ئازاد دیبه‌گه‌یی
ئاشكرایه كه به‌روبوومى گه‌نم له هه‌رێمى كوردستاندا به بایه‌خه‌وه سه‌یر ده‌كرێت له لایان جوتیارانه‌وه و سه‌رچاوه‌یه‌كى داهاتى گرنگه بۆیان ته‌نانه‌ت كاریگه‌رى ئه‌رێنى له‌سه‌ر ئابوورى وڵاتیش دا هه‌یه.
چاندنى گه‌نم له سه‌ره‌تاوه تاكو قۆناخى دروێنه و كۆكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌م به چه‌ند وێستگه‌یه‌كى جیاواز ره‌ت ده‌بێت كه هه‌ر وێستگه‌یه‌ك چه‌ندین پێداویستى تایبه‌تى هه‌یه و جیاواز له‌گه‌ڵ ویستگه‌كه‌ى دوایی خۆى یان قۆناخى دوایی خۆى دا، ئێستاش ته‌كنیكى چاندن به‌رده‌وام له گۆڕانكارى دایه كه ئه‌وه وایكردووه جوتیاران له كێبڕكێ دابن بۆ به‌ده‌ستهێنانى زیاتر له ته‌نێك له دۆنمێكدا، به‌ڵام ئایا سه‌رجه‌م جوتیارانى گه‌نم پابه‌ندى رێگا راست و دروسته‌كانن؟
ئایا ده‌زانن له چ ته‌مه‌نێكى گه‌نم په‌ین به‌كار بهێنن و چ جۆرێك هه‌ڵبژێرن و به چ بڕێك بیده‌ن به گه‌نمه‌كه؟، ئایا گرنگى به قه‌ڵاچۆكردنى بژار و قرتێنه‌ره‌كان ده‌ده‌ن و له كاتى دروستى خۆیدا؟، ئایا ئه‌و جوتیارانه‌ى سه‌رچاوه‌ى ئاویان هه‌یه ده‌زانن به شێوه‌یه‌كى ئابووریانه ئاو به‌كار بهێنن و له كاتى دروستى خۆى كه خه‌رجییه‌كى زیاد به‌كار نه‌هێنن له كڕینى سووته‌مه‌نى؟، ئه‌وه‌و چه‌ندین هه‌نگاوى زانستى دیكه له كاتى سه‌رهه‌ڵدانى نه‌خۆشیی و ده‌رده كشتواڵییه‌كان و كاتى دروێنه و پاش دروێنه، ئه‌وانه هه‌مووى هه‌نگاوى گرنگن بۆ زیادكردنى بڕشتى گه‌نم كه پێویسته پیاده بكرێت، ئه‌و كردارانه‌ش پێویستییان به سه‌رپه‌رشتیكردن هه‌یه له لایان وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو له رێگاى پسپۆڕانى بوارى چاندن و توێژینه‌وه‌ى كشتو‌كاڵى كه به بۆچوونى ئێمه پێویسته تیمى سه‌رپه‌رشتى پێكبهێنرێت و راسته‌وخۆ سه‌ردانى ناوچه جیاوازه‌كان بكه‌ن و رێنماییان پێ بده‌ن.
له هه‌مانكاتدا سوود له سۆشیاڵ میدیا وه‌رگرن به دانانى ئه‌كاونتى تایبه‌ت به ناوى (ستراتیجیه‌تى به‌رهه‌مهێنانى گه‌نم) یان (بۆ ئه‌وه‌ى به‌رهه‌مى گه‌نمى ئه‌م ساڵه‌ت زیاتر بێت) له رێگاى ئه‌و په‌یچ و ئه‌كاونتانه و‌ڵامى پرسیارى جوتیاران بدرێته‌وه وێڕاى پێشكه‌شكردنى رێنمایی كاتى و سات به ساتى به‌رهه‌مهێنان.