رۆشنا عەلی
حەفتەی رابردوو دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر داوای پەرلەمانتارێكی شۆڤێنی عەرەب، بڕیاریدا ناردنی سەرجەم شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێنێتەوە، ئەو بڕیارەش لە كاتێكدایە كە حكوومەتی عیراقی بەپێی دەستوور و بنەماكانی هاوبەشی لە دەسەڵاتدا، پابەند كراوە بەوەی قوت و مووچە و شایستە داراییەكان بەبێ جیاكاری بەسەر هەموو گەل و نەتەوەكانی عیراقدا دابەش بكات.
ئەو شایستە داراییانەی كە پێویستە بگاتە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، مافێكی رەوای خەڵكی بەشمەینەتی هەرێمی كوردستانە، هەرچەندە بڕیارێكی لەو جۆرە بۆ كورد هیچ نامۆ نییە، چونكە ئێمە لە رابردووشدا بە بڕیاری تاكە كەسیی دیكتاتۆری پیشووی عیراق مارانگەستە بووین و بە سەدان جار دەربەدەرو ئاوارە و نانبڕاو و ئەنفال و كیمیاباران كراوین، ئەمەی ئێستاش دادگای بە ناو فیدراڵی لەسەر سكاڵای تاكە پەرلەمانتارێك دەیكات، سەرەتایەكە و پێناچێ كۆتاییەكەی لەوەی ئیستا باشتربێت.
ئێمە بۆ ئەوەی بڵێین خەڵكی كوردستانین و لەچوارچێوەی جوگرافیای عیراق دەژین، بە جۆرێك نیازپاكیمان نیشانداوە، كە رەنگە ئەم نیازپاكییەمان باجەكەی زۆر قورس بێت، ئەی ئەوە نییە ئێمە دەرگامان بۆ نزیكەی یەك ملیۆن خەڵكی ئاوارە و لێقەوماوی ناوەڕاست و خوارووی عیراق كردۆتەوەو لەنێویشیاندا سەدان خێزان و كەسوكاری پەرلەمانتار و سیاسەتمەداری شۆڤێنی هاوشێوەی موستەفا سنەید واڵاكردووە، ئەی ئەوە ئێمە نین بەدەیان شوقە و ڤێلا و خانوومان لە هەرێمی كوردستانمان كردووە بە ناوی عەرەبەوە، كە سێ بەشیان خەڵكە سیاسی و بڕیار بەدەستەكانی عیراقن، تەنانەت كۆڵانە كۆنەكانی شارەكانیشمان ژمارەی عەرەبیان زۆرترە لە ژمارەی كورد، ئەی ئەوە ئێمە نین بە دەیان و هەزاران عەرەبی ئاوارەمان داڵدە داوە و بە هەموو جۆرێك هاوكاری و خزمەتیان دەكەین، ئەی ئەوە نییە لە كاتی قەیرانەكانی بەغدا تاكە نەتەوە و لایەنێك كە ناكۆكییەكان یەكلا دەكاتەوە وچارەسەر بۆ هەموو كێشەكانی عیراق دەدۆزێتەوە تەنیا هەرێمی كوردستانە..؟!
بەپێی قسەی یاساناسان بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیارێكی نادەستووریییە و سیاسەتمەدارانیش بە بریارێكی سیاسی و فیتنە و ئاژاوە وەسفی دەكەن، نەك یاسایی، ئەوەش لە كاتێكدایە كە نەدەبوو لەم دۆخەی ئێستا عێراقی تێكەوتووە ئەم بڕیارە بدرێت و ڕەچاوی جیاوازی پێكهاتەكانی حكوومەتی نوێی عیراق و زۆرینەو كەمینەی دانیشتووان بكرێت، چونكە ئەم دادگایە لەوەتەی هەیە لەسەر ئەو بنەمایە كار دەكات، بە تایبەتی كاتێك بابەتەكە پەیوەندی بە ژیان و قوتی خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە هەیە.
دادگایەك كە شەرعیبوونی خۆی جێگای گومانە و بە تاكە بڕیارێك پەیوەندی نێوان هەرێم و مەركەز دەخاتە مەترسی هەروەك ئەوەی جەنابی سەرۆك بارزانی لە پەیامەكەی خۆی باسی لێوەكردووە ( كە ئەم دادگایە ئەجێندایەكی گوماناوی جێبەجێ دەكات و جێگای دادگای شۆڕش “محكمە سەورە”ی رژێمی پێشووی گرتۆتەوە).
بۆیە لێرەوە دەكرێت بە تەواوی لەوە تێبگەین، كە ئەجێندای ئەم حكوومەتەی ئێستای عیراق تا چەند روونە و ئایا دەكرێت و بەمجۆرە بیركردنەوەیەی ئەوان، كورد گوتەنی (دانوومان پێكەوە بكوڵێت)؟ ئەگەر ناكرێت كەواتە باشترە كورد رێگاچارەی تر بگرێتەبەر و كارتی گوشاری دیكە بەكاربهێنێت بۆ ئەوەی ئەم دادگایە و دامەزراوەكانی هاوشێوەی ئەو، نەتوانن بەشێكی سەرەكی پێكهاتەی عێراق بە بڕیارێك نانبڕاو بكەن و سیاسەت و ئەجێندای وڵاتانیان لەسەر جێبەجێ بكەن.
ئەوەی كە زیاتریش جێگای داخە دەستی دەرەكی نییە، بەڵكو ئەو هەوڵە ناوخۆییانەیە كە هەمیشە پاڵپشتی بڕیارێكی لەم جۆرەدابوون و هاندەر بوون بۆ ئەوەی بریارەكە بە نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت، بێئاگاشن لەوەی كە كورد كارتی دیكەی گوشاری بەدەستەوەیە و بەكشانەوەی كورد لە پرۆسەی سیاسی عیراق كۆی پێكهاتەی حكوومەت و دامودەزگاكانی دەكەونە فەراغێكی یاسایی و ئیداری، كە ئەوەش دواجار بە هەڵوەشانەوەی حكوومەتی تازە پێكهاتووی عیراق بەكۆتادێت و لەو حاڵەتەشدا دیسان شەقامی عیراقی دەبێتەوە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكان، بێگومان ئەمجارە كوردیش دەستەوەستان و تەماشاكار نابێت.