خەبات: عەلی بانیشاری:- ئەندامێكی لیژنەی نەوت و غاز لە پەڕلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ناردنی 2 ملیۆن و 160 هەزار لیتر نەوت لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان و دابەشكردنی بەسەر خێزانە كەمدەرامەتەكاندا لە ئەنجامی رێككەوتنی نێوان سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی عێراق بووە. وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت: دابەشكردنی نەوت بەسەر خێزانە هەژار و كەم دەرامەتەكاندا لە 1ی شووباتەوە دەستیێكردووە.
دكتۆر سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەڕلەمانی عێراق بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: لە كۆتا سەردانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، بەڕێز مەسرور بارزانی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕێككەوتن لەسەرئەوەی بەغدا 2 ملیۆن و 160 هەزار لیتر نەوتی سپی بێ بەرامبەر ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكات و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیش بەسەر خێزانە هەژار و كەمدەرامەتەكاندا دابەشی بكات.
لە ڕوونكردنەوەیەكدا رۆژی پێنج شەممە 2ی شووباتی 2023، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: پاش گەیشتنی 60 تەنكەر بەبڕی 2 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەبێ بەرامبەر لەلایەن حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان 20 تەنكەری ڕەوانەی كۆگاكانی نەوت و كانزاكانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران و 30 تەنكەری ڕەوانەی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەرین و 10 تەنكەر بۆ پارێزگای دهۆك و ئیدارەی زاخۆ كرا.
لە ڕوونكردنەوەكەدا ئەوەش هاتووە: بەپێی لیستی ئامادەكراو بۆ خێزانە هەژار و كەمدەرامەتەكان كە لەڕێگەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان ڕەوانە كراوە، لەڕێكەوتی 1ی شوباتی 2023 بەبڕی 100 لیتر نەوتی سپی بۆ هەر خێزانێكی هەژار و كەمدەرامەت دەست كراوە بەدابەشكردنی.
سەباح سوبحی گوتیشی: هەر لە سەردانەكەیدا بۆ بەغدا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان داوای لە سوودانی كرد نرخی هەر لیترێك لە نەوتی تەرخانكراو بۆ هەرێمی كوردستان لە 750 دینارەوە كەم بكرێتەوە بۆ 500 دینار كە كۆی گشتییەكەی 50 ملیۆن لیترە، سەرۆكوەزیرانی عێراقیش ڕەزامەندی لەسەر داواكارییەكەی بەڕێز مەسرور بارزانی دەربڕی، ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، ئەو 50 ملیۆن لیتر نەوتەی كە بەغدا ڕەوانەی هەرێمی كوردستانی دەكات، لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە بە نرخی پاڵپشتیكراو بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت، كە بۆ هەر بەرمیلێك 103 هەزار دینارە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و غازی پەڕلەمانی عێراق ڕاشیگەیاند: لە 13ی كانوونی دووەمی 2023ەوە ڕۆژانە 421 هەزار لیتر نەوت لە 50 ملیۆن لیترەكە لە بەغداوە بە تانكەر دەگوازرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و پڕۆسەكەش بەردەوامە. ئەوەشی گوت: هیچ كۆمپانیایەك نییە بە ڕۆژێك بتوانێت 50 ملیۆن لیتر نەوت بگوازێتەوە، ئەگینا تا ئێستا تەواوی ئەو بڕە نەوتە گوازرابوویەوە، پێشتر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رایگەیاندبوو، تاوەكو كۆتایی كانوونی دووەمی ئەمساڵ زیاتر لە 64 ملیۆن لیتر نەوت لە ناوچە شاخاوییەكان دابەشكراوە و پڕۆسەی دابەشكردنی نەوت بەردەوام دەبێت.