خەبات: رەنجبەر بەرزنجی
رێکخراوى رۆشنبیری هاتوچۆی کوردستان وەک رێکخراوێکى کۆمەڵگەى مەدەنى لە ماوەى چەند ساڵى رابردوو چەندین چالاکى جۆراوجۆری لە بواری رۆشنبیری هاتوچۆ بە ئەنجام گەیاندووە هەربۆیە لە دیدارێکدا لەگەڵ خەبات (تەها مەهدی حاجى) سەرۆکى رێکخراوەکە بەمشێوەیە باسى لە چالاکییەکانى رێکخراوەکە و رۆڵ وکاریگەری رێکخراوەکان لە رۆشنبیری هاتوچۆ لە هەرێمى کوردستان کرد.
رێکخراوی رۆشنبیری هاتوچۆى کوردستان
سەرەتا (مەهدى تەها) سەرۆکى رێکخراوى رۆشنبیری هاتوچۆی کوردستان لە پێناسەى رێکخراوەکەیان وتى : ئەم رێکخراوە لە (٢٠١٤) دامەزراوە و مۆڵەتی فەرمی لە فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکان وەرگرتووە ، رێکخراوێکی کوردستانییە و تایبەت نییە بە ناوچەیەک یاخود شارێک ، ئەم رێکخراوە موڵکی هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆیەکانی کوردستانە ، ساڵانە لە سەرجەم شارەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی کاروچالاکی ئەنجام دەدات ، رێکخراوی رۆشنبیری هاتووچۆی کوردستان رێکخراوێکی قازانج نەویستە و تائێستا ئێستاش هیج پاڵپشتییەکى ماددی نەکراوە .
چالاکییەکانى رێکخراوەکە
لەبارەى چالاکییەکانى رێکخراوى رۆشنبیری هاتوچۆی کوردستان سەرۆکى رێکخراوەکە گوتى : وەک رێکخراوی رۆشنبیری هاتوچۆی کوردستان هەرگیز دەستەوەستان نەوەستاوین و رێکخراوەکەمان لە ماوەی (٩) ساڵی تەمەنی خۆیدا دەیان و سەدان چالاکی جۆراو جۆرى لە سێکتەری هاتوچۆ لە سەرچەم شارەکانی کوردستان ئەنجام داوە ، خاوەنی چەندان کۆنفرانس و وۆرک شۆپ و سمینار و بڵاوکردنەوەی پرۆشەر و نامیلکەی تایبەت بەرێنمای و هێمایەکانی هاتووچۆ و کردنەوەی پێشانگای رووداوەکانی هاتوچۆ بووە، لە ساڵی رابردووش کۆمەلێک چالاکیمان تایبەت بە هۆشیاری و رۆشنبیری هاتوچۆ لە شارەکانی کوردستان بە بێ ئیمکانیات و بەبێ داهات لەسەر گیرفانی خۆمان ئەنجامداوە و کۆمەڵێک سمینار و وۆرک شۆپ و نامیلکەی تایبەتمان لە قوتابخانە و باخچەکان بڵاوکردەوە ئەمیش لە رێگای بەرێوەبەرایەتی پەروەردەکانەوە و توانیمان زۆرترین قوتابخانە و باخچەی ساوایان بەسەر بکەینەوە و وابکەین کە رۆشنبیری و هۆشیاری هاتوچۆ رەنگ بداتەوە لە کاتی چوونیان بۆ قوتابخانە و باخچەکان، تەنانەت لە ترافیکەکان رێنمای تایبەت بە هۆشیاری و رۆشنبیریمان بەسەر شوفێرەکاندا بڵاو کردەوە، ئەمە وێراى هەڵواسینى چەندان پۆستەر لە شوێنە گەشتیارییەکان بۆ ئەوەی شوفێرەکان پابەندی رێنمای و هێمایەکانی هاتوچۆ بن .
رۆڵ وکاریگەری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هۆشیاری و رۆشنبیری هاتوچۆ
هەر لەدرێژەى قسەکانیدا سەرۆکى رێکخراوى رۆشنبیریی هاتوچۆی کوردستان لە بارەى رۆڵ وکاریگەری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هۆشیاری و رۆشنبیری هاتوچۆ گوتى: رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئیستادا رۆڵێکی باش و کارا دەگێرن لە نێو کۆمەڵگا ، رێکخراوەکان بوونەتە زمانحاڵی کۆمەڵگا و داواکاری و خواستەکانی کۆمەڵگا دەگەینن بە لایەنی بەرپرس و بەرپرسەکانی حکوومەت، سێ رێکخراوی تایبەت بە رۆشنبیریی و هۆشیاری و سلامەتی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان هەن، دەتوانم بڵێم لە ئێستا دا تاکە رێکخراو لە هەموو کوردستان و تەنانەت عێراقیش کە کار دەکات لەسەر رۆشنبیری شوفێر و قوتابیان و هاووڵاتیان بۆ ئەوەی تووشی رووداو و کارەساتی هاتوچۆ نەبن، رێکخراوی رۆشنبیری هاتوچۆی کوردستانە ، کە بۆتە جێگای ئومێدی هاوڵاتیان بە گشتى و قوتابیان بەتایبەتى ، رۆژانە و هەفتانە لە لایان بەرێوەبەری پەروەردەکان و بەرێوەبەری قوتابخانەکان داوامان لێدەکرێت بجینە قوتابخانەکان و چالاکی و سمینار بۆ قوتابیەکان ئەنجام بدەین ، بەڵام لێتان ناشارمەوە بە هۆی نەبوونی هیج پاڵپشتییەکى ماددی ناتوانین بگەینە دەرگای هەموو قوتابخانەیەک ، لە کۆیە و هەڵەبجە و دوکان و ئیدارەی گەرمیان و زاخۆ پەیوەندیمان پێوە دەکەن کە بجین چالاکی لێ ئەنجام بدەین بەڵام ناتوانین بجین چونکە پێویستی بە پارە و گوژمە هەیە، ئێمەش هیج بوودجەیەکمان نییە، ئەگەر حکومەت هاوکار بێت دەتوانین بگەینە سەرجەم شارەکانی کوردستان، ئەگەر تەماشای رووداوەکان بکەین ئیستا رووداوەکان لە کەمبوونەوەن و رێژەی قوربانی لەکەمبوونەوە دایە بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو. بۆ یەکەمجار رێکخراوی رۆشنبیری هاتووچۆی کوردستان، رۆشنبیری هاتووچۆی بردە ناو هۆڵەکانی خوێندن و قوتابیانی ئاشنای هێماو رێنمایەکانی هاتوچۆ کرد، توانیمان سەلامەتی هاتوچۆ بکەین بە کەلتوور کە ساڵانە قووتابخانەکان داوامان لێ بکەن کە چالاکیان بۆ ئەنجام بدەین، هەروەها کردنەوەی پیشانگای وێنەی رووداوەکانی هاتوچۆی هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان (هەولێر ، دهۆک ، سلێمانی ، هەلەبجە) بەشێکى دیکەى چالاکییەکانمان بووە، بە گشتى رێکخراوەکەمان بۆتە فێرگە و قوتابخانەیەکی گەورەی رۆشنبیری و زانستی هاتوچۆ بۆ هاوڵاتیان.