سوورە مەرگەیی
وەڵامی ئەو پرسیارەی کاک ئیدریس بارزانی کێ بوو زۆر هەڵدەگرێ، بۆیە زۆر بە کورتی دەڵێین: کاک ئیدریس بارزانی کوردێکی کوردپەروەر، سیاسییەکی وردبین و دووربین و بە سەلیقە، شۆڕشگێڕێکی بە ئیرادە و بڕوا بەخۆبوو، بۆ زیاتر ناسینی کاک ئیدریس بارزانی پێویستە بگەڕێینەوە بۆ مێژووی بەرخودانی بزووتنەوەی کوردایەتی و، بەرزی باڵای هەندرێن و سەنگەرەکانی بەرگری و ئازایەتی و لێزانی و کارامەیی سیاسی، جا ئەگەر لە مێژوو بپرسین: کاک ئیدریس بارزانی کێ بوو؟ راست و رەوان پێمان دەڵێ: کاک ئیدریس بارزانی هێزی بە بەهێزەکان دەبەخشی و نەیار و دوژمن بە بیستنی ناوی لاواز و بێهێز دەبوون.
ئەگەر لە هەندرێن بپرسین: کاک ئیدریس بارزانی کێ بوو؟ بێ دوودڵی پێمان دەڵێ: کاک ئیدریس بارزانی باڵای بەرزی من و قەندیل و هەڵگورد و گارا و مەتین بوو.

ئەگەر لە سەنگەرەکانی بەرگری بپرسین: کاک ئیدریس بارزانی کێ بوو؟ بێگومان پێمان دەڵێ: کاک ئیدرس بارزانی ورەیەک لە رابوون و تەوژمێک لە بەرخودان و خەرمانێک لە نەسرەوتن بوو، ئەگەر لە ئازایەتی و لێزانی و کارامەیی بپرسین: کاک ئیدریس بارزانی کێ بوو؟ زۆر ئازایانە پێمان دەڵێ: کاک ئیدریس بارزانی فێری کردم چۆن ئازابم و لە ترس نەترسێم.

لێدوان و قسەکردن لەسەر ژیانی سیاسی و شۆڕشگێڕی و بڕوا بە خۆبوون و کوردبوون و کوردایەتی کاک ئیدریس بارزانی، بۆ بابەیکی وەک من کە تەنها چەند جارێک بە دیداری شاد بووم و لە ئامۆژگاری و رێنماییەکانی بەهرەمەند بووم کارێکی ئاسان نییە، تەنانەت بۆ ئەوانەش کە بەردەوام لێی نزیک بوون و لەگەڵی ژیاون کارێکی ئەستەمە، چونکە ژیانی کاک ئیدریس بارزانی پڕ بووە لە نوێگەری شۆڕشگێڕی و خەبات و قوربانیدانی بەردەوام، ئەو نوێگەریەشی دەکردە وزەی بەردەوامی شۆڕش و وەڵامی قۆناغە سەختەکانی خەبات و بە ئومێدەوە روانین بۆ سەرکەوتن.

ئەوەی من لەو چەند جار بە خزمەت گەیشتنەی لێی فێر بووم و دەمەوێ لە یادی کۆچی دواییدا بیڵێم: کاک ئیدریس بارزانی پێچەوانەی زۆرێک لە سیاسی و سەرکردەکانی ئێستا و رابردوو، سیاسەتی لە هەڵوێستی شۆڕشگێڕیدا وێنا دەکرد، هەڵوێستی شۆڕشگێڕیشی لە بڕوا بە خۆبووندا پێناسە دەکرد، بڕوا بە خۆبوونیشی لە ئاستی پێشکەوتنی هزر و بیری کوردایەتیدا چڕ دەکردەوە، هەموو ئەوانەش زادەی ئەو ژینگە سیاسی و شۆڕشگێڕی و نەتەوەییە بوون کە کاک ئیدریس بارزانی تێیدا پەروەردە کرابوو، بۆیە کۆچی دوایی نەک هەر بۆ پارتی خەسارەتێکی گەورە بوو، بەڵکو کەلێنێکی وای خستە ناو بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد کە پڕ کردنەوەى زەحمەتە.

یەکەم دیدار و ئامۆژگارییەک
ساڵی ١٩٨٤و ساڵێک بەر لەوەی چەکی پێشمەرگایەتی بکەمە شان، کە ئەوکات پۆلی شەشەمی ئامادەیی بووم، لەگەڵ خدری حاجی رەسوڵ ناسراو بە خدری خەیات لە ئۆردوگای بەستەستێەوە کەوتینە رێ، دوای گەیشتنمان لە رێگای کاک حاجی دێلۆیی من داوای دیداری کاک ئیدریس بارزانیم کرد و بە دیداری شاد بووم، ئەو دیدارە بۆ من کردنەوەی دەرگای جیهانێکی جیاواز بوو، جیهانێک کە گەورەیی کوردایەتی و دوا بڕیاری شۆڕشگێڕی پێ بەخشیم.

لەو دیدار و بە خزمەت گەیشتنە، کاک ئیدریس پرسیاری بارودۆخی پارتی و رێکخستنەکانی لە سنووری دەڤەری مەرگە و پشدەر لێکرم، منیش وەک گەنجێکی خوێن گەرم و تازە پێگەیشتوو لە وەڵامدانەوە زێدەڕۆییم کرد و گوتم: کاک ئیدریس ٨٠٪ی خەڵک لەگەڵ پارتییە، سەیرێکی کردم و بە زەردەخەنەوە فەرمووی: ئێمە لەو سنوورە دوورین و ئەو جەماوەرە چۆن ئاوا ماوە، لە زەردەخەنەکەیدا ئەوەم خاێدەوە کە لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکە زێدەڕۆییم کردووە و دوای وەڵامی درووستم لێدەکات، بۆیە گوتم: کاک ئیدیس رێبازی بارزانی نەمر و خەباتی پارتی وایکردووە ئە جەماوەرە ئاوا بمێنێ، ماویەک سەیری کردم و رووی لە مامۆستا عەلی عەبدوڵا کرد و فەرمووی: مامۆستا ئەو وەڵامە چۆن دەبینی؟ مامستا عەلی عەبدوڵا کە لەو کاتەدا خەریکی نووسین بوو، دەفتەر و قەڵەمەکەی دەنا و گوتی: کاک ئیدریس ئەوە راستتیە و نکولی لێناکرێ.

دوای ئەوە کاک ئیدریس رووی کردەوە من و فەرمووی: هەڤاڵ.. لە ژیانی سیاسیتدا بۆ سەرووی خۆت نەیار و دوژمنان لەوە بەهێزتر نیشاندە کە هەن، چونکە ئێمە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دوژمن و نەیاران بەرنامەمان هەیە، جا ئەگەر دوژمن و نەیاران بە لاواز و پارتی بە بەهێز نیشان بدرێ، ئێمە دەڵێین: بەرنامەکەمان سەرکەوتووە، لە کاتێکدا وانییە و دوژمن و نەیاران بەهێزن، ئەوەش وادەکات ئێمە خاڵی لاوازی بەرنامەکەمان دەست نیشان نەکەین و لەسەر بەرنامەی کارپێکراو دەردەوام بین کە کەموکورتی تێدایە، بەوەش تووشی شکستی زیاتر دەبین، بەڵام بۆ خوار خۆت دوژمن سووک لاواز و بێهێز نیشان بدە، بۆ ئەوەی ورەیان زیاتر بەرز ببێتەوە و لەسەر خەبات و تێکۆشان و بەرگری بەردەوام بن تا سەرکەوتن.

ئەو ئامۆژگاییەی کاک ئیدریسی هەمیشە زیندوو تا ئێستاش لای من پارێزراو و کار پێکراوەە و لە ژیانی سیاسی خۆمدا پێوەی پابەند بووم و لەمەودواش پێوەی پابەند دەبم، ئەگەرچی زۆر جاران باجی پابەندبوون بەو ئامۆژگاریەم داوە، چونکە زۆرێک لە بەرپرسان پێیان خۆش نییە رەخنە لە بەرنامەیان بگری، ئەگەر بەرنامەکە وەک پێویستیش نەتوانرێ وەڵامی پیلانگێڕی دوژمنان و نەیارانی پێبدرێتەوە، لە کاتێکدا بۆچوونێکی سیاسی وەها زیان بە کۆی ئامانجە دوور و نزیکەکان و داهاتووی خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد و رێبازی بارزانی نەمریش دەگەیەنێ.