بەڕێوەبەرایەتیی چالاکیی قوتابخانەکانی هەولێر مەراسیمی ڕێزلێنانی لە مامۆستا و شاعیر و نووسەر، مەسعود پەرێشان ساز کرد.
مەراسیمەکە بە بۆنەی خانەنشینبوونی مامۆستا مەسعود پەرێشان ساز کرابوو، کە ئەو لە ماوەی زیاتر لە چل ساڵ پیشەی مامۆستایەتیدا خزمەتی پێشکەش بە نەوەکانی کوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی کردووە.
هەروەک هاوەڵ و ئاگادارانی کارە ئەدەبییەکانیشی لە مەراسیمی ڕێزلێنانیدا باسیان کرد، مەسعود پەرێشان جگە لە ئەرکی میری وەک مامۆستا، شاعێرێکی هەستناسک و نووسەرێکی بەبڕشت و قەڵەمێکی هەمیشە ئامادەیە و بە زمانێکی پاراوی کوردی دەنووسێت.
هەر ئەو هاوەڵانەی باسیان لەوە کرد کە مەسعود پەرێشان بە شاعیری نەوەی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو ئەژمار دەرکرێت، ئەو خاوەنی ڕێچکە و ڕێبازی خۆیەتی لە نووسین و داڕشتنی دەقە شیعرییەکانیدا.
ئەمڕۆ مەراسیمی ڕێزلێنان لە مەسعود پەرێشان بە بۆنەی خانەنشینبوونی وەک مامۆستا بەڕێوە چوو، بەڵام لە ئەرکی ڕۆشنبیریی خۆی وەک بەرپرسی پەیوەندییەکانی ڕۆژنامەی خەبات، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یەکێتیی نووسەرانی کورد-لقی هەولێر لە خزمەتکردن بەردەوامە.