گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل رایگەیاند، خاڵی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵییدا ھەیە و ھەردوولا دەیانەوێت کێشە ھەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکەن.

د.جووتیار عادل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە پێگەی ھەرێمی کوردستان رۆژ بە رۆژ بەھێز دەبێت و وڵاتان بە تایبەتی وڵاتانی ناوچەکە پاڵپشتی لە ئەزموونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن.

ئاماژەی بەوەیش دا کە لێکتێگەیشتنیکی باش ھەیە لەنێوان ھەرێمی و کوردستان و وڵاتاندا و گوتی: ژمارەیەک وڵات ئارەزوویان ھەیە، رێککەوتنی ھاریکاری و ھەمانگی لە سەرجەم بوارەکاندا لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا واژوو بکەن، بە تایبەتی لە بواری ئابوورییدا.

گوتەبێژی حکوومەتی ھەریمی کوردستان، جووتیار عادل لەبارەی سەردانەکانی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق گوتی: ئێمەوە وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەمانەوێت شەراکەتێکی راستەقینەمان ھەبێت لە دروستکردنی بڕیار لە بەغدا، شەراکەتەکەیش لە بەرژەوەندی ھەموو خەڵکی عێراقدا بێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی سەرجەم کێشە ھەڵپەسێردراوەکانە.

گوتیشی: ئێمە لەو بڕوایەداین دەستوور تاکە چارەسەرە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق و بەشداری ئێمە لە بەغدا پێویستە لەسەر بنەمای فیدراڵیی بێت.

د.جووتیار عادل ھەرلەبارەیەوە رایگەیاند کە خاڵی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵییدا ھەیە و ھەردوولا دەیانەوێت کێشە ھەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکەن.