خەبات: تریفە ئازاد:- لەگەڵ قسەكردن لەبارەی هەڵبژاردن، پرسێكی دیكەش بۆتە رۆژەڤ و جێی گفتوگۆ، بەتایبەتیش دوای ئەوەی بابەتی كۆتای پێكهاتەكان، لەلایەن چەند حزبێكەوە وروژێدرا، بەو مەبەستە كە لەسەر مافی پێكهاتەكان كەم بكرێتەوە. ناكۆكیی حزبی بە ئاقارێك گەیشتووە، لەسەر حیسابی پێكهاتەكان، حزب بەدوای دەسكەوتی خۆیانەوە بن، بۆیە پێكهاتەكان و پسپۆرانی بواری دەستوور و یاسا، لە گفتوگۆیەكی چڕدان، بۆئامادەكردنی پرۆژەیەك و بەرزكردنەوەی بۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان. خەبات بە پێویستی زانی لەوبارەیەوە د. سۆلاف كاكەیی بدوێنێ، كە هەم پسپۆرە لە یاسای دەستووری و مامۆستایە لە زانكۆی سەلاحەدین، هەم یەكێكیشە لە بەشداربووە كاراكانی گفتوگۆی كۆتای پێكهاتەكان:
* تا ئێستا چەند كۆبوونەتان كردووە بۆ بابەتی یاسای پێكهاتەكان؟
– ئەم پڕۆژەیە لە لایەن (ڕێكخراوی دیدار كە تایبەتە بە پرسەكانی گەشەپێدان و پێكەوە ژیان ومافەكانی مرۆڤــ) ئامادەیی بۆ كرا، بانگهێشتی نوێنەری پێكهاتەكان كرا، بۆ گفتوگۆ وئاڵوگۆڕكردنی ڕا و بۆچوونیان لە سەر سیستمی كۆتای پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها داكۆكیكردنی نوێنەرەكانیان بۆ مانەوەی ئەم سیستمە وەك مافێكی ڕەوایان، شان بە شانی پێكهاتەكانی تر، كە بە زۆرینە لە كوردستان دادەنرێن.
سەرەڕای جەخت كردنەوە، لە گرنگیی سیستمی كۆتا، لە پێناو مسۆگەركردنی بەشداری سیاسیان لە پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان، چ لە سەر ئاستی دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان) ، یان دەسەڵاتی جێبەجێكردن (حكومەت).
* ئایا هێشتا پرۆژەیەك گەڵاڵە كراوە و بە تەمای كۆبوونەوەی دیكەن، كە كۆبوونەوەكانتان تەواو بوو ئەو ئەنجامەی پێی دەگەن بۆ كوێی دەنێرن؟
– ئەم دانیشتن و گفتوگۆیانە، بریتین لە دەسپێكێك بۆ زنجیرە دانیشتنێكی تر لە ئایندە، لە پارێزگای هەولێر، هەروەها لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ دەستنیشانكردنی ئاستەنگ و پێشهاتەكان لە بەرامبەر سیستمی كۆتای پێكهاتەكان. لە كۆتاییدا پێشكەشكردنی پڕۆژەی یاساكە، بۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان وەك دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە هەرێمی كوردستان.
گرنگی پرسی سیستمی كۆتا بۆ ورووژاندنی ئەم بابەتە لە لایەنە سیاسیە كوردستانیەكان دەگەڕێتەوە، جا چ لەسەر ئاستی پارتێكی سیاسی بێ، یان وەك هەڵوێستێكی كەسیی كەسایەتییە سیاسییەكان.
هەر بۆیە، سیستمی كۆتای پێكهاتەكان، بووە مایەی ناكۆكی لایەنە سیاسیەكان، بە تایبەتی دوای بەرزكردنەوەی داوای لابردنی ئەم سیستمە، بە بیانۆی ئەوە، كەوا نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان نین. ئەمەیش، بێ گومان، بووەتە مایەی ناڕەحەتی و گفتوگۆی توند و تۆمەتباركردنی یەكتر، بە پەراوێزكردنی مافی پێكهاتەكە و كاركردنی نوێنەرەكەیان، بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی ودەورووبەری.
* لە ڕووی دەستوورییەوە چۆن سەیری یاسای كۆتاكان دەكەن؟
– لە ڕاستیدا، هەرێمی كوردستان خاوەنی دەستوری تایبەتی خۆی نیە، (واتا ئەو دۆكیۆمێنتە نووسراوە، كە بە دەستور یان هەروەك لە هەندێ وڵات بە یاسای بنەڕەتی ناودەنرێ، هەر چۆن وەك یاسای بنەڕەتی بۆ ساڵی 1925 لە عێراقی سەردەمی پادشایەتی، هەروەها ئەڵمانیا بۆ دەستورەكەی بۆ ساڵی 1949ی هەمواركراو، كە پێی دەوترێ Grundgesetz بە ئەڵمانی یا خود Basic Law بە ئینگلیزی واتا یاسای بنەڕەتی).
بەڵام لە هەرێمی كوردستان، چەندین یاسای گرنگ هەین، كە بە یاسای دەستووری دادەنرێن، وەك یاسای هەڵبژاردن، یاسای پارتە سیاسییەكان، یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، یاسای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، یاساكانی دەسەڵاتی دادوەری، یاسای بودجە …. هتد.
ئەمانە و چەندین یاسای تر، كە پەیوەندیی بە دەسەڵاتە گشتییەكان و شێوازی بەڕێوەبردنی هەرێم، هەروەها ماف و ئازادییە گشتییەكانی هاووڵاتیان هەیە، كە بە یاسای دەستووری دادەنرێن.
ئەمە لە لایەك.
لە لایەكی ترەوە، سیستمی كۆتا بە یاسا ڕێكنەخراوە، واتا یاسایەك نیە بە ناوی یاسای كۆتا، (چ ئەم كۆتایە بۆ پێكهاتەكان بێ یان بۆ ئافرەت)، بەڵام ئەم بابەتە وەك زەروورەتێك بۆ پاراستنی مافی كەمینەكان و بەدیهێنانی سەقامگیری و پێكەوەژیان، لە لایەن سەركردایەتی سیاسی بەرەی كوردستانی لە بەرواری 8ی نیسانی 1992 بڕیاری لەسەر درا.
ئەم زەروورەتە، بووە ڕاستییەكی دەستووری یاسایی، لە یاسای هەڵبژاردن ژمارە 1 بۆ ساڵی 1992، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆ كوردستانی عێراق، لە 19ی ئایاری 1992 (ناوەكە بۆ پەرلەمانی كوردستانی عێراق گۆڕا، بە پێی بڕگەی یەكەم لە مادەی یەكی یاسای هەمواركردنی چوارەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ كوردستانی عێراق ژمارە 2 بۆ ساڵی 2009 ).
ئەم نەریتە دەستوورییە پەیڕەو كرا و بووە مایەی ڕێزی لایەنە سیاسیەكان، لە هەڵبژاردنە یەك لە دوای یەكەكانی هەرێمی كوردستان، تاكو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی 2018 وەك پێویستییەك بۆ پاراستنی سەقامگیری و مسۆگەركردنی بەشداری سیاسی سەرجەم پێكهاتەكانی كوردستان.
بەڵام پرسی نوێنەرایەتیكردنی پێكهاتەكان، لە دەسەڵاتی یاسادانانی هەرێمی كوردستان (پەرلەمان)، بووە مایەی تانەگرتن و داوای هەڵوەشاندنەوەی لە یاسای هەڵبژاردنی داهاتوووە، ئەم داوایە لە لایەن نوێنەری پێكهاتەكان بە هەڕەشە ڕاڤەكرا و هەموو هەوڵ وكۆششیان بۆ ئەوەیە، ئەم سیستمە دەستكاری نەكرێ وبمینێتەوە.
بگرە هەندێ لایەن بە كەمترین مافی خۆیان دایدەنێن، چونكە پێیان وایە تەرخانكردنی ژمارەی كورسییەكان، لە ڕووی ژمارەوە تەعبیر لە قەبارەی ڕاستەقینەیان ناكات.
هەر بۆیە، پێم وایە بە هۆی ئەم گفتوگۆ و ناكۆكییە لە سەر سیستمی كۆتا، بە تایبەتی كۆتای پێكهاتەكان، ئەمانە دەبنە پاڵنەرێك بۆ دانانی یاسای كۆتای پێكهاتەكان، واتا بە یاسایەكی جیاواز لە یاسای هەڵبژاردن، وەك هۆكارێك بۆ پاراستن و جێگیركردنی ئەم مافە سیاسییە، هەروەها لەگەڵ هەموو هەڵبژاردنێكدا، نەبێتە مایەی مشتومڕ و ناكۆكی.
*پێتان وایە تا چەند پڕۆژەی پێكهاتەكان پێشوازیی لێ دەكرێت؟
– بێ گومان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەمیشە پێشوازیی لە هەر پڕۆژەیەكی یاسایی بۆ گەرانتی مافی پێكهاتەكان كردووە، بۆ نموومە:
بڕیاردان لە سەر سیستمی كۆتا وتەرخانكردنی كورسی بۆ پێكهاتەكان، لە یەكەم هەڵبژاردنی گشتی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، لە 15ی ئایاری 1992، دەركردنی یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان ژمارە 5 بۆ ساڵی 2015، پێكهێنانی هێزی فرقەی 6ی پێشمەرگە كە لە سەرجەم پێكهاتەكان پێكهاتووە بۆ داكۆكیكردن لە خاكی كوردستان لە شەڕی دژی داعش….
ئەمە لە سەر ئاستی حكومی بە شێوەیەكی گشتی.
بە شێوەیەكی تایبەتی، لە سەر ئاستی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەم پارتە ڕۆڵێكی گرنگی بۆ پاراستنی پێكەوە ژیان وهەبوونی نوێنەری پێكهاتەكان لە لیستی هەڵبژاردنی هەیە، بۆ ركابەری شان بەشانی كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بێ جیاوازی زمانەوانی یان ئایینی یان مەزهەبی یان نەتەوەیی …..
ئەم هەڵوێستە بووە مایەی فراوانبوونی نوێنەری پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان، واتا ژمارەیان زۆرترە لەو 11 كورسیەی كە بە پێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی عێراق بۆیان تەرخان كراوە.
پێم وایە هەڵوێستی ڕێزدار سەرۆك مەسعوود بارزانی، لە كۆنگرەی 14 لە مانگی تشرینی دووەمی 2022 بۆ دەستنیشانكردنی نوێنەری پێكهاتەی ئێزدی وەك ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕوونترین بەڵگەیە بۆ پێشوازیكردن لە هەر پڕۆژەیەك، كە ئامانجەكەی پارێزگاریكردنە لە بنەمای یەكسانی، یەكسانی نێوان هەموو هاوڵاتیانی كوردستان بە بێ جیاوازی.