خەبات: سولین سلێمان:- ئەسپسواری یەکێکە لە وەرزشە جیهانیەکان خەڵکانێکی زۆر حەز بەم یاریە دەکەن کوردستانیش وەک وڵاتان بێبەر نیە لەم جۆرە وەرزشە ، چەند راهێنەرێک هەستاون بە کردنەوەی شوێنێکی تایبەت بە فێرکردنی ئەسپسواری بە ناوی (هۆرس مان) و تێدا هەر کەسێک خولیای وێنەگرتنی هەبێت لەگەڵ ئەسپەکان یاخود بەسەربەردنی کات لەگەڵی یانیش بیەوێ فێری ئەسپسواری ببن دەتوانن سەردانی ئەو فێرگایە بکات ، دارین نەجمەدین راهێنەرە لەم فێرگایە نزیکی چوار ساڵە ئەسپسواری دەکات بۆ ماوەی دوو ساڵە راهێنەری ئەم وەرزشەیە لە ئێستادا وەک خۆی دەڵێت ئەسپ بوەتە بەشێک لە ژیانی و ناتوانی دەسبەرداری ببێت و لەم دیمانەیەدا بۆ خەبات تەواوی زانیاریەکان دەربارەی فێرگاکەیان دەخاتەروو:
*بیرۆکەی دانانی ئەم فێرگەیە چۆن بوو؟
“بیرۆکەی فێرگەی ئەسپ سواری هۆرسمان سەرەتا هەر لەو شوێنە دەستم پێکرد کە تەنیا ئەسپ مان بۆ خۆشی خۆمان رادەگرت دواتر بریارمان دا ئەم فێرگەیە پەرە پێ بدەین و گەورەی بکەین و نزیکی بکەینەوە لە شار وە هەروەها بیرۆکەی دانانی ئەم فێرگەیە بۆ خودی خۆم دەگەرێتەوە کە نزیک ٣ ساڵ پێش ئێستا سەیرم کرد خەڵکێکی زۆر حەز و خولیایی بۆ ئەسپ هەیە و شوێن نیە یان ئەم شوێنانەیی ئەسپ سواری لێ دەکرێ تەنیا لە ناو ساحە یان گۆرەپان دەکرێت وە یەکەم فێرگە بووین کە گەشتی ئەسپ سواری یان سەفاری تێدا ئەنجام دا لە هەموو کوردستان.
*ئامانجتان لە دانانی ئەم فێرگایە چیە؟
“وە ئامانجمان لە دانانی ئەم فێرگەیە ئەوە کە ئەسپ بە خەڵک بناسێنین خولیایی ئەسپ سواری لە نێو خەڵک دا زیاد بکەین خەڵک زیاتر پەرە بە ئەسپ و ئەسپسواری و راگرتنی بکات.
*کێن ئەو کەسانەی کە ئەو فێرگەیە بەرێوەدەبەن؟
“ئەو کەسانەی کە فێرگەکە بەرێوەدەبەن پێک دێت لە چەند کاپتنێک و راهێنەرێک و ئەو کارمەندانەی کە خواردن بە ئەسپەکان دەدە ن و پاک یان دەکەنەوە و ئامادەیان دەکەن.
*بە گشتی کاروچالاکیەکانتان چین؟
“کاروچالاکیەکانمان بەردەوام بەژداری لە ڤیستیڤاڵ و بۆنەکان دەکەین وە فێرگەکەمان لە چەند بەشێک پێک دێت وەک خولی فێربوونی ئەسپ سواری و سوارچاکی کردن لە نا گۆرەپان بۆ ئەو کەسانەی چەند خولەکێک سواری دەکەن و گەشتی ئەسپ سواری وە راگرتنی ئەسپ و ماین بۆ خەڵک وە بوونی فرۆشگایی کەلوپەلی ئەسپ و ئەسپ سواری.
*تا چەند خەڵک گرنگی بەم وەرزشە دەدات؟
“وە ئێستا بەرێژەیەکی زۆر خەڵک گرینگی بەم فێرگانە دەدات و خەڵک خولیایی بۆ ئەسپ زیاتر بووە.
*لە کۆتاییدا چ پەیامێکت هەیە؟
“لە کۆتایی دا دەڵێم هیوادارم کە خەڵک دێن بۆ ئەسپ سواری گرینگی زیاتر بە ئەسپەکان بدەن و ئازاریان نەدەن چێژ لە ئەسپ و ئەسپ سواری وەربگرن و کڵاوی سەڵامەتی بەکار بێنن وە خۆیان فێری ئەسپ سواری بکەن هەم بۆ سلامەتی خۆیان و ئەسپەکەش وە هیوادارم پەرە بە زیاتر بە ئەسپ و راگرتنی ئەسپ بدرێت چونکە ئەسپ بەرەکەتەو ئەوەی لە توانایی دایە رایی بگرێت.
