خەبات: ڕەمزی میرەكانی:- راِیس جیمس، یاریزانی یانەی چێڵسی ئینگلیزی و هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دانی بەوەدانا، كە ساڵی 2022سەختترین ساڵی وەرزشی بووە تاكو ئێستا، دوای ئەوەی لە یاری تیپەكەی بەرامبەر، بۆرنمۆس، تووشی پێكان بوو، جیمس، كە بەهۆی پێكان لە ئەژنۆییەوە، لە مۆندیالی قەتەڕ بەشداریی نەكرد، لە خولەكی 53 یارییەكەدا، تووشی كێشەیەك بوو لە هەمان ئەو ئەژنۆیەی كە پێشتر پێكانی هەبوو، بۆیە بە ناچاریی یاریگاكەی جێهێشت.

جیمس لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر)نووسیویەتی: ساڵی 2022سەختترین ساڵ بووە كە تاكو ئێستا بەسەرم بردووە. تەنها دەمەوێت سوپاسی هەمووتان بكەم بۆ پشتگیرییەكانتان، ئاماژەی بەوەش كردووە، بە شێوەیەكی سروشتی كاریگەری دەروونیم لەسەر بووە، بەڵام ئێستا هەوڵ دەدەم بگەڕێمەوە سەر دۆخی سروشتی جارانم، لای خۆیەوە، گراهام پوتەر، ڕاهێنەری یانەی چێڵسی، دوای یارییەكە، نیگەرانی خۆی لە پێكانەكەی جەیمس دەربڕی و هیوای خواست پێكنێكی قورس نەبێت. ئەمەو جیمس، لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوودا بۆ یەكەمجار تووشی كێشە لە ئەژنۆی بوو، ئەوەش لە كاتی یاری یانەكەی بوو، بەرامبەر یانەی میلان لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپادا.