شاندێکی هێزەکانی هاوپەیمانان سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەیان کرد و ئاماژەیان بەوەدا کە لە هاوکاری و هەماهەنگی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبن.

وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردووتەوە: “ئەمڕۆ 10ی کانونی دووەمی 2023 هەریەکە لە لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارەو میرە ،لیوا روكن نەجمەدین عومەر جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئوپەڕاسیۆنەکان و لیوا روكن كارزان بەڕێوەبەری میلاكاتی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی هێزەکانی هاوپەیمان کۆبوونەوە کە پێکهاتبوون لە كۆڵۆنێڵ فالکۆڤەر جێگری سەرۆکی تیمی راوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوررستان و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی مەشقی هاوپەیمانیەتییەکە”.

ئەوەش خراوەتە روو: “لەو کۆبوونەوەیەدا کە نوێنەری فەرماندەیی هێزەکانی 70 و 80 و هەردوو فەرماندەی فرقەكان ئامادەی بوون گفتوگۆ لەبارەی کاروباری وەزارەتی پێشمەرگە و چۆنیەتی بەرێوەچوونی پڕۆسەکانی مەشق و راهێنان بۆ كارمەندان و ئەفسەرانی فرقەكان کراو تیشکخرایە سەر هەماهەنگی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو هێزەکانی هاوپەیمانان لە عیراق و هەرێمی کوردستان”.

ئاماژ بەوەش دراوە: “هەر لەکۆبوونەوەکەدا باس لەهەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرا بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان، لەو بارەیەوە شاندی هاوپەیمان دووپاتیان کردەوە ئەوان لە هاوکاری و هەمەهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە بەردەوام دەبن و هیوایان خواست پڕۆسەی چاکسازی بەخێراتر بەرێوەبچێت”.