەستی بۆ سەرزەمینی کوردەکان هێناوە و ئەمانیش قبووڵی ناکەن. واتە نەیهێشتووە بێدەنگی سیاسی و چۆکدادانی سیاسی ببێت بە کردەیەکی ئاسایی و قبوڵکراو تا لە ڕێیەوە دەروونی مرۆڤی کورد ئامادە بێت بۆ بێدەنگبوون لەئاست پشتگوێخستنی مافە سیاسی و نەتەوەییەکانیدا.

(مەلا مستەفا) و ڕەتکردنەوەی (ژیانی ڕووت)
(میر، خان و بەگ) بریتیبوون لە شوناسە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییە هەرە دیارەکانی ئێمە لە مێژوو دا. ئەم دەسەڵات و پێگە سیاسی و کۆمەڵایەتییانە چەندە گەمەیەکی زمانەوانی بووە، دوو هێندە ئاماژەی نا-تەبایی کۆمەڵایەتی و سیاسی بوونە، چەندە هەوڵدان بووە بۆ خۆ جیاکردنەوە لە ئەزموونی (چەمکسازی) ئەوەیتر، دوو هێندە ئاماژە بووە بە قووڵی برینی نا-ئاگایی سیاسی ئێمە.

لەم ئاستەدا، (بارزانی نەمر) وەڵامدەرەوەی ئەو پەرتەوازە مێژووییەیە، واتە پڕکردنەوەی بۆشایی یەکێتی هۆزە کوردییەکان و داهێنانی فۆڕمێکی دیاریکراوی بەیەکەوەبوون، کە بتوانێت هێزی کۆمەڵە جیاوازەکان لە دەوری هەندێک بەهای هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەش و دوورمەودا، کۆبکاتەوە. بۆیە جەنابی بارزانی لە گوندی بارزان لەدایک دەبێت، بەڵام بەشە هەرە زۆرەکەی ژیانی لەناو شاخ، دۆڵ و شوێنە جیاجیاکانی کوردستان بەسەردەبات، بەشێکیشی لە بەدەمەوەچوونی جموجۆڵە سیاسییەکانی کوردان لە پارچەکانیتری کوردستان و بەشێکیش، لە ئاوارەییدا. هەموو ئەمانەش بەسەریەکەوە وەک ڕستێک، شوناسێکی کوردانەی پێدەدەن و نیشانیشمان دەدەن کە ئەو، وەک بارزانییەک لەدایکبوو بەڵام وەک کوردێک لە سەردەمەکەی گەیشت و دنیای بینی.

لەسەر ئەم بنەمایەش، ئەو هەوڵدەدات بپڕژێتە سەر هەموو کون و کەلەبەرێک، سەر دەخاتە ناو هەموو کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگای ئێمە، شارەکان و گوندەکان بەسەردەکاتەوە بە ئومێدی ئەوەی هێزی سیاسی ئێمە لە چوارچێوەیەکی نەتەوایەتیدا کۆبکاتەوە، ماتەوزەی مرۆیی ئێمە بگۆڕێت بۆ جووڵان و بیرکردنەوە لە هاوکێشە ئاڵۆزەکانی دنیا، واتە (بارزانی نەمر) وێستگەیەکی مێژووی سیاسی ئێمەیە کە تێیدا بە ژیانی ڕووت بڕوامان ناهێت و هەر نامانەوێت بژین لەپێناو ژیان خۆیدا، بەڵکو (بارزانی نەمر) دەیویست مانایەکی سیاسی قووڵ بدات بەو ژیانە و هەندێک بەها بکات بە کۆڵەگە سەرەکییەکانی، کە بە بڕوای من، ئەمە ئەو ئاکتە سیاسییە بووە کە دەبوایە لایەنیکەم لە سەدەی نۆزدە دا دەستەبژێری سیاسی ئێمە خاوەنی بوایە.

بەو دیویشدا، بازدان بەسەر بەهاکانی ناوچە، خێڵ و چوون بۆ لای (شێخ مەحمودی نەمر) لە سلێمانی و (پێشەوا قازی نەمر) لە ڕۆژهەڵات، پەنابردنە بەر یەکێک لە زلهێزانی جیهان (سۆڤیەت) لەپێناو وروژاندنی سیاسییانەی کێشەی کورد، خەسڵەتی هیچ بکەرێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی کورد نەبووە لە مێژووی کۆن و هاوچەرخی ئێمە دا، جگە لە جەنابی (بارزانی نەمر). بۆیە (مەلا مستەفا)، جگە لەوەی شۆڕشگێڕ و ڕابەرێکی کارا بووە، سیمبوڵی ئیرادەی تاکایەتی هەریەکێک لە ئێمەش بووە وەک کورد، ئیرادەیەک کە دوژمنە تەقلیدییەکانی ئێمە لەم ناوچەیەدا بە چەندین شێوازی جیاواز لێیانداوە و بێدەنگیانکردووە، ڕەنگە ئەو سیمبوڵیەتەش هۆکاری هەرە سەرەکی ئەو خۆشەویستییە زۆرەی کۆمەڵگای کوردی بووبێت بۆ جەنابی (بارزانی نەمر)، بەڵام ئایا جەنابی (بارزانی نەمر) هەر بەتەنها سیمبوڵی ویستی سیاسی و ئیرادەی تاکەکەسی ئێمەی کورد بووە بۆ ئازادی؟ وەیان چۆن بتوانین (مەلا مستەفا بارزانی) بناسین؟

(بارزانییەکان)… وەک گروپێکی ناسیۆنالیست
بە بڕوای من، هەموو هەوڵدانێک بۆ تێگەیشتن لە (مەلا مستەفا)، ئەگەر سەرەتا لە تێگەیشتن لە (بارزانی وەک بیروباوەڕێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی) دەستپێنەکات، هەوڵدانێکی کەموکورت دەبێت لە زۆر ڕووەوە، لەبەرئەوەی (بارزان) بریتییە لە ناوەندی ڕێنیسانسی کوردان لە چەند بوارێکی دیاریکراو دا، واتە چۆن (ڕێنیسانسی ئەوڕووپی) سەرەتا لە شاری (فلۆرێنس) سەریهەڵدا و بوو بە وێستگەی گۆڕانێکی مەزن و بنەمایی لە دنیای سیاسی، کەلتووری، ئابووری، ئەدەبی و هونەری خۆرئاوا، بەهەمان شێوە، (بارزان) ئەو گوندەیە کە تێیدا بۆیەکەمیجار لە مێژووی کۆمەڵایەتی ئێمەی کورد، بوو بە هەوێنی لێدان لە سیستەمی دەرەبەگایەتی و ڕستێک لە بەها و مانا کە چینە ئەرستۆکراتە سەردەستەکانی کۆمەڵگا بە دەوری خۆیاندا دروستیانکردبوو. بۆیە مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد لە سەدەی بیستەمدا بە چەندەها شێوە، باڵادەستییەکی مەزنی بارزانییەکانی بەسەرەوەیە. ئەم باڵادەستییە هەم لە قوربانیداندا خۆی بەرجەستەدەکات، هەمیش لە بوون بە بزوێنەری شۆڕش و خوڵقێنەری شۆڕشگێڕدا.

لە سەرەتا هەرە زووەکانی سەدەی بیستەمدا تا دەگاتە ئەمڕۆ، بارزانییەکان بکەرێکی چاڵاک و سەرەکی ناو کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمەن. ئەم پێگە باڵایە لە سەرکردایەتیکردنی شۆڕش لە شاخ و ئاراستەکردنی سیاسەت لە شاردا، هەڵبەتە لە پاڵ هێزەکانیتردا، دەرئەنجامەکەی ئەزموونی حوکمڕانی ئێمەیە لەمڕۆدا، بە هەموو باشی و خراپییەکانییەوە، بەڵام دیوی پشتەوەی ئەم حکومڕانییە، ڕووبارێکە لە خوێن-ڕشتن، هەتیو کەوتن، ئاوارەیی و دەربەدەری بە کۆمەڵ، بۆیە، بەشێکی مەزنی ئەم قوربانیدان و تاوانە نەتەوەییانە بەر بارزانییەکان دەکەون وەک گروپێکی قەبارە بچوک لەپاڵ گروپە کۆمەڵایەتییەکانیتردا کە کۆمەڵگای کوردی پێکدێنن.

هەر دەسەڵاتێک لە عێراقدا حوکمی گرتبێتە دەست، یەکێک لە چاڵاکییە سەرەکییەکانی پەلاماردانی کوردستان بووە و لەناو کوردستانیشدا بە تایبەتی، ناوچەی بارزان و بارزانییەکان. عوسمانییەکان هەر پەلاماریان داوین و ڕابەرە دینی و سیاسییەکانمانی لە سێدارە داوە. ئینگلیزەکان و تا دەگاتە بەعسییەکانیش هەر بەهەمان شێوە. سووتاندنی سەر و ماڵی ئێمە و ژینگەی ئێمە و… تا دەگاتە دەربەدەرکردن و ڕاگواستنی زۆرە ملێ و ئەنفالکردن، ئەو لۆگیک و زمانە بووە کە دەسەڵات دیالۆگی پێکردووە لەگەڵ ئێمەدا وەک کورد. لەناو ئەو پەلامارە زۆر و تووندوتیژانەشدا، جینۆسایدکردنی ٨٠٠٠ پیاو و مێرد منداڵی بارزانی، دیارترینیانە. بەعس توانای هەبوایە لە ئاوارەیشدا بارزانییەکانی ئەنفال دەکرد، هەروەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان – ئۆردوگای پەنابەرانی بارزانی لە (زێوە) – ئەم ویستەی ئاشکراکرد بە بۆردومانکردنی ژن و منداڵانی پێشمەرگە بارزانییەکان کە ئاوارەبوون لەوێ، تەنها ساڵێک دوای جینۆسایدکردنی بارزانییەکان لە 1984. کەوایە ئایا بارزانییەکان خێڵن؟

(بارزانییەکان) یەکەیەکی کۆمەڵایەتی (پان- خیڵ)
زۆر بە کورتی دەتوانم بڵێم نەخێر، لەبەرئەوەی خێڵ لە دەرەوەی ناوچەکەی خۆی بیر لەهیچ ناوچەیەکیتر ناکاتەوە، مەگەر بە مەبەستی داگیرکردنی نەبێت، خێڵ لە دەرەوەی بەها و پێدراوە سەردەستە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی، بیر لە بەهایتر و گۆڕانکاری ناکاتەوە… واتە بارزانییەکان لە کایەی سیاسیدا، گروپێکی (سەروو-خێڵن)، لەبەرئەوەی خێڵ، بەجۆرێک لە جۆرەکان، خۆی سیستەم و پەیکەرێکی کۆمەڵایەتی سەربەخۆیە و نەبەستراوەتەوە بە ماف و بەرژەوەندییە گشتییەکانەوە، بەپێچەوانەی بارزانییەکان کە لە هەزار لاوە بەستراونەتەوە بە کۆمەڵگای کوردییەوە لە هەر چوار پارچەی کوردستان، سەرباری ئەمانە ناتوانرێت ئەوە بشاردرێتەوە کە ئێمە، کۆمەڵگای کوردی بە هەموو یەکە کۆمەڵایەتییەکانییەوە، نەمانتوانیووە پڕۆسەی بەکۆمەڵایەتیبوونمان خێرا و بەهێز بکەین. واتە بەگشتی کۆمەڵێک لەمپەر لەبەردەم یەکە کۆمەڵایەتییەکانی ئێمەدا هەن تا بتوانن بەها و مانای هاوبەش لەنێوان خۆیاندا بەرهەمبهێنن، بەڵام ئەمە بۆ دنیای سیاسی وانیە، بەپێچەوانەوە، بارزانییەکان بە بەردەوامی لەپاڵ کۆمەڵگاکەی خۆیاندا بوون و خەباتیانکردووە و قوربانییانداوە. بۆ ئەم مەبەستەش، هیچ شوێنێکی کوردستان نەماوە نەیانکردبێتە گۆڕەپانی ململانێ سیاسییەکانی خۆیان لەگەڵ ڕژێمەکانی عێراقدا بە دیوێکدا،بە دیوەکەیتریشدا، لە پێناو مافە سیاسییەکانی کۆمەڵگای کوردی دەربەدەر و ئاوارەکراون هەر لە ئەرزەڕوم و وانەوە تا دەگاتە بیابانەکانی دیوانییەوە.

(بارزانی) وەک ڕێبازێکی فەلسەفی… بەڵام تیوریزەنەکراو
بەبڕوای من، ئەو وەرچەرخانە کۆمەڵایەتییە مەزن و کاریگەرەی لە ناوچەی بارزاندا ڕوویدا لە سەدەی نۆزدەهەمدا، کە تێیدا دەسەڵاتی ئاغا و سیستەمی دەرەبەگایەتی گۆڕدرا و (شێخانی بارزان) دەسەڵاتی ناوچەکەیان گرتە دەست، کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبووە لەسەر بیناکردنی ڕۆحێکی بەرگریکارانەی نەتەوەیی لەناو بارزانییەکاندا، لەبەرئەوەی وەرچەرخانەکە لەگەڵ خۆیدا سیستەمێکی نوێی لە بەها و مانای ئایینی، کۆمەڵایەتی و کشتوکاڵی بەرهەمهێنا کە جیاوازبوون لەوانەی پێشتر، بۆیە پرسی عەدالەتی کۆمەڵایەتی، ماف و ئازادییەکانی ژن، ئایین و پرسی ژینگە لە ڕەگەزە هەرە سەرەکییەکانی ناو ئەو دنیایە بوون کە دوای دەسەڵاتی ئاغایەتی و دەرەبەگایەتی هاتنە بوون، ڕامانی شێخانی بارزان لە دنیا و لەژینگەی دەورووبەریان و لە چۆنیەتی ڕێکخستنەوەی دادپەروەرانەی ژیان و شتەکانی ناوی، بەشێک بوون لەو ئایدیا و تێزە کۆمەڵایەتییە پیرۆزانە کە دەبوو بپارێزرێن و لەوپێناوەشدا دەکرا قوربانییان لە پێناودا بدرێت.

واتە جۆرێک لە ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی بەسەر بارزانییەکاندا هات، بە بەراوورد بە داگیرکاری ئاغا و دەرەبەگەکان و هەموو ئەو چەوساندنەوە کۆمەڵایەتی و مرۆییەی کە لەگەڵیاندا بوون، کە ئەو ڕیفۆرم و گۆڕانکارییە ڕیشەییە بەسەر دنیای کۆمەڵایەتی هیچ گرووپێکیتری ناو کۆمەڵگای کوردیدا نەهاتووە، هەڵبەتە ئەندازیاران و ڕۆشنبیرانی سەرەکی لەپشت ئەو ڕیفۆرمەوەش، شێخانی بارزان بوون، ئەمە وایکرد کە کۆڵەگە سەرەکییەکانی گروپێکی کۆمەڵایەتی تەندروست و تۆکمە و یەکگرتوو دابڕێژرێن و گرووپەکە ببێتە خاوەنی ئایدیۆلۆجیای تایبەت بەخۆی، کە لێیەوە دنیا و شتەکانی ناوی ببینێت، وایکرد کە پردی بڕوابوونی ئایدیۆلۆجی بەیەکتر و پردی بەهاناوە چوونی کۆمەڵایەتی و زەمینەسازی تێگەیشتن لەوەی دەبێت چی بپارێزرێت و لەکوێشدا دەبێت قوربانی بدرێت، بەهێزببن. واتە ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی ئەنجامدرا و وەفای خەڵکەکە بۆ سیستەمە نوێکە گەیەندرایە لووتکە، ئینجا جموجۆڵە سیاسییەکان دەستیان پێکرد و خەڵکەکە هۆشیاربوون بەوەی چ داواکاری سیاسییان هەیە و لەبەرچیش هێزی چەکدارییان دروستکردووە.

لەبەرئەمە، چوارچێوەیەکی تیۆری هەبوو بە دەوری هەموو جموجۆڵێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا. ئەمە، بەبڕوای من، ئەو نهێنییەیە کە لەپشت کاریگەری بەهێزی بارزانییەکانەوەیە بەسەر کایەی سیاسی ئێمەدا، ئەویش بەوەی کە هەردەم و لە زۆربەی قۆناغەکاندا یەکگرتوویی خۆیان پاراستووە. واتە، ئەو ستەم و داگیرکارییە کشتوکاڵییەی ئاغا و دەرەبەگەکان بە بەراوورد بە عەدالەتی سیستەمە نوێکە و مافی موڵکداری تایبەتیش لەناویدا، هەوێنی ئەو ڕۆحە سەرکەش و بەرگریکارەبوون لەناو بارزانییەکاندا. لەهەر شوێنێک ڕابەرانی ئەو سیستەمە یان سیستەمەکە خۆی ڕووبەڕووی مەترسی ببوایە، لەشکرێک لە بەرگریکار ئامادەبوو بۆ پاراستنی، چونکە دەیانزانی بەرگری لەچی دەکەن.

(شێخانی بارزان) و دنیابینی ئایینییان
دیوێکیتری هەر هەوڵدانێک بۆ ناسین و خوێندنەوەی (بارزانی نەمر)، بە بڕوای من، پەیوەندی بە ڕامان و ئەو پێرسپێکتڤەوە هەیە کە شێخانی بارزان و بارزانییەکان هەیانبووە بۆ چۆنیەتی تێگەیشتن لە ئایین و دواجار پراکتیزەکردنی، واتە ئەو چوارچێوەیەی کە لێیەوە پرسە ئاینییەکان بینراون و شیکراونەتەوە، کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبووە لەسەر بەلادا کەوتنی بارزانییەکان بەسەر پرسە نەتەوەییەکاندا، شەهیدکردنی (شێخ عەبدولسەلام بارزانی دووەم) لە ١٩١٤ دا بەدەستی عوسمانییەکان، ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە ئەو ڕامان و پێرسپێکتڤە ئایینییە تەسلیم نەبووە بە فەندەمێنتاڵیزمی دینی و دەستبەرداری ئایدێنتیتی و کوردبوونی لەلا قبووڵ نەبووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، لە قووڵایی ئاییندا بەدوای کوردبووندا گەڕاوە، ئەمە ڕێک پێچەوانەی ئەو ئاکتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەیە کە لەلای زۆربەی میر و پادشا کوردەکانیتر دەیبینینەوە بەر لە شەهیدکردنی شێخ و دوای شەهیدکردنیشی، واتە تاکتیک و ستراتیجیەتی سڕینەوەی ئەویتر لەبۆتەی نەتەوەیەکیتردا لەژێر چەتری ئایین کە جەوهەرەکەی داگیرکارییە، ئەو جەبرە بووە شێخانی بارزان نەچوونەتە ژێریەوە، سەرباری دەستگرتنیان بە پیرۆزییە دینییەکانەوە و دواجار پراکتیزەکردن و پاراستنیشیان تا ئەمڕۆ، واتە چاڵاکییەکی ئەقڵی و فیکری ناوچەیی و خۆییانە، بەها و ماناکانی ناو سیستەمەکەی داڕشتووە. ئەمە هەر زوو ڕەنگیدایەوە لەو مێژووەی لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقی دەستی پێکرد، ئەوەبوو کە پیشمەرگەی بارزانی بەشداری بکات لە پاراستنی کۆماری ئاڕاڕات لە باکور و کۆماری کوردستانیش لە ڕۆژهەڵات بە سەرکردایەتی (بارزانی نەمر)، وایکرد کە پێشمەرگەیەک لە بارزان لەدایک ببێت و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەهید ببێت، واتە هەنگاونان و بەهاناوەچوونی ئەوانیتری وەک خۆمان لەناوچەکانیتر و پارچەکانیتردا لەپێناو پاراستنیان و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی بەرامبەریان، نیشانیدەدات بارزانییەکان لە هەوڵدانێکی بێ ئەندازەدابوون لە پێناو تێپەڕاندنی عەقڵییەتی خێڵ و بیناکردنی نەتەوەییانەی خۆیان.

بۆیە شێخانی بارزان ئەو ترس و دەقە کۆمەڵایەتییانە دەشکێنن کە مرۆڤ دەکەن بە مرۆڤێکی ڕووت و ڕازی بە ژیانێکی ڕووت. ئەوان هەم لە کایەی ئایینیدا ئیشدەکەن و بیردەکەنەوە، هەمیش لە کایەی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا، ئەگەر (شێخ ئەحمەد) سیمبوڵی ئامادەگی و ئیشکردنی مۆدێرنانەی ئێمە بێت لە کایەی ئایینداریدا، (مەلا مستەفا) سیمبوڵی ئامادەگی و ئیشکردنی دنیاییانەی ئێمەیە لە کایەی سیاسیدا، چەندە (شێخ ئەحمەد) لە ئاستی ناوچەییدا پیاوێکی دینداری بەرهەمهێنابێت لە دەرەوەی مانا و بەهای خێڵەکییانەی پیاو، بە هەمان ئاست و بگرە زیاتریش، (مەلا مستەفا) شۆڕشگێڕ و خەباتکاری سیاسی بەرهەمهێناوە، لە ئاستی کوردستانیدا.

(مەلا مستەفا) وەک دیموکراتیترین سەرکردەی ناوچەکە
لێرەوە بەو دەرئەنجامە دەگەین کە، (بارزانی نەمر) هەر بە تەنها سیمبوڵی ویستی سیاسی و ئیرادەی تاکەکەسی ئێمەی کورد ناکات لە پێناو ئازادیدا، بەڵکو نوێنەرایەتی ئەو سیستەمە لە بیرکردنەوە و ئەو میکانیزمە لە ئیشکردنی کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی باوک و باپیرانیشی دەکات. ئەو هەڵکەوتەی ناو مێژوویەکی دوور و درێژە لە خەبات و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاری دەسەڵاتدارانی ناوچەکە بە گشتی.

(مەلا مستەفا) یەکێکە لە ڕاستگۆترین و دیموکراتیترین سەرکردە سیاسییەکانی ناوچەکە لە ئاست مێژوو و لە ئاست گەلی کورد دا. ئەو وەک بارزانییەک هاتە بوون، نەتەوەییانە ژیا لە پێناو گەلەکەیدا و دیموکراتییانە دەسەڵاتی بۆ نەوەی دوای خۆی جێهێشت، تەنانەت ئەو بکەرە سیاسییانەی لە ناوخۆ کێبڕکێی سیاسییان لەگەڵ دەکرد و سەر بە (چینی ڕۆشنبیر و خوێندەواری) ئێمە بوون، نەیانتوانی وەک ئەو دەستبەرداری دەسەڵات بن، تا مردن هەر سەرۆک بوون.
لەبەرئەمە، یەکەمین هەوڵی دیموکراتییانەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات، لە مێژووی کۆن و هاوچەرخی هێزە سیاسییەکانی ئێمە دا، دەگەڕێتەوە بۆ تێکۆشانی جەنابی (بارزانی نەمر).

لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ئەم زاتە مەزنە دا، دروود و سڵاو لە ڕۆحی پاکی