خەبات: رەنجبەر بەرزنجی- سۆران:- لە درێژەی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گەیاندنی زۆرترین پرۆژەی خزمەتگوزاری بە شار و شارۆچكەكان , ئەمساڵ لە سنووری قەزای رواندز بە گوژمەی زیاتر لە چوار ملیار دینار چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بواری رێگاوبان و ئاو و كارەبا و وەرزش و گەشتیارییەوە جێبەجێ دەكرێت , هەر بۆیە لە میانەی چەند پرسیارێكی خەبات (ئەحمەد قادر) قائیمقامی قەزای رواندز بەمشێوەیە زانیاری زیاتری خستەروو.

قەزای رواندز
سەرەتا (ئەحمەد قادر) قائیمقامی قەزای رواندز سەبارەت بەو پرۆژانەی كە لەم ساڵدا لە سنووری قەزای رواندز جێبەجێ دەكرێن وتی: لەمساڵدا لەسەر بودجەی پەرەپێدانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و وەزارەتەكان بە گوژمەی زیاتر لە چوار ملیارد دینار چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای رواندز جێبەجێ دەكرێت ئەمەش لە بوارە جیاجیاكانی وەك ئاو و كارەبا و رێگاوبان و وەرزش و گەشتوگوزارەوە , زۆرترین پشكی ئەو پرۆژە خزمەتگوزارییانەش بەر كەرتی رێگاوبانەوە كەوتووە و رێگاوبانەكان بایەخێكی زۆری پێدراوە , خۆشبەختانە بەشێكی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان تەواوكراون و بەشێكیشییان لە قۆناغی جێبەجێكردن دانە و بەشێكیشییان لە قۆناغی تەندەر دان بۆ ئەوەی بگەنە قۆناغی جێبەجێكردنەوە.

پرۆژە خزمەتگوزارییەكان
هەروەها هەر لە درێژەی قسەكانیدا قائیمقامی قەزای رواندز باسی لە ناوەرۆكی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان كرد و رایگەیاند، هەروەك ئاماژەمان پێكرد پشكی زۆری پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بەر كەرتی كارەبا كەوتووە واتە شەقام و كۆڵانەكانی سەنتەری قەزا بایەخی زۆری پێدراوە هەروەها رێگاوبانی شارۆچكە و گوندەكانی سنوورەكەمان , لە بواری كارەباش پرۆژەی دانانی وێستگەیەكی مۆبایل لە پردی حافیز هەبووە كە گوژمەكەی زیاتر لە ملیارێك دینار بووە و بە هۆیەوە نەك كێشەی بارزۆری سەر شارۆچكەی وەرتێ بەڵكو كێشەی بارزۆری شارۆچكەی سمیلانی سنووری قەزای چۆمانیش چارەسەر دەبێت چونكە ئەگەرچی وێستگەكە لە سنووری قەزای رواندزە بەڵام ئەركی گەیاندنی كارەبای بە شارۆچكەی سمیلانیشی لەسەرە , هەر لە بواری كارەبا چەند پرۆژەیەكی دیكەشمان هەیە بۆ گوندی بەرزێوە و سەنتەری قەزا ئەمەش بە دانانی محاویلەی كارەبا , جیا لەو پرۆژانەی كە باسمان لێوەكرد پرۆژەی سەرچاوەی ئاوی مێگرمان هەیە كە یەكێكە لە سەرچاوە كۆنەكانی ئاوی قەزای رواندز كە پێشتر تاكە سەرچاوە بووە و بە هۆی كۆنی و بە فیرۆدانی ئاو پرۆژەیەكی دیكە جێبەجێ دەكرێ كە بە هۆیەوە جگە لە بابەتی چارەسەركردنی كێشەی بە فیرۆدانی ئاو , ئاوێكی زیاتر دەگەیەنێتە قەزای رواندز , لە بواری گەشتیاریش چەند پرۆژەیەكی جوانكاری دەروازەكان و دانانی كەپر و رێرەوی هاتوچۆمان هەیە , هەروەها لە بواری وەرزش , پرۆژەی یاریگای تۆپی پێی رواندزمان هەیە كە لە كاركەوتبوو و سوودی لێنەدەبینرا كەچی ئێستا بە گوژمەی (250) ملیۆن دینار لە ژێر نۆژەنكردنەوە دایە , ئەمەش بۆتە مایەی دڵخۆشی وەرزشوانانی سنووری قەزای رواندز.