ئێوارەی   یەكشەممە لۆر پیكیۆ داواكاری گشتیی شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا رای گەیاند ئەو كەسەی بە تۆمەتی كوشتنی سێ هاووڵاتیی كورد لە پاریس دەستگیر كراوە، لە كاتی لێكۆڵینەوەكاندا دانی بەوەدا ناوە كە رقی لە خەڵكی بیانییە.

پیكیۆ ئەوەشی گوتووە كە تۆمەتبارەكە ئاماژەی بەوە داوە ساڵی 2016 دزی لە ماڵەكەی كراوە، بەم هۆیەوە رقی زۆری لە پەنابەران بووەتەوە، تا وای لێ هاتووە دۆخەكەی بووەتە نەخۆشیی دەروونی.

رۆژی هەینیی رابردوو، پۆلیسی فەرەنسا پیاوێكی تەمەن 69 ساڵی دەستگیر كرد بە تۆمەتی كوشتنی سێ هاووڵاتی كورد لە قاوەخانەیەكی كوردانی پاریس.

بەهۆی ئەم ڕووداوەوە،  هه‌زاران هاووڵاتی كوردی نیشته‌جێی پاریس بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی له‌ دژی كوژرانی سێ هاووڵاتیی كورد كە دەڵێن چالاكوان بوون، خۆپیشاندانیان ئه‌نجام دا.