مافپەروەر:كاروان محەمەد سینۆ
* دادگای بەناو(ئیتیحادی) بەپێی یاسا؛ دانەمەزراوە
* بەپێی بنەما گشتییەكانی یاسا (القواعد القانونية العامة)؛ بڕیار و بۆچوونەكانی (دادگای ئیتیحادی) ناسایی و نادەستووری و نا مولزەمن.
بێشك هەركاتێك دەرفەتێكی گونجاو دروست بووبێت بۆ لێك نزیك بوونەوە و چارەسەركردنی دەستوورییانەی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، بە(فیتي)! كەسێك یاخود لایەنێك؛ دادگای بەناو(دادگای ئیتیحادی) هاتووە و فیتنە و كێیسێكی دوژمنکارانە دژی هەرێمی كوردستانی وروژاندووە و لەولاشەوە بڕیارێكی دوژمنکارانەی دژی هەرێمی كوردستان دەركردووە. لەكاتێكیدا كە (دادگای ئیتیحادی) دایگاێكی ناشەرعی و نادەستوورییە لەرووی پێكهاتن و پێكهاتەكانی. لێرەدا بەپێی دەستور و پێشینەكان ئەم ڕاستییەی سەروە بۆ ڕای گشتی روون دەكەینەوە.
*ئەجندای گوماندار لە (دادگای ئیتیحادی)دا
لەم پارەگرافەی نوسینەكەمدا؛ كە دەستەواژەی (گوماندار)م بەكارهێناوە ، واتا بەڵگەیەكی ئەوتوم لە بەردەست نییە كە ئەم ئەجندا گوماندارە دیاری بکە، بەڵام هەڵبەت كە(دووكەڵ دەبینرێ نیشانەی ئەوەیە کە ئاگرێك هەیە). ئەگەر لەبیرمانبێت ؛ ئێمە و ئێوەی بەڕێزیش دوكەڵ و تەپ و تۆزی (دادگای ئیتیحادی)عێراق دژبە هەرێمی كوردستان چەندجار بینیومانە. بۆ نموونە:
یەکەم: لە 13ی شوباتی 2022 دادگای بەناو(ئیتیحادی) بەربژێرایەتی بەرێز هۆشیار زێباری بۆ سەرۆكایەتی كۆماری عێراق ڕەت كردەوە لە بەرژەوەندنی هاوپەیمانیێكی كەمینەی نزیك لە (وڵاتێكی ئەقلیمی) ، لەكاتێكدا بەگەواهی هەموو خەڵکی کوردستان عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرێز زێباری سیاسەتمەدارێكی لێهاتوو و ناسراوی هەرێمی كوردستانە و بەربژێری (هاوپەیمانیێكی) سیاسی بوو كە خاوەنی زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان بوون، بڕیاری ڕەتکردنەوەی بەڕێزیان لە لایەن دادگای بەناو(ئیتیحادی) ئاڵوزی و پشێوی ناسەقامگیرییەکی زۆری خستە نێو پرۆسەی سیاسی ئەوكاتی عێراق كە چەند مانگێكی خایاند.
دووەم: لە هەمان مانگدا و بەدیاركراوی لە 15ی شوباتی 2015 ، دادگای بەناو (دادگای ئیتیحادی) بڕیارێكی دیكەی دوژمنكارانە دژی هەرێمی كوردستانی دەرکرد، ئەویش بڕیاری بە نایاسایی کردنی یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان بوو ، لەكاتێكدا كە تاكو ئێستاشی لەگەڵدابێت عێراق خۆی یاسای نەوت و گازی نییە. ئەمەش جێگای گومان و سەرسورمان و هەڵوەستەیە كە ئەم دادگایە لەماوەی چەند رۆژێكدا دووبڕیاری دوژمنانە دژی هەرێمی كوردستان دەربكات لە بارودۆخێكی سیاسی ناسك و هەستیاردا.
سێیەم: هەروەها لە هەفتەی رابردووشدا 25ی كانونی دووەم 2023، دیسان دادگای بەناو(ئیتیحادی) بڕیارێكی دیكەی دوژمندارانە بەرامبەر هەرێمی و خەڵك و مووچەخورانی كوردستان دەركرد كە هەر لە بڕیارەكانی (مەحكەمەی سەورەی سەددام حوسین) دەچێت، بە ڕێگری كردن لە ناردنی بەشێك لە شایستە دارییەكانی هەرێمی كوردستان كە مافێكی رەوای خەڵكی كوردستانە.
ئەگەر تێبینی و هەڵوەستە لە كات و شێواز و بارودۆخی دەچوونی ئەم بڕیارانە بكەین، ئەو گومانەمان لەلا پشتڕاست دەبێت كە بەڵێ ئەم دادگایە دەستێك و ئەجندایەكی دەرەكی لە پشتیەوەیە و ئاراستەی دەکات ڕووەو بەرژەوەندی سیاسەتی فرانخوازی و دەستوەردانی (وڵاتێكی ئەقلیمی) لە كاروبار و ناوەندی بڕیاری عێراق. ئەمەی سەرەوە چەند نموونەیەك بوون كە گومان لە كار و بڕیارەكانی دادگای بەناو(ئیتیحادی) پشتڕاست دەکات. ئێستا ماوە نادەستووری ئەم دادگایە بەبەڵگە بۆ ڕای گشتی بخەینەروو.
*چۆن (دادگای ئیتیحادی) نادەستوورییە؟
شایانی باسە، دوابەدوای روخانی ڕژێمی سەددام حوسێن، (دادگای ئیتیحادی)عێراق بەپێی ماددە (44)ی (قانون ادارة الدولة للمرحلة الانتقالية) دامەزرا بەڵام لەم ماددەیەدا هاتووە (كە دەبێ لەعێراقدا بەپێی یاسا دادگایێك پێكبهێنرێ و بە دادگای ئیتحادی ناوبنرێ) لەم ماددەیەدا دەبینین كە جەخت لەوەكراوە كە دەبێ دادگاكە بەپێی (یاسایێك) دابمەزەرێ، كەچ تاكو ئێستا (كاتی نوسینی ئەم گوتارە) ئەو یاسایە بوونی نییە و تەشریع نەكراوە. لەجیاتی ئەو یاسایە لە 17ی3ی2005 دادگای بەناو(ئیتیحادی) بە فەرمانی ژمارە(30) ساڵی 2005ی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەوكاتی عێراق و بە ئیمزای (ئەیاد عەلاوی / سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق) بڕیاردرا كە دادگاكە پێكبهێنرێ، ئەمەش بازدانێك بوو بەسەر خودی ماددە (44)ی (قانون ادارة الدولة للمرحلة الانتقالية) كە دەبوایە بەیاسایەكی دەرچوو لە پەرلەمانی عێراق دادگای ئیتیحادی دابمەزرایە نەك بەفەرمانێكی كۆماری؛ هەروەك لە ماددە (44)ی (قانون ادارة الدولة للمرحلة الانتقالية) ئاماژەی پێكراوە و بەپێویستی زانیوە. كەواتە لێرەدا دادگای(ئیتیحادی)ئێستای عێراق نا شەرعی و نا دەستوورییە.
لەلایەكی دیكەشەوە پێكهاتەی (دادگای ئیتیحادی) لەرووی ژمارەی ئەندامان و پێكهاتەكانی دیكەی و چۆنیەتی كاركردنیانیان پێچەوانەی ماددەی (92) دەستوورە، چونكە لە ماددەی (92)ی دەستوردا هاتووە كە (دادگای ئیتحادی باڵا پێكدێت لە ژمارەیەك دادوەر و شارەزایانی فقهی ئیسلامی و شارەزانی فقهی یاسایی، كە ژمارەیان و چۆنیەتی هەڵبژاردنیان و چۆنیەتی كاری دادگاكە بە یاسایێك دیاری دەكرێ كە پەرلەمانی دەریدەكات بە زۆرینەی دوو لەسێی پەرلەمانتاران). ئەم مەرجە و ئەم یاسایە كە دەستوور دیاری دردووە هەرگیز لە پێكهاتن و پێكهاتەی (دادگای ئیتیحادی)عێراقمان نەدیوە، ئەمەش پێچوانەی دەستووری هەمیشەیی عێراقە.
لەئەنجامدا بۆمان دەردەكەوێت كە (دادگای ئیتیحادی) دادگایەكی نادەستوورییە و بەپێی ئەحكامی دەستووری عێراق دانەمەزراوە، بۆیە(دادگای ئیتیحادی) جەوهەری پیشەیی و دادگەریی خۆی لەدەستداوە و بەپێی بنەما یاساییە گشتییەكان (القواعد القانونية العامة) بڕیار و بۆچوونەكانی ناسایی و نادەستوورین و دادگاکە بەم شێوەی كە ئێستا هەیە؛ مافی كاركردنی نییە و بڕیار و ڕادەربڕینەكانی نایاسایی و نادەستوری و نامولزەمیشن.