بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرھێنانی دھۆک، ساڵی ڕابردوو ڕەزامەندی لەسەر ١٢٥ پڕۆژە دراوە و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەبەرھێنانی دھۆکیش دەڵێت : ”پڕۆژەکان، زۆربەی کەرتەکان لەخۆ دەگرن و  ئەمساڵیش ئاسانکاری بۆ وەبەرھێنەران دەکرێت.”

فەلاح حاجی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەبەرھێنانی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ”ساڵی ڕابردوو کەرتی وەبەرھێنان گەشەی زۆری بەخۆیەوە بینی و ساڵی ڕابردوو لە سنووری دھۆکیش ١٣١ پڕۆژە پێشکەشی وەبەرھێنان کراوە و لەو ژمارەیە ١٢٥ پڕۆژەی وەبەرھێنان ڕەزامەندییان لەسەر دراوە و ١٦ پڕۆژەش مۆڵەتی فەرمییان وەرگرتووە و کەوتووەتە واری جێبەجێکردن و کارکردن تێدا بەردەوامە و سەرمایەی وەبەرھێنانیش لە ساڵی ڕابردوودا ١٠٥ ملیۆن دۆلار بووە.”

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەبەرھێنانی دھۆک دەشڵێت: ”ئەو پڕۆژانەی ڕەزامەندییان لەسەر دراوە لە قۆناقی بڕینی ڕێکارە یاساییەکاندان بۆ ئەوەی مۆڵەتی فەرمییان پێ بدرێت و ئەوانیش دەست بە جێبەجێکردنیان بکرێت.”

فەلاح حاجی ڕوونیشی کردەوە: ”پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لە دھۆک، زۆربەی کەرتە گشتییەکانی وەک تەندروستی و پیشەسازی و گەشتوگوزار و بازرگانی لەخۆ دەگرێت و ئێمەیش وەک وەبەرھێنان بەپێی یاسای وەبەرھێنان ئاسانکاری بۆ ھەموو وەبەرھێنەرێک دەکەین بۆ ئەوەی پڕۆژەکەی جێبەجێ بکات.”