دروستكردن و بوونیادنانی ڕێگاوبان لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، یەكێكە لە كارە بەردەوامەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەپێناو ئاسانكارییكردن بۆ هاتووچۆكردنی هاووڵاتییان و شۆفێران.
پڕۆژەی دروستكردنی ڕێگای دووسایدی دووكان – چوارقووڕنەیە، یەكێكە لە پرۆژە ستراتیژییەكانی حكومەت كە درێژییەكەی 53 كیلۆمەترە و بە سێ قۆناخ، جێبەجێدەكرێت.
لەوبارەیەوە محەممەد ئەحمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند: “قۆناخی یەكەمی پڕۆژەكە، دەكەوێتە سنووری ئیدارەی ڕاپەرین، 95٪ـی كارەكانی تەواوبووە، درێژییەكەی 18 كیلۆمەتر و نیوە، دوو سایدی چوون و هاتنە و پانیی هەر سایدێكیش 8 مەتر و نیوە”.
سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە، ئەوەشی گوت: بەتەواوبوونی قۆناخی یەكەمی پڕۆژەكە، ڕێگای كاتژمێرێك و 40 خولەكی نێوان چوارقووڕنە – هەولێر بووەتە كاتژمێرێك و 15 خولەك”.
تێچووی دروستكردنی قۆناخی یەكەمی ڕێگاكە 52 ملیار دینارە و بە سێ چین قیر ڕووپۆشكراوە، چوار پردی تێدایە كە درێژییان دەگاتە 340 مەتر، ئەوەی لەو قۆناخەدا ماوە تەواوبكرێت، تەنها كاری هێڵكاریی و جێگیركردنی هێماكانی هاتووچۆیە.