
بودجەی یەکەكانی 70 و 80ی هێزهكانی پێشمهرگه دهخرێنه سەر وەزارەتی پێشمەرگە و مووچهكانیشیان به ئیلكترۆنی دهكرێت.
ئهمڕۆ سێشهممه24ى1ى2023، فهرمانگهی میدیا و زانیاری حكوومهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاند: لیژنەی باڵای بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، پێشووتر له ڕێکەوتی 12ـی 7ی2020، لە کۆبوونەوەی سێیەمی خۆی تایبەت بە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بڕیاری دا بە میکانیزمێکی نوێ میلاک و بوودجەی هەردوو یەکەی 70 و 80 بخاتەوە سەر وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.
لەم سێ ساڵەی رابردووشدا، بۆ ڕێکخستن و یەکخستنی هێزەکانی دەرەوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، ژمارەی لیوا هاوبەشەکان له 14 لیواوە کراونەتە 19 لیوا و میلاکی وەزارەتیش له 43 هەزار و 347 پێشمەرگە بووهتە 60 هەزار و 16 پێشمهرگه.
فهرمانگهی میدیا و زانیاری ئهوهشی خستووهتهڕوو، بە مەبەستى بە ئەلیکترۆنیکردن و بەسیستەمکردنى وەزارەتى کاروباری پێشمەرگە، بڕیار درا کە مووچەى هێزەکانی پێشمەرگە لە بانکەکان و بەپێى هەژمارى تایبەت بدرێت و ئێستا ژمارەى مووچە وەرگرانى پێشمەرگە بەپێى هەژمارى تایبەتى بانک لە 5 هەزار و 818 پێشمەرگەوە گەیشتووەتە 33 هەزار و 800 پێشمەرگە.
راشگهیاندراوه، فەرماندەییەکانی هێزەکانی پشتیوانیی 1، 2ـیش کە پێشتر لە چوارچێوەى وەزارەتى کاروباری پێشمەرگەدا نەبوون، لەماوەى ڕابردوودا خرانەوە سەر میلاکی ئەو وەزارەتە کە ئەمەش وەک دەستکەوتێکى گرنگ هەژمار دەکرێت.
وەزارەتى کاروباری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێکە لەو وەزارەتانەى کە لە ڕووى چاکسازى و یەکدەستكردنی میلاکەوە، لە سێ ساڵى ڕابردوودا کارى ڕژد و گەورەى ئەنجام داوە.
لهكۆتاییدا فهرمانگهی میدیا و زانیاری حكوومهتی هەرێمى کوردستان رایگهیاندووه، كابينهی نۆیهم سوورە لەسەر جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لەنێو سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە حکوومییەکان و لەم پێناوەشدا هەنگاوی باشی بڕیوە.