خەبات: موسلیم دۆڵەمەڕی:- لەدیداری هونەری ئەمجارەماندا لەوەڵامی چەند پرسیارێكمان هونەرمەندی باژێری ئاكرێ بەرەڤان ئاكرەیی بۆ خەبات باسی لەسەرەتای كاری هونەری و ژیانی هونەری ئێستای كردوگوتی: ناوم بەرەڤان سدیق عەبدوڵڵا ئاكرەیی لە ساڵی 1995 لەئاكرێی دەلال چاوم بەدونیا هەڵێناوە وهەرلەئاكرێش خوێندنم تەواو كردووە بەشی كارگێڕی كار ,من هەرلەتەمەنی منداڵیمەوە حەزی گۆرانی گوتنم هەبوو چونكە لەنێوخێزانێكی هونەردۆستەوە پەروەردە ببووم بەتایبەت لەزووەوە فێری لێدانی ئامێری سازبووم ئەویش بەهاوكاری براكەم كە سازلێدەرێكی زۆرباش بوو.

*جگە لەبراكەت كەسازلێدەرێكی باش بووە هونەرمەندیترلەنێوخێزانەكەتان هەبووە؟
بەڵێ باوك و باپیرم دۆستی نزیكی هونەرمەندان محەمەد عارف وئەیاز یوسف وتەحسین تەها بوونە لەبەرئەوەی باپیرم زۆرێك لە گۆرانیەكانی جزیری گوتۆتەوەو بەئامێری ( گۆریندیك ) ی كەبۆخۆی دەیژەنی تۆماریكردوون, وە هەروەها كەپێشتریش باسمكرد براكەم پەروەر سازی هێنایە نێو خێزانەكەمان و ئەویش بووە هاندەرێكی زۆرباش بۆ من كە بەئەمڕۆی هونەرەكەم بگەم.

*زیاتر هۆزان وئاوازی كێ بەكاردێنی؟
هەرتێكست ومیلیۆدییەك كەلەگەڵ پەیامی منی هونەریی بگونجێت و ڕەسەنایەتی گۆرانی كوردی بپارێزێت وپێشی بخات و هەروەها بزانم كە گۆرانیەكە وەك زۆرێك لەگۆرانیەكانی پێش دەیان ساڵ بەزیندوویی دەمێننەوە بەبێ دوودڵی كاری لەسەردەكەم و دەیكەم بەگۆرانی وپێشكەشی گەلی خۆمی دەكەم.

*جگە لەگۆرانی گوتن شارەزاییت لە چ مۆزیكێك هەیە؟ وە تاچەند گرنگە هونەرمەندشارەزایی لەمۆزیك هەبێت؟
من خۆم شارەزایی باشم لە لێدانی ئامێری سازدا هەیە وە ڕۆژانە كارەهونەریەكانی خۆم پێ بەڕێدەكەم وەك پرۆڤە وتۆماركردنی گۆرانی و ئاوازی نوێ و یان بەشداریكردن لە بەرنامەیەكی هونەری وهیتر , بەبەردەوامی ئامێری سازبەكاردێنم چونكە سازڕەسەنایەتی دەنگ وسەلیقەی كوردەواری تێدایە . وەسەبارەت بەهونەرمەندان بەڵێ هەرهونەرمەندێك كەبیەوێت لەسەر ڕێبازێكی هونەری ڕاست ودروست خۆی پێبگەیەنێت پێویستە شارەزایی تەواوی لە ئامێرێكی موزیك هەبێت بۆئەوەی بتوانێت پرۆڤەكانی خۆی بەتەواوی بكات و تۆنی دروستی دەنگەكەی دیاری بكات لەكاتی گۆرانی گوتندا.

*پێتباشە كلیپەكانت لەگەڵ سروشتی كوردستان بێت یان لەگەڵ ئافرەتان؟
بەرای من ئەگەر گۆرانیەكە لەتێكست ودەنگ ومیلۆدیەكە تەواوسەركەوتووبێت ولەسەر بنكەو تام و سەلیقەی كوردی تۆماركرابێت پێویستی بە كلیپ نیە وەكو سیناریۆ چونكە گۆرانیەكە بەخۆی سەركەوتوبووە، سەبارەت بە بەشداری ئەكتەری ئافرەتەوە لەگەڵ ڕێزو حورمەتمدا ئەگەر گۆرانیەكە بۆ سەنگی ئافرەت وڤیان وخۆشەویستی كچ ودایكان هاتبێتە ئامادەكردن وسیناریۆی بۆدانرابێت ئەوا كارێكی باشە بەڵام ئەگەر گۆرانیەكە ئاستی نزم بێت وبۆ ئەوەی كەم وكوڕیەكانی گۆرانیەكەی پێبشارنەوە یان بۆسوودێكی بازرگانی ئافرەت بەكاربێنن ئەمە كارێكی نەشیاوەو نابێت هونەرمەندان هەرگیز بەمشێوەیە تەماشای گەورەیی ئافرەت بكەن.

*كوردستان وپێشمەرگە لای تۆچین؟
بۆئێمەی كورد ئەگەر هەبوونی كوردستان وەك وڵاتی ئێمە نەبێت وپێشمەرگەش وەك پارێزەری ئەم وڵاتە نەبێت , هەبوونی هونەری ڕەسەنی كوردیمان هەرگیز جوانیی و قیمەتی خۆی نابێت . من خۆم لەسەربنكەی ئازادی ونەتەوەیی و نیشتمانپەروەری كاردەكەم بەشی زۆری هونەرەكەم لەسەرهەستی نەتەوەیی وخۆشەویستی وڵات وقارەمانیەتی برا پێشمەرگەكان ئاوابووە.

*نوێترین كاری هونەریت چیە بۆهەوادارانت؟
بەڵێ دوو گۆرانی نوێم لەبەردەستایە وكاری لەسەردەكەین بەناوی ( چاڤ وهناڤ ) و ( بریناكوردان ) كەهەردووكیان لەتێكست ومیلۆدی هۆزانڤان مامۆستا ئەمین بۆتانین، بەڵام دەڵێم بەداخەوە لەبەرنەبوونی توانای ماددی كەمێك كارەكانمان دواكەوتوون پەنا بەخودا هەركاتێ كاری تۆماركردنمان تەواوبوو ئەوكات بیرلە كلیپكردنیشیان دەكەمەوە.