سوورە مەرگەیی
ئەو دابەشبوونە سیاسی و حزبییەی نێو حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، پرۆسەی سیاسی و چارەنووس و دواڕۆژی کوردی لە باشوور خستۆتە بەردەم دوو ئەگەر، دوو ئەگەرەکەش راستەوخۆ و ناراستەخۆ کاریگەری لەسەر باکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان دەبێ، چونکە پرسی کورد لە هەر چوار بەشەکەی کوردستان یەک پرسە و، پرسەکەش خۆی لەو زوڵم و ستەم و چەوسانەوەیەدا دەبینێ، کە بە درێژایی مێژوو لەلایەن تورک و فارس و عەرەبەوە لە کورد کراوە و، تا ئەم ساتە وەختەش بەردەوامی هەیە، ئەوەی لە رق و پیلانەکانی تورک و فارس و عەرەب بەدی دەکرێ و مێژووش ئەوەی پشت راست کردۆتەوە، کە ئامانجیان نەهێشتنی کوردە وەک نەتەوەیەکی جیاواز لە خۆیان.
دابەشبوونە سیاسی و حزبییەکە و لێکەوتە و مەترسییەکانی:ــ
ئەوەی بە هەڵوێست و وتار و کردار و رەفتاری حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانەوە دەبینرێ، پارتی دیموکراتی کوردستان کوردبوون و کوردایەتی پێش حزبیبوون و حزبایەتی خستووە، ئەوەش وایکردووە لەگەڵ هاتنە پێشی هەر رووداوێک، ئامانجە نەتەوەیی نیشتیمانییەکان پێش ئامانج و دەستکەوتی حزبی بخات، بە پێچەوانەوە چەند دەستە و گرووپێکیش حزبیبوون و حزبایەتیان پێش کوردبوون کوردایەتی خستووە و، ئامانج و دەستکەوتی حزبیشیان پێش ئامانجە نەتەوەیی و نیشمانییەکان خستووە، ئەوەش وایکردووە دەزگا هەواڵگری و موخابەراتییەکانی داگیرکارانی کوردستان، بە پێدانی دەستکەوتی حزبی وەک ئەوەی دەیانەوێ ئاراستەیان بکەن و بەگژ ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی خەڵکی کوردستانیاندا بکەنەوە، بەڵگەش بۆ بوونی ئەو راستییە..
لە دژایەتی کردنی پارتیدا لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی یەکدەگرنەوە و کوردگوتەنی: بە زارێک دەخۆن و بە قوونێک دەڕین، ئەو دابەشبوونەی نێو حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان مەترسیدارە و پرۆسەی سیاسی و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی خەڵکی کوردستانی خستۆتە بەردەم دوو ئەگەر.
ئەگەری یەکەم:ــ ئەو ئەگەرە کورد لە چەوسانەوە و ژێردەستەیی و مەترسی و دووبارە بوونەوەی مێژووی پڕ کارەسات دەپارێزێ و، بە دوا ئامانجی سەربەخۆییشی دەگەیەنێ کە رزگاری کورد و سەربەخۆیی کوردستانە، بە مەرجێک کوردبوون و کوردایەتی پێش حزبیبوون و حزبایەتی بخرێ، ئەوەش کاتێک روودەدات کورد لە دیدگای رێبازی بارزانی نەمر و هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی سەرۆک بارزانییەوە بۆ داهاتوو بڕوانێ.
ئەگەری دووەم:ــ ئەو ئەگەرەش کورد بەرەو هەڵدێری زیاتر دەبات و کاراسەت و نەهامەتییەکانی رابردوو بەسەر خۆیدا دووبارە دەکاتەوە، ئەوەش کاتێک روودەدات،کە وەک ئەوەی هەندێ دەستە و گرووپ حزبیبوون و حزبایەتیان پێش کوردبوون و کوردایەتی خستووە، بۆیە پێویستە چتر گوێ لەو گەڕەلاوژە حزبییەی ئەو دەستە و گرووپانە نەگرێ، کە هەر رۆژە و بە ئاوازی دوژمن و داگیرکارێکی کوردستان سەما دەکەن.