نیان ئەحمەد
راگەیاندن یاخود میدیا ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری هەیە لەسەر بینەر و بەکارهێنەر، دەتوانێت ڕای گشتی دروست بکات و ڕۆڵی هەبێت لەسەر گۆڕانکاریەکان،لەبەر ئەوەی لەم سات و کاتەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا میدیا کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی دەسەڵات و ڕای گشتی گۆڕینی ڕوئیای خەڵک هەیە،ڕاگەیاندن وای کردوە هەموو جیهان لەناو موبایلێکی کچکە یاخود کۆمپیوتەرەکەمان ببینین،ڕاگەیاندن و تۆرە کۆمەڵایەتیەکان چەند کاریگەری بەسەر گۆڕینی بریاری سیاسی و ئابوری و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی هەیە ئەوەندەش کاریگەری لەسەر بزنس و بازرگانی نهێنیەکانی کاری سەربازی و ئیستخباراتی هەیە، ڕاگەیاندن بریتییە لەپێدانی زانیاری لە بڵاوكردنەوەی هەواڵی ڕاست و دروست، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و پەیج و ئەکاونت و میدیای ئەلەکترۆنی زۆرن و شان بەشانی ڕاگەیاندن دەتوانێت ڕۆڵ بگێڕێت و کاریگەرییان لەسەر بەکارهێنەرانە ،دەتوانم بڵێین سۆشیال میدیا لەم کاتەدا کاریگەرترین کاریگەرە بۆ بەکارهێنەر بەڵام ڕاگەیاندنیش کاریگەری خۆی ماوە لەسەر ڕای گشتی و بینەران و وەکو شمشێری دوو سەرەیە و دوو ڕۆڵ دەگێڕێت.

یەکەم: بۆ هوشیار كردنەوەی تاكەكانی كۆمەڵگە و ئاگاداركردنەوەیان لە ڕووداوەكانی دەوروبەریان..
دووەم: لەنێو کۆمەڵگاکان هەر کۆمەڵگایەک بەپێی پێویست گونجاندنی یاساو ڕێساو کەلتوریان، بۆ ڕۆشنبیركردنی تاك و کۆمەڵگا بۆ بنیاتنانی تاك و دروستبوونی كۆمەڵگەیەكی هوشیار و تەندروست.
دووم ڕۆڵ: هەڵخەڵتاندنی تاك و چەواشەكاری لە ڕای گشتی و دروستکردنی ژاوەژاو تێکچونی باری دەرونی لەنێوچوونی تاك و داڕمانی كۆمەڵگە كە سەرەنجام دەبێتە كۆمەڵگایەكی ناتەندروست.

لێرەدا دەمەوێت باسی دوو جیاوازیەی ڕاگەیاندنی تەندروست و ناتەندروست بکەم.
1-ڕاگەیاندنی تەندروست بریتیە لەو ڕاگەیاندنەی كە تیشک دەخاتە سەر تێكڕای گیروگرفتەكانی كۆمەڵگا بەهەموو لایەناکانەوە لایەنی سیاسی و ڕۆشنبیری و ئابوری بەدواداچوون بۆ ئەو كێشەو گیروگرفتانە دەكات كە ڕووبەڕووی كۆمەڵگاکەمان دەبێتەوە، بەتایبەتی سێكتەرەكانی بەڕێوەبردنی حكومڕانی بە سیستەمی ئابوری و کارگێڕی و بەڕێوەبردنی ووڵات،پاشان هۆكارەكانی سەرهەڵدانی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان و زۆربوونی كێشەو گیروگرفتە کۆمەڵایەتیەکان دەخاتە ڕوو بۆ لایەنی پەیوەندیدار.،بێگومان ڕاگەیاندنەکان چاودێری دەکرێن لەلایەن حکومەتی هەرێم وەزارەتی ڕۆشنبیرو و لاوان بەرپرسیارێتی حکومەت بۆ ڕاگەیاندنەکان چاودێریکردن و مۆڵەت دانە،ئەویش پاڵپشت بەیاسای کاری ڕۆژنامەگەری ژمارە(35)ساڵی (2007) دەرچونی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕێنمایی ژمارە (1) ساڵی(2014) تایبەت بە ڕێکخستنی فریکوانسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی کاری ویستگەکانی ڕادیۆ تەلەفزیۆن کە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان/بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە کاری پێدەکرێت.

2-ڕاگەیاندنی ناتەندروست ئەو ڕاگەیاندنەیە کە بینەر ماندوو دەکات،باری دەرونی تێکدەدات و تاکی توڕە دروست دەکات،هەر بۆیە ئەوەی هەستی پێدەکرێت ئەم جۆرە کەناڵان بینەریان کەم بووەو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گۆشەگیر دەبێت،چونکە بینەر بەدوای بەرنامەی هەمەڕەنگ و ئاسودە بەخش دەگەڕێت و تەماشای ئەو بەرنامانە دەکات کە دەرونیان ئاسودە دەکات،لەزۆر خەڵکم بیستووە کەئیتر فڵان کەناڵ و فیسار کەناڵ ناکەینەوە لە پێناو تەندروستیمان.

هەر بۆیە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندن و پ و بڵاو کردنەوە ئەرکی چاودێری و ئاسانکاری بۆ مۆڵەت و کاری میدیای لەهەرێمی کوردستان دەکات، بەردەوام هەوڵی باشتر کردن دەدات لە قازانج و سودی کەناڵەکان بێت،کە بتوانرێت میدیایەکی تەندروست کاریگەرمان هەبێت.

ئەوەی جێگەی سەرنج تێروانیمان زۆری کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە کوردستان لە جوگرافیایەکی بچووک.ئەگەر بەراورد بکرێت لەگەڵ ووڵاتانی دەوروبەرو ناوچەکە زۆررترین دەزگای میدیاو و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە کوردستان مۆڵەتیان پێدراوە وەکو کەناڵەکانی ئاسمانی وکەناڵی لۆکاڵی ڕادیۆکان ،بەسود وەرگرتن لە ئازادی میدیایی لەم هەرێمە،بەڵام کەناڵەکان نەیانتوانیوە وەکو پێویست خزمەت بە زمان و کەلتور و هونەرو ڕۆشنبیری کوردی بکەن،ئەم هەموو داستان و ڕووداوە مێژووەی بەسەر نەتەوەکەمان هاتووە سوودی لێوەرناگیرێت تا جوانترین بەرهەمی هونەی لێهێڵنجێنن بۆئەوەی ئەم نەوە نوێیەی ئایپات و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی لێئاگادار بکرێتەوە هەر هیچ نەبێت دەتوانن لە ڕێگەی فلیم و دراما ئاشنای مێژووی خۆیان بکرێن،ڕوونتر بڵێین کەناڵەکان ئەوەندەی گرنگی بە هونەرو کەلتور و درامای بیانی دەدەن، نەیان توانیووە گرنگی بە دراما و بەرنامە کوردیەکان بدەن،بەتێروانینم ئەم هەموو دراما تورکی و فارسی و کۆری و عەرەبی کە پەخشی دەکەن لە هەموو سات و کاتێک دەرخواردی بینەرانی هەرێمی کوردستانی دەدەن، سودی بۆ بینەران نییە،ئەوەندە خەرجی لە دووبلاژکردنی دراما بیانیەکان ئەکەن دەیانتوانی کۆمەڵێک کاری هونەری کوردی بکەن خزمەتی بە کەلتورو هونەری کوردی دەکرد.