خەبات: عەلی بانیشاری:- دابەزینی نرخی زەوی و خانوو لە سەیدسادق بەشێوەیەكە لە مێژووی قەزاكەدا بوونی نەبووە. بەوتەی خاوەن نوسینگەكانی خانووبەرە، بە رێژەی 50% نرخی زەوی و خانوو لە سەید سادق دابەزیووە. ئەوان نەبوونی خزمەتگوزاری بە هۆكاری سەرەكی دەزانن بۆ دابەزینی نرخی موڵك. باسیش لەوە دەكەن، لەبەر بێ بازاڕ بەشێك لە نوسینگەكان تەنیا بەیانیان یان ئێواران دەكرێنەوە، لە سەیدسادق نزیكەی 20 نوسینگەی خانووبەرە هەیە و هەندێكیان هەفتەی 1-2 گرێبەست دەكەن و نوسینگەش هەیە هیچ گرێبەستێك ئەنجام نادات.

مهدی محەمەد، خاوەنی نوسینگەی مهدی بۆ كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو لە قەزای سەیدسادق بە (خەبات)ـی گوت: ئەو زەویانەی لە سەیدسادق بێ خزمەتگوزارین بازاڕیان سستە، بەڵام ئەوانەی خزمەتگوزاریان پێگەیشتووە خەڵك كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكات، سەبارەت بە بازاڕی خانوو، ئەو دەڵێت: لەبەر بەرزبوونەوەی نرخی كەرەستەی بیناسازی جوڵەیەك لە بازاڕی خانوو هەیە.

گوتیشی: بە گشتیی بازاڕی كەرتی خانووبەرە سست و وەكو جاران مامەڵەی كڕین و فرۆشتن بە زەوی و خانوو ناكرێت. سەبارەت بە هۆكاری سستی بازاڕەكە، ناوبراو گوتی: نەبوونی هەلیكار لە ناوچەكە و باردۆخی سیاسی ئێران و عێراق و هەرێمی كوردستان و شەڕی رووسیا و ئۆكرانیا وایانكردووە هاووڵاتیان وەكو جاران مامەڵەی كڕین و فرۆشتن بە زەوی و خانوو نەكەن و ترسێكیان لا دروست ببێت. زیاتر گوتی: لە ساڵانی رابردوودا هاووڵاتیانی سەیدسادق باری داراییان باشتر بوو لە ئێستا، بەو هۆیەوە كڕین و فرۆشتیان بە زەوی و خانوو دەكرد تا بڕە پارەیەك قازانج بكەن، بەڵام ئێستا داهاتیان كەمیكردووە و ئەو جۆرە لە كڕین و فرۆشتن ناكەن.

لەبارەی بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی زەوی و خانوو، مهدی محەمەد گوتی: بەراورد بە پێش شەڕی داعش نرخی زەوی بە رێژەی 50-75% دابەزیووە، ئەگەر ئەو كات زەوییەك 30 هەزار دۆلاری كردبێت ئێستا 10 هەزار دۆلار دەكات، نرخی خانوویش نزیكەی 50% دابەزیووە، بۆ نمونەی پێشتر خانوومان هەبووە بای 50 هەزار دۆلار بووە، بەڵام ئێستا هەر هەمان خانوو 25 هەزار دۆلار دەكات.

خاوەنی ئەو نوسینگەیە باسیلەوەشكرد، ئەو كەسانەی داهاتی مانگانەیان مامناوەندە لە سلێمانی و پێنجوێن و شارەكانی دیكەوە دێن و لە سەیدسادق موڵك دەكڕن، چونكە نرخی زەوی و خانوو لێرە هەرزانە، بەڵام لە شارەكانی دیكە گرانە و ناتوانن بیكڕن. ئەوەشی گوت: هەر خانوویەك نرخی بەرز بێت خەڵكی نایكڕن، خانوو هەیە نرخەكەی 40-50 هەزار دۆلارە و كەس نایكڕێت، بەڵام ئەو خانووانەی نرخیان لە نێوان هەشت هەزار دۆلار تاوەكو 15 هەزار دۆلارە باشتر لە بازاڕدا دەفرۆشرێن.

نوسینگەكانی خانووبەرە لە سەیدسادق ئەگەر پێش شەڕی داعش مانگانە 20 گرێبەستیان كردبێت، ئێستا كەمتر لە پێنج گرێبەستی كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو دەكەن، ئەمە وتەی مهدی محەمەدە. ئەو دەشڵێت: لەبەر بێ بازاڕی هەندێكجار تەنیا بەیانیان یان ئێواران نوسینگە دەكەینەوە، سەركەوت عیزەت، یەكێكی دیكە لە خاوەن نوسینگەكانی خانووبەرە لە سەیدسادق، ئەو دەڵێت: ئەوەی بازاڕی پەكخستووە، بەشێكی پەیوەندی بارودۆخی سیاسی ناوچەكەوە هەیە، دۆخێك دروست بووە خەڵكی متمانەی بە بازاڕ نەماوە. دەشڵێت: لە مانگی هەشت و نۆی ئەمساڵ بازاڕی خانووبەرە زۆر سست بوو، بەڵام لە مانگی 10 و 11 جوڵەیەكی تێكەوت بەتایبەت بازاڕی خانوو، لە مانگی 12یش جارێكی دیكە وەستا.

پرسیاری ئەوەمان لێكرد نەبوونی خزمەتگوزاری تا چەند كاریگەری لەسەر بازاڕی زەوی و خانوو لە سەیدسادق هەبوو، لە وەڵامدا گوتی: نەبوونی خزمەتگوزاری گرفتی سەرەكییە، چونكە زیاتر بازاڕی ئەو گەڕەكانە خراپە كە خزمەتگوزاری پێنەگەیشتووە، دەشڵێت: نەبوونی خزمەتگوزاری زۆر زیانی بازاڕی خانووبەرە لە سەیدسادق داوە، ئەگەر خزمەتگوزاری بگاتە چەند گەڕەكێك نرخی زەوی و خانوو 50% بەرزدەبێتەوە.

سەركەوت عیزەت ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی ئەوەی خەڵێكی زۆر لە شارەكانی دیكەوە روو لە سەیدسادق دەكەن، خانووی كرێ لە قەزاكەدا دەست ناكەوێت. گوتیشی: ئەوەی نەتوانێت لە سلێمانی و هەڵەبجە و پێنجوێن بژی، دێتە سەیدسادق، چونكە لێرە نرخی هەموو شتێك لەچاو شارەكانی دیكە هەرزانترە. بەپێی بەدواداچوونەی (خەبات)، نرخی كرێ خانوو لە سەیدسادق لە 80 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات بۆ 150 هەزار دینار.

راشیگەیاند: بەمەبەستی فرۆشتن، زەوی و خانوویەكی زۆر لە نوسینگەكان خراونەتەڕوو، بەڵام كڕیار كەمە. خاوەنی ئەو نوسینگەیە باسیلەوەشكرد، ئەو موڵكانەی كەوتوونەتە سەر شەقامە سەرەكییەكانی ناو قەزای سەیدسادق و بە موڵكی بازرگانی ناسراون، كڕیاریان زۆرە و نرخیان لە هەندێك موڵكی سلێمانیش بەرزترە.

بەپێی ئەو بەدواداچوونەی (خەبات) كردوویەتی، بەراورد قەزاكانی دیكە زۆرترین زەوی و خانوو لە سەیدسادق تاپۆكراون، بەڵام كەمترین خزمەتگوزاری گەیشتووەتە بەشێك لە گەڕەكە گەورەكانی شارەكە، بە تایبەت گەڕەكەكانی (فەرمانبەران، باوەكوژیاو، شەهیدان). سەیدسادق لە 2007 بووەتە قەزا و ژمارەی دانیشتووانەكەی نزیكەی 125 هەزار كەسە.