سوورە مەرگەیی
کاتێک باس لە بارزانیی نەمر و رێبازەکەی دەکرێ، بیر لە چی دەکەیەوە و چی بەبەر چاوتدا گوزەر دەکات؟ گومان لەوەدا نییە کە لەگەڵ ناوهێنانی بارزانی نەمر و رێبازەکەی، کوردپەوەر و شۆڕشگێڕان بیر لە خۆنەویستی و هەڵوێستی پەرجوو خوڵقێن و، یان بە ئازادی ژیان یان پێوە مردن دەکەنەوە، گەڕانەوەی هیوا بۆ بێهیوایان و بڕیاری بەردەوامی خەبات و بە ماڵکردنی سەنگەری بەرگری لە کوردستان، تێکەڵ بە بیری شۆڕشگێڕی و نەسرەوتنی تا سەرکەوتن دەبێ.
مێژوویەکی لێوانلێو لە شۆڕشگێڕی و خەبات و قوربانیدان، خۆرێک لە تاریکستانی ژێردەستیدا، بڕوا بەخۆبوون و هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتیمانی، پێدانی ماف بەرامبەر بە ئەنجامدانی ئەرکی پێسپێردراو، خەباتی نەپساوە لە پێناو داهاتوویەکی دوور لە زوڵم و ستەم و چەوسانەوە، بەبەر چاوی رێبوارانی کوردایەتیدا گوزەر دەکەن، جا چۆن ئێمەی کورد بە گەشتێکی سیاسی و شۆڕشگێڕی بەناو مێژووی قوربانیدان و خەباتی بەردەوامی بارزانی نەمردا کوردبوونی خۆمان دەدۆزینەوە، دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستانیش رابوونی بارزانی نەمر و رێبازەکەی وەک ئاستەنگی بەردەم درێژەدان بە سیاسەتی داگیرکاری خۆیان دەبینن، بۆیە بەردەوام پیلانی لە دژ دەگێڕن و لە هەوڵی ئەوەدان چۆن پێش بە کاریگەریەکانی بگرن و مەترسییەکانی لە خۆیان دوور بخەنەوە، بۆ ئەو مەبەستە و خستنەڕووی راستییەکان و بۆ ناسینی بارزانی نەمر و رێبازەکەی، دەپرسین: بارزانی نەمر کێ بوو؟ رێبازەکەی چییە و پابەندبوون بە رێبازەکەی تا کوێ بۆ کورد گرنگە و بۆ دوژمنانیش مەترسییە؟.
بارزانی نەمر کێ بوو؟ بۆ ناسینی بارزانی نەمر ئەگەر بە جیهانی کوردبوون و کوردایەتی، رابوون و شۆڕشگێڕی و خۆنەویستی، ئیرادە و بڕوا بەخۆبوون و، دووربینی و ئازایەتیدا نەگەڕێین، تووشی هەڵەیەکی گەورەی سیاسی دەبین و رێگای خەبات و تێکۆشان لە پێناو رزگاری و سەربەخۆیی ون دەکەین، بۆیە دەبێ بۆ ناسینی بارزانی نەمر پێناسەی کوردبوون و کوردایەتی بکەین، دەبێ بە جیهانی شۆڕشگێڕی و خۆنەویستیدا بگەڕێین، دەبێ بۆ ئاشنا بوون بە بارزانی نەمر بە هەورازی رکی ئیرادە و بڕوا بەخۆبوون هەڵگەڕێین، دەبێ لە دووربینی و بڕیاری ئازایانە بپرسین: بارزانی نەمرمان پێ بناسێنن.
کوردبوون ناسنامەیە و کوردایەتیش پارێزەری ناسنامەکەیە و نابێ لە هیچ قۆناغ و تەنگانەیەک لەبیر بکرێن و، نابێ بە هیچ سەروەت و سامانێکیش بگۆڕدرێنەوە، وەک بارزانی نەمر لە ژیانی سیاسی و خەباتی بەرەوامیدا پەیڕەوی کرد، شۆڕشگێڕی و خۆنەویستیش دوو چەمک و زاراوەن، هیچ گەلێکی ژێردەستە بەبێ گرتنەبەری ئەو دوو چەمک و زاراوە و جێبەجێ نەکردنیان وەک خۆی بە سەربەخۆیی نەگەیشتووە، ئیرادە و بڕوا بە خۆبوونیش هێزی نەوەستان بە کەسانی ئامانجدار دەبەخشن و بە لوتکەی سەروەری دەگەیەنن، ئەگەر لە دووربینی و بڕیاری ئازایانەش بپرسین: رێک هەڵوێست و کارامەیی و هەنگاونانی بارزانی نەمرت وەک نموونە دەداتێ.
رێبازەکەی چییە؟ مەبەست لە رێبازی بارزانی نەمر ئەو نەخشە سیاسی و شۆڕشگێڕی و رابوونەیە، ئەو هزروبیرە نەتەوەیی و نیشتیمانی و، ئەو ئیرادە و بڕوا بەخۆبوون و نەسرەوتنەیە، کە بارزانی نەمر لە خەباتی رزگاری نیشتیمانی کردیە چرای دەستی شۆڕشگێڕانی کورد و شەوەزەنگی ژێردەستییان پێ رووناک دەکردەوە، لە مێژوودا ئەو خۆنەویستانە کەم و دەگمەنن دوای ئەوەی لە ژیاندا نامێنن، وەک بارزانی نەمر هزر و بیرکردنەوەیان، هەڵوێستی شۆڕشگێڕی و خۆنەویستی و مێژووی بەرخودان و قوربانیدایان بووبێتە کلتوور و، نەوە دوای نەوە هێزی شۆڕشگێڕی و بەرگریان لێوەردەگرن، ئەوە بارزانی نەمر و رێبازەکەی بوون لە بەستەڵەکی ژێردەستیدا بە گڕی کوردایەتی جەستەی سڕوتەزیوی کوردبوونی گەرم کردەوە، ئەوە بارزانی نەمر و رێبازەکەی بوون، فێری کردین ژێردەستەیی رەت بکەینەوە و بە خوێن ببینە کڕیاری ئازادی و سەربەخۆیی.
پابەندبوون بە رێبازەکەی تا کوێ بۆ کورد گرنگە و بۆ دوژمنانیش جێگای ترس و دڵەڕاوکێیە؟ وەڵامی ئەو پرسیارە ناچارمان دەکات بگەڕێینەوە بۆ مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردسان، چونکە بەبێ گەڕانەوە بۆ مێژوو ئاسان نییە وەڵامی درووستی ئەو پرسیارەمان دەست بکەوێ، بە هەموو پێوەر و بەڵگە مێژووییەکان بارزانی نەمر خۆری کوردایەتی بوو لەناو تاریکستانی ژێردەستیدا و، یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی کوردی بە کلیلی کردنەوەی کۆدی رزگاری و سەربەخۆیی زانیوە و، ئەوەشی وەک سەروەتێکی نەتەوەی و شاڕێی بەردەوامی خەبات و تێکۆشان بۆ جێهێشتووین، دوژمنان و داگیرکارانی کوردستانیش ئەو شێوە خەبات و تێکۆشانەیان لەسەر درێژەدان بە سیاسەتی داگیرکاری خۆیان بە مەترسی زانیوە، بۆیە لەگەڵ دەرکەوتنی بارزانی نەمر لە رێگەی دەزگا هەواڵگری و جاسووسیەکانیان، لەناو ریزەکانی شۆڕشدا کەوتنە نانەوەی دووبەرەکی و تا ئێستاش دژ بە رێبازەکەی ئەو سیاستە پەیڕەو دەکەن، جا ئەگەر کوردایەتی و یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی سێ پایەی رێبازی بارزانی نەمر بن، ئەوجار تێدەگەین کە پابەندبوون بە رێبازەکەی بۆ کورد چەند گرنگە و دوورکەوتنەوەش لێی چ هێزێکی کاریگەر بە دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان دەبەخشێ.
چەند ساڵێکە بارودۆخی کوردستان وا دەخوازێ حزب لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بە خۆیاندا بچینەوە و، ئەو هەڵە مێژووییانە راست بکەنەوە کە بەو دۆخەی ئێستای گەیاندووین، بۆ راستکردنەوەی ئەو هەڵە مێژووییانەش دەبێ لە خۆمان بپرسین: چ هۆکارێک وایکردووە تووشی ئەو هەڵانە ببین؟ گومان لەوەدا نییە هەڵەی کوشندە دەرچوونە لە رێبازی بارزانی نەمر، دەرچوونەکەش ئەوەیە کوردایەتی کراوەتە پاشکۆی باڵادەستی حزبی و، حزبایەتیش کراوەتە پاشکۆی بەرژەندی کەسی، لێرەوە گەیشتینە دەرئەنجامێک و تونیمان هەڵە کوشندەکە دیاری بکەین و، بەبێ راستکردنەوەی ئەو هەڵەیەش ناتوانین باروودۆخەکە باش بکەینەوە.
راستکردنەوەی هەڵەکەش لەو شاکارە سیاسی و شۆڕشگێڕییەی بارزانی نەمر دایە، کە بارزانی نەمر شۆڕشگێڕانی لەسەر گەشەی بیری نەتەوەیی و خەباتی رزگاری نیشتیمانی راهێنان، ئەو شاکارەش لە فەرهەنگی سیاسی و شۆڕشگێڕی خەڵکی کوردستان بە رێبازی بارزانی نەمر ناسراوە و، پێچەوانەی ئەو غەوغا و غەڵبەغەڵبە سیاسییەی ئێستای ناو حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە، بارزانی نەمر لەو شااکارە سیاسی و شۆڕشگێڕیەیدا، کوردایەتی پێش باڵادەستی حزبی و حزبایەتیشی پێش بەرژەوەندی کەسی خست، بە درێژایی مێژووش هەر کاتێک کورد بەو شاکارەوە پابەند بووبێ سەرکەوتوو بووە و، بە پێچەوانەوە تووشی قەیرانی سیاسی و کێشەی ناوخۆیی و لێکترازان و شکست بووە، جا لێرەدا ئەرکی هەنووکەیی حزب و لایەنە سیاسییەکانە، بگەڕێنەوە سەر شاڕێی رێبازی بارزانی نەمر و کوردایەتی پێش باڵادەستی حزبی بخەن و حزبایەتیش پێش بەرژەوەندی کەسی، واتا رێبازی بارزانی نەمر بکەنەوە سەرمەشقی خەبات و سەنگەری رووبەڕوو بوونەوەی کێشە و قەیرانە ناوخۆییەکان و هەڕەشە و مەترسییە دەرەکییەکان.