خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- هادی رەشید حەسەن ناسراو بە (مام هادی رۆژنامەفرۆش)، لەدایكبووی ساڵی 1969 ی شاری هەولێرە و ، بەڵام مەخابن لەبەر بارودۆخی سەخت و دژواری ژیان و گوزەرانی خێزانیی ، نەیتوانیوە خوێندن تەواو بكات، ئێستاش لە پێناو ژیان و رسقی خۆی و خێزانەكەی لەبەرامبەر سەرقەبرانی خوار داونتاون (بە هاوشێوەی بەهجەتی رۆژنامەفرۆش) كتێبخانەیەكی چكۆلەی هەیەو بەكاری فرۆشتنی كتێب وگۆڤارو رۆژنامەكانەوە سەرقاڵە،بەتایبەتی كۆنە كتێب و گۆڤارو رۆژنامە، وەك خۆشی گوتەنی : لەساڵی 1984 ەوە، واتە نزیكەی چل ساڵی رەبەقە لە ناو مەملەكەتی كتێباندا دەژیم و رۆژانەلەگەڵ كتێب ورۆژنامەو گۆڤارەكاندامامەڵە دەكەم، هەڵبەتا لەوماوەیەدا بەتەواوی هۆگر بەجیهانی ئەفسووناوی كتێب و رۆژنامەو گۆڤاربووم ، كە بەهیچ جۆرێك ناتوانم واز لەو خولیایەو خوڵقەتی كتێب و رۆژنامەكان بێنم . قسەی خۆشمان بێت دەستی نووسینیشم هەیە.

(خەبات)یش بەپێویستی زانی ئەودیدارە كورتە لەگەڵ (مام هادی) دا سازبدات و بەڕێزیشیان بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە: لە كەیەوە ئاشنایەتیت لەگەڵ كتێبدا هەیە؟ لە ساڵی 1984 ەوە سەرقاڵی فرۆشتنی كتێب و رۆژنامەو گۆڤارەكانم و واتە نزیكەی 40 ساڵێك دەبێت لە ناو نیشتمانی جوانی كتێب و رۆژنامەو گۆڤارە كۆن و تازەكاندا دەژیم و بە دڵ خولیاو تامەزرۆی كڕین و كۆكردنەوەی كتێب ورۆژنامەو گۆڤارم، بەتایبەتی كتێب و گۆڤارو رۆژنامە كۆنەكان، چونكە كۆنەكان بازاڕیان زیاترەو لای خوێنەر بەنرخترن.

*رێژەی خوێنەرو بازاڕی كتێب و رۆژنامەكان لە ئێستادا چۆنە؟
كە سەردەمی سایتە ئەلەكترۆنیەكانی ئەنتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی فەیسبووك و تویتەرن؟ حالیەن بازاڕی كتێب كزە ، وەك باست كرد بوونی سایت و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی فەییسبووك، كارێكی نەرێنی گەورەیان كردۆتە سەر كڕین و خوێندنەوەی كتێب ،هاوكات لەسەرجەم كتێبخانەكانی ناو شاری هەولێردا باشترین كتێبی بەسوود هەیە بەڵام مەخابن خوێنەریان كەمە، لە ساڵی 1995 هەتا 2003 بازاڕی كتێب زۆر باش بوو،بەڵام مەخابن لە دوای ئەوساڵەو پەیدابوونی سایتی ئەنترنێت و بەتایبەتی فەیسبووك ، بازاڕی كتێب دایە كزی و خەڵك لە كتێب دووركەوتەوە، ئومێد دەكەم خەڵك روو لە كتێب و رۆژنامەكان بكاتەوە.

*ژیان لە ناو كتێبدا چۆن دەبینی و تۆیەك تەمەنێكە لەناو كتێباندای، لەگەڵ خوێندنەوەدا چۆنی و بیرت لە نووسین نەكردۆتەوە ؟
زۆر دەخوێنمەوە و دەشنووسم، بەهرەی نووسینم هەیەو نووسینەكانیشم لە بواری زانستی سیاسی و كشتوكاڵ و ژینگەو سروشتی جوانی كوردستانی ئازادە ، هەڵبەت نووسینەكانم لە زۆربەی رۆژنامەو گۆڤارەكاندا بەناوی (هادی رەشید) بڵاوكردوونەتەوە.

*بەرنامەو پڕۆژەی تازەتان؟
دوێنێ‌ وئێستاوهەڵبەت ئایندەش كتێبی كتێبخانەكەمم بەردەوام خستۆتە خزمەتی سەرجەم خوێنەران و بەتایبەتی قوتابیانی قۆناغەكانی زانكۆ ئەو قوتابیانەی بە دوای سەرچاوەدا دەگەڕێن بۆ نووسینی نامەو بەحسی ماستەرو دكتۆرا ،بۆیە لە بەرنامەشمدایە سەرچاوەگرنگەكانی كتێب سەبارەت بۆ مێژووی كوردو كوردستان كۆكەمەوە و خۆبەخشانە پێشكەشی خوێنەران و بەتایبەتی قوتابیانی قۆناغەكانی زانكۆیان بكەم لە پێناو سوود لێوەرگرتنیان بۆ خوێندن واتە دەمەوێ‌ لە و رێگایەوە وەك ئەركێكی پیرۆزی نیشتمانی (بێ‌ بەرامبەر) خزمەت بە توێژی قوتابیان بكەم.

*دەتانەوێ چی بە ڕۆشنبیران و خوێنەران بڵێن؟
داوا لە خوێنەران و رۆشنبیران دەكەم ، روو بكەنەوە كتێب، چونكە كتَب گەورەترین و پیرۆزترین هاوڕێی بیرو ئاوەزو هۆشیاری مرۆڤە.