خەبات: ڕەمزی میرەكانی:- بەتەمەنترین ئاژەڵی وشكانی لە جیهاندا، دوای بینینی دوو جەنگی جیهانی، شەڕی ناوخۆی ئەمریكا، ڕووخانی یەكێتی سۆڤیەت و ڕاپەڕینی بێشوماری سەدەی بیستەم، یادی 190 ساڵەی لەدایكبوونی كردەوە. ئەو ئاهەنگەی كە بۆ ڕێزلێنان لە كیسەڵە كەتەكەی سیشێڵ، جۆناسان، لە دوورگەی سانت هێلینا، كە دەكەوێتە باشووری زەریای ئەتڵەسی لە بەریتانیا بەڕێوەچوو، هەفتەیەكی تەواو بەردەوام بوو.
بە گوێرەی پێوانەكانی توێكڵەكەی، جۆناسان، لە دەوروبەری ساڵی 1832 لەدایك بووە و نزیكەی 50 ساڵ تەمەنی لە سیشێڵ بەسەر بردووە، پێش ئەوەی لە ساڵی 1882دا، وەك دیارییەك بۆ والی سێر ویلیام گرای-ویڵسۆن بهێنرێتە سانت هێلینا. هەفتەی ڕابردوو، دوورگەكە بۆ ڕێزلێنان لە جۆناسان، بۆنەیەكی گەورەی ڕێكخست، دەرفەتیش بە خەڵك درا وێنەی لەگەڵ بگرن. هەروەها كێكی لەدایك بوونی خۆی خوارد، كە لە گێزەر، كاهوو، خەیار، گوێزی هیندی و سێو دروست كرابوو. جۆ هۆلینز، پزیشكی ڤێتێرنەری جۆناسان، سەرەتای ئەمساڵ ڕایگەیاندبوو، گومانی هەیە جۆناسان لە تەمەنە خەمڵێنراوەكەی گەورەتر بێت. بەپێی تۆماری گینس بێت، ژمارەی پێوانەیی پێشووی بەتەمەنترین كیسەڵ، بە ناوی (توی مالیلا) بوو كە لە ساڵی 1777دا بە دیاری بەخشرا بوویە بنەماڵەی شاهانەی تۆنگا و لە ساڵی 1965 و لە تەمەنی 188 ساڵیدا مرد.