سوورە مەرگەیی
دوای جەنگی جیهانی دووەم گەندەڵی سەرتاپای جومگەکانی بەریتانیای تەنی، خەڵک بە ناچاری پەنایان بۆ چەرچڵ برد کە سەرۆک وەزیران نەمابوو، دوای ئەوەی باسی بوونی گەندەڵیان لەگەڵ کرد، چەرچڵ گوتی: دادگاکان چۆنن؟ ئایا گەندەڵی ئەوانیشی گرتۆتەوە؟ خەلکەکە گوتیان: نەخێر دادگاکان زۆر باشن، چەرچڵ گوتی: مادام گەندەڵی نەگەیشتۆتە ناو دادگاکان، چارەسەری ئاسانە، ئەوەبوو دووبارە چەرچڵ کرایەوە سەۆک وەزیران و کێشەی بوونی گەندەڵیش چارەسەر کرا.
عێراق لەگەڵ ئەو هەموو گەندەڵی و بوونی رەوەیەک میلیشیا چەکدار و تەراتێنی سیاسی و سەربازی و ئابووری و دەستوەردانەکانی ئێران، گەندەڵی نەک هەر دادگاکانی داڕزاندووە، بەڵکو لەسەر یەکلایی کردنەوەی هەر کەیسێک لە لایەن ئێران و ملیشیکانی حەشدی شەعبی ئاراستە دەکرێ و پێی دەگوترێ: چۆن بڕیار بدا و چۆن کەیسەکە یەکلایی بکاتەوە، بەڵگەش بڕیاردان لەسەر نەناردنی (٤٠٠) ملیارەکە و خۆدزینەوە لە بڕیاردان لەسەر ماددەی ١٤٠ی دەستوور و دەیان سكڵا و دۆسیەی دزی و گەندەڵی تر، کە لە ئاستیان خۆی کردووە بە کەڕەی شەربەتفرۆش، جا وڵاتێک ئەوە دادگاکەی بێ و بووبێتە گۆڕەپانی ململانێی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی و، دەیان میلیشیای چەکداری ئاراستەکراو تەراتێنی تێدا بکەن، دەبێ داهاتووی بەرەو چ تاریکستانێک ببرێ؟.